پتر لە 280 هەزار بەنگلادیشی بەهۆی لافاوەوە دەربەدەر بوون

بەهۆی ئەو لافاوەی بەنگلادیشی گرتووەتەوە ئەمڕۆ شەممە 24ی ئابی 2024، زیاتر لە 280 هەزار کەس پەنایان بۆ پەناگەی فریاگوزارییە خێراکان بردووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە زیاتر لە 40 کەسیش بەهۆیەوە خنکاون.

بارانی وەرزی، ساڵانە وێرانکاریی گەورە لە بەنگلادیش دروست دەکات و ڕووداوگەلێکی زیانی گیانی و ماددی لێ دەکەوێتەوە. ئەم ساڵیش چەند هەفتەیەک دوای شۆڕشی قوتابیان کە حکوومەتی بەنگلادشی ڕووخاند، شەپۆلە بارانێ بەخووڕ چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی گرتەوە و بەهۆی زۆری ڕووبارەکانەوە لافاوێک نیمچە سەرتاسەری چەند ڕۆژێکە بەنگلادیشی گرتووەتەوە.

لافاوەکە، وێرانکارییەکی زۆری لە دوای خۆی جێهێشتووە و بەهۆیەوە ژێرخانی ڕێگە خێراکان و هێڵی شەمەندەفەری لە نێوان داکای پایتەخت و بەندەری چیتاگۆنگی هەڵتەکاندووە و گەیشتنی تیمە فریاگوزارییەکانیش بە ناوچە زیان پێگەیشتووەکان زەحمەت بووە و هەموو چالاکییەکی بازرگانیشی پەکخستووە.

پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ بەناوی لوفتۆن ناهار، لە پەناگەیەکی فریاگوزاری لە فینی کە دەکەوێتە نزیک ویلایەتی تریپورا لە سنووری هیندستان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە “ماڵەکەم بەتەواوی ژێر ئاو کەوتووە و براکەم بە بەلەم ڕزگاری کردین و ئێمەی گەیاندە ئەم کەمپە، ئەگەرنا دەمردین.”

سارات کوماد داس، بەرپرسی ئاژانسی قەیرانەکان لە ویلایەتی تریپورا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە “لە دووشەممەی ڕابردووەوە تاوەکوو ئەمڕۆ شەممە 24 کەس بەهۆی لافاوەوە لە سنووری هیندستان خنکاون”.

هەروەها سکرتێری وەزارەتی ئیدارەدانی کارەساتەکان، محەممەد کامرۆل حەسەن، ڕایگەیاندووە: 18 کەسی دیکە لە ناو بەنگلادیش بەهۆی لافاوەوە مردوون.

کۆی دانیشتووانی بەنگلادیش 170 ملیۆن کەسە و بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافیەکەیەوە سەدان ڕووبار بەخاکی ئەو وڵاتەدا تێدەپەڕن و لە 10 ساڵی ڕابردوودا چەندین لافاوی وێرانکەر زیانی بە بەنگلادیش گەیاندووە، ئێستاش 285 هەزار کەس لە پەناگەکانی فریاکەوتن دەژین، هەروەها 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس زیانیان بەرکەوتووە.

ھەواڵی زیاتر