ئۆپیک بەفەرمی داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات

ئۆپێک، وەزیری نەوتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان بدات ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ئۆپیک هۆشداری داوەتە عێراق کە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە، لە جیاتیدا نەوتی کوردستان هەناردە بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند “لە ڕابردوودا ئۆپیک پڵەس کێشەی هەبوو لەگەڵ عێراق، لەسەر زیاد لە پێویستی بەرهەمهێنانی نەوت، کە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل زیاتر لە بەرهەمهێنانی خۆی دەفرۆشێت. ئۆپیکیش لای خۆیەوە هۆشداریی داوەتە عێراق ئەو بەرهەمهێنانە کەم بکاتەوە. بە تایبەت لە کێڵگەکانی بەسرە و میسان و ناسرییە، زیاد لە پێویست بەرهەمهێنانی کردووە، بۆ ئەوەی لە جیێ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بکەن، لەگەڵ ئەو کورتهێنانەی کە لە بودجەدا هەیە قەرەبووی بکەنەوە.

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت: پێشتر ئۆپیک فشاری کردبوو لە عێراق  کە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە و نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت، بەڵام نەببوو بە بڕیار. تەنیا لای نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورووپا وەک؛ تورکیا، ئیتالیا و فەرەنسا بە فەرمی داوا کرابوو نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە. لای خۆیانەوە فشاریان لە عێراق کرد و داوایان لێ کرد دەست بە هەناردەی نەوتی کوردستان بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی کێڵگە نەوتییەکان زۆر زیانیان بەرنەکەوێت یاخود ئەو کۆمپانیانییەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن زیانمەند نەبن.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: دڵنیام ئەو کۆمپانیانە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ ڕێکخراویت ئۆپیک پڵەس، ئەوەش وایکردووە کە فشار و داوا  لە عێراق بکرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆمپانیانە بەرهەمهێنانی نەوتییان بەردەوام بێت.

هەروەها بەندەری جیهانیش بەهەمان شێوەیە، چونکە ئەوەی جیهان زیاتر بۆ ئەورووپایە بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەو بەندەرە زۆر پێویستە هەرچەندە ڕێژەی نەوتەکەی کەمە، بەڵام پێداویستی هەندێک وڵات پڕ دەکاتەوە.

 د. سەباح ئاماژەی دا “ئەم داواکارییەی ئۆپیکیش هەمان ئەو فشار و داوایەیە کە عێراق لە بەرانبەریدا کەمتەرخەم بووە بۆ چارە کردنی ئەو گرفتە. ئەوەی ماوەتەوە تەنیا لایەنی تەکنیکییە، چونکە تورکیا ئامادە باشی خۆی دەربڕیوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، کۆمپانیاکانیش بەهەمان شێوە توانای ئەوەیان هەیە و تێچووی دەرهێنانی نەوتیش دەتوانن بخەنە سەر ئەستۆی عێراقی فیدراڵ، کە بڕەکەی دیاری کراوە دەرهێنانی 20 دۆلارە، گواستنەوەکەشی 6 دۆلارە”.

د. سەباح سوبحی ڕاشیگەیاند: حکوومەتی عێراقی ڕازی نییە لەسەر ئەم نرخە. دەڵێت: دەبێت ئێمە ڕێگەیەکی دیاریکراو بدۆزینەوە بۆ سەرتاسەری عێراق، سەرتاسەری عێراق 6 بۆ 7 دۆلار خەرج دەکات بۆ دەرهێنانی نەوت. هەروەها ئێمە دەتوانێن دواتر قەرەبووتان بکەیەنەوە”.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوت بۆ پێگەی “ئە بی سی ” عەرەبی ئاشکرای کردووە، کە ئۆپێک پڵەس، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕاگەیاندووە ڕێگە بدات بە هەرێمی کوردستان نەوتی خاو لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە بکات.

ڕاشگەیاند: ئۆپێک وەزیری نەوتی عێراقی ئاگادارکردۆتەوە کە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان بدات ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە “عەبدولغەنی وەڵامی ئۆپێکی داوەتەوە بەوەی حکوومەتی کوردستان پابەند نییە بە پێدانی داهاتی نەوت بە حکوومەتی فیدراڵی جگە لەوەش ڕێگە نادات نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەکار بهێنێت”.

ئاشکراشی کرد “ئۆپێک وەڵامەکەی بۆ وەزیری نەوتی عێراق گەڕاندووەتەوە، کە ڕێگەی بە هەرێم داوە بە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات لە ڕۆژێکدا”.

هەروەها وەڵامەکەی ئۆپێک، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت خستووەتە دوو ڕیانێک، کە وەزیری نەوت بڵێت “بڕیارەکە بەدەست سەرۆکوەزیرانی عێراقە”.

ھەواڵی زیاتر