سەرۆکی شارەوانیی شێخان لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو

هاووڵاتییەک تەقەی لە ئۆتۆمبێلی سەرۆکی شارەوانیی شێخان کرد و ئەویش دەڵێت، “داوایەکی نایاسایی لە من کردبوو، جێبەجێم نەکرد، بۆیە هەوڵی کوشتنمی دا”.  

خالد نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانیی شێخان ڕاگەیاند، “نزیکەی کاتژمێر 10:45 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-08-2024، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەکەمان تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکەم کرد و ویستی بمکوژێت؛ بەڵام ڕزگارم بوو”.

لەبارەی ئەوەی بۆچی هەوڵی کوشتنی دراوە، سەرۆکی شارەوانیی شێخان باسی لەوە کرد، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئەو هاووڵاتییە چووەتە لای و داوای کردووە، مامەڵەیەکی “نایاسایی” بۆی تێپەڕێنێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە، بۆیە هەوڵی کوشتنی دراوە.

سەرۆکی شارەوانیی شێخان ڕوونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستە تەقەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیر نەکراوە، چونکە دوای ئەوەی تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە، بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.

خالد نەرمۆ باسی لەوەش کرد، سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسە تۆمار کردووە و دەیەوێت ڕێکاری یاسایی لەگەڵی بگیرێتەبەر. دووپاتیشی کردەوە، “ڕووداوەکە لە ڕاپەراندنی کارەکانم بە شێوەیەکی یاسایی، ساردم ناکاتەوە”.

ھەواڵی زیاتر