ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:دەبێت هەڵبژاردنێکی ئارام لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : کۆبوونەوەیەکی گرنگمان هەبوو تێیدا جەخەتمان لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی ئارام لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت.

وەزیری ناوخۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی، وتی : هەموو هێزەکان بەشداری لەو پلانە ئەمنییە دەکەن کە بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دایدەڕێژن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکە بە شێوەیەکی شەفاف و لە کەشوهەوایەکی ئارام بەڕێوە بچێت و کانیدەکان لە کاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا پارێزراو بن، بە تایبەتی کاندیدانی ئافرەت.
وتیشی : هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە بچێت، تا لە ئاییندەدا پەرلەمانێکمان هەبێت بتوانێت لە ڕووی یاسادانانەوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەینێت.
ئەوەشی خستەڕوو: لە هەر شوێنێک کە پرۆسەی دەنگدانی تێدا بەڕێوە دەچێت و کیسەی هەبێت، شوێنی جێگرەوەی بۆ دادەنرێت، هەروەها بۆ هەموو شوێنەکان ئاسایشی پێویست دابین دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک چەک دابەش بکات و هەر هاووڵاتییەک وەریبگرێت و دەست بەسەر چەکەکەدا دەگیرێت و هاووڵاتییەکە ڕاپێچی دادگا دەکرێت و سزا دەدرێت.
وەزیری ناوخۆ، باسی لە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش کرد و ڕایگەیاند : وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی دامەزراوە مەدەنیی و ئەمنییەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکردبوو و ئینجا بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی نارد، هەروەها لێژنەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی وردبینییان بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆران کردووە.
وتیشی : تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە کە مووچەی لەسە رابگیرێت، بەڵام لە پشت ڕاگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە دەیەوێت هەرێم تووشی کێشە ببێت، بە تایبەتی ئێستە کە پرۆسەی هەڵبژاردنمان لەپێشە.
جەختی لەوە کردەوە، دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە.

ھەواڵی زیاتر