تا ئێستا پارتی کە براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە زۆربەی پۆستەکانی بەخشیوەتە لایەنەکانی دیکە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پەنجا و پێنج ڕۆژی ماوە کە هەڵبژاردنی شەشەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و لایەن و لیست و کاندیدە جیاوازەکان کە خۆیان بۆ هەڵبژاردن پاڵاوتووە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و زۆرترین نوێنەریان ڕەوانەی پەرلەمان بکەن.

سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان پەرلەمانییە و لەو جۆرە سیستمەشدا لە دوای هەر خولێکی هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆیان ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن. پەرلەمان بەهێزترین دامەزراوەی سیاسییە و بناغەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەو لایەنەی کە زۆرترین کورسی بەدەست هێناوە ئەو مافەی هەیە حکوومەت دابمەزێنێت. ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە خولی رابردوودا سەد و یازدە کورسی بوون بەڵام ئەم جارە بۆ سەد کورسی کەم کراونەتەوە بەو پێیە هەر لایەنێک پەنجا و یەک کورسیی پەرلەمانی بەدەستەوە بێت ئەوا مافی خۆیەتی حکوومەت دابمەزرێنێت.
هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن کۆمەڵێک ئەزموونی هەیە کە هەندێکیان تاڵن و دەکرێ سوود لەو ئەزموونانە وەرگیرێت و پەرلەمانی داهاتووی کوردستان و دامەزراوەکانی، لە پەرلەمانەکانی ڕابردووی کوردستان و کابینەکانی پێشکەوتووتر بن.
لە سیستمی پەرلەمانیدا هەر حزبێک بتوانێت زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە ئەوا لەرووی یاساییەوە ئەو مافەی هەیە بە تەنیایی سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم و ئەندامانی کابینە و سەرۆکی دەستەکان دەستنیشان بکات و بۆ ماوەی یەک خولی هەڵبژاردن ئەو پلان و بەرنامەیەی پێشتر ڕای گەیاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک متمانەی پێ بدات، جێبەجێی بکات.
یەکەم هەڵبژاردنی کوردستان کە لە نۆزدەی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ بەڕێوەچوو ئەگەر حزبی براوە کە زیاتر لە نیوەی کورسیەکانی دەستەبەر کردبوو بە دامەزراندنی حکوومەت ڕاسپێردرابا و لایەنی دووەم شکستی قبوڵ کردبا ڕەنگە هەرگیز شەڕی ناوخۆیی دروست نەبا، بەڵام لەبەر ئەوەی بنەمای تر بۆ دامەزراندنی حکوومەت دیاری کرا دەرەنجامی ڕاستەقینەی هەڵبژارن نەکرایە تاکە پێوەری سەرەکی بۆ بەدەستەوەگرتنی جومگەکانی دەسەڵات.
لە خولی دووەمی هەڵبژاردن ئەزموونەکە باشتر بوو چونکە لیستێک نزیکەی نەوەد لەسەدای دەنگەکانی پەرلەمانی بردەوە و حکوومەتێکی بەهێزی دامەزراند. لە خولی سێیەمیش دۆخەکە هەر بەم شێوەیە بوو و لیستی زۆرینە کە هاوپەیمانێتی یەکێتی و پارتی و چەند لایەنێکی تر بوو زۆرینەی کورسییەکانی بردەوە و بەیەکەوە حکوومەتیان دامەزراند و هەر لەو خولەدا ئۆپۆزسیۆنی چالاکیش سەری هەڵدا.
خولەکانی چوارەم و پێنجەمی کوردستان تا ڕادەیەک جیاوازتر بوون چونکە دوو لایەنی سەرەکیی هەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتی بوون بە لیستی جیا بەشدارییان کردبوو و هەرچەندە کورسییەکانی یەکێتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزین بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانێتیی دوای هەڵبژاردن کابینەی لەگەڵ دامەزراند و ئەمە لە کابینەی پێنجەمیشدا ڕەنگی دایەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە خۆی بە براوەی سەرەکی بینیوە و پێی وایە ئەو پۆستانەی بە هەندێک لایەنی بەخشیون لە چاکەی خۆی بووە. پارتی، هاوپەیمانەکانی ناو حکوومەتی بەوە تۆمەتبار کردووە لەبەر ئەوەی هاتوونەتە کابینەوە حەق بوو بەرگری لە کابینە بکەن و بۆ سەرخستنی بەرنامەکانی کابینە تێبکۆشن، کەچی بەپێچەوانە لە لایەک لە کابینەدابوون و لە لایەکی تر وەک ئۆپۆزسیۆن دژی کابینە وەستاونەتەوە و ئەمەش شتێکی نوێیە و ناکرێ لە لایەک ئۆپۆزسیۆن و لە لایەکی تر لەگەڵ حکوومەتدا بیت، بۆ شکستەکان بەرپرسیارێتی بەئەستۆ نەگریت و بۆ دەستکەوت و سەرکەوتنەکان خۆت بە خاوەنی بزانیت.
بەلەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی کوردستان هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان زۆر بە گرنگ هەژمار دەکرێت، چونکە ژمارەیەکی زیاتری لیست و لایەن بەشدارن و دەیانەوێت سەنگی خۆیان تاقی بکەنەوە. جگە لەمە هەڵبژاردنەکە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوە دەچێت و چاودێرانی نێودەوڵەتیش تێیدا ڕۆڵیان دەبێت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ٢٠ی مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوە دەچێت. کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران سێ ملیۆن و حەوتسەد و هەشتا و نۆهەزار کەسن بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی خاوەنی کارتی بایۆمەترین سەرووی دوو ملیۆن و نۆسەدهەزار کەسە و هەر ئەوانە مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و شەشسەد و هەشتا و سێ هەزار کەسی دەنگدەری گشتی و نزیکەی دووسەد و شازدە هەزار کەس دەنگدەری تایبەتین.
دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئەگەر لەسەر بنەمای خێر پێکردن نەبێت و دەرەنجامی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن و سەنگی هێزەکان لەبەرچاو بگیرێت، دەتوانێت لە سەرجەم کابینەکانی ڕابردوو سەرکەوتووتر بێ، قەرار نییە هەموو ئەوانەی کورسییان بەدەست هێناوە لە حکوومەتیشدا بەشدار بن دەکرێ هاوشێوەی سەرجەم سیستمە پەرلەمانییەکانی جیهان کەسانێک ڕۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان لە زاخۆوە تا گەرمیان پێ بسپێردرێت و کەسانێکیش وەک چاودێر ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن و بەیەکەوە تەواوکەری سیستمی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان بن و لەو کاتەشدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیش روونتر دەبن، خەڵکیش هەمووان دەبینێت ئەگەر سەرکەوتوو بوون بۆ خولێکی دیکە متمانەیان پێ دەداتەوە و ئەگەر سەرکەوتووش نەبوون ئەوا خەڵکی تر دەنێرنە پەرلەمان و هەر ئەوەشە بووەتە بناغەی پێشکەوتنی وڵاتانی رۆژئاوا.

ھەواڵی زیاتر