سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر کرد و بە پێویستیشی دەزانێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، “بە پاکی و شەفافەفانە و لە کەشێکی ئارامدا” بەڕێوە بچێت.
ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئابی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کڵاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد کە بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی و بە مەبەستی ماڵئاواییکردن و هەروەها ناساندنی ئاڵبێرت فۆن ویتک، وەک جێگرەوەی، سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا “کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ماوەی کارکردنی لە هەولێر هەردەم پشتیوانی بووە و پێزانینی بۆ میوانداریی و هەماهەنگیی دامەزراوەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان هەبوو. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دا کە دەبێ لە داهاتووشدا بە بایەخەوە بەردەوامیی هەبێت”.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخی بەرەوپێشەوەچوونی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای کرد و هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی ئەڵمانیا لە هەولێر خواست.
هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی لەوبارەیەوە خستەڕوو و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف و لە کەشێکی ئارام بەڕێوە بچێت”.
هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.