بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سێ پرۆژە لە هەڵەبجە جێ بەجێ دەکرێن

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن. 

شەممە، 24-08-2024، کاوە عەلی کەریم، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری پارێزگاکە.

پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بریتین لە:

1.  دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و چاککردنی ڕێگەی بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە کە بەهۆی لافاوەوە تێک چووە.

2. دروستکردنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە.

3. دروستکردنی باڵەخانەی بنکەی پۆلیسی شەهید سەرکار.

سەردانەکەی چەند مانگێک پێش ئێستای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە؛ بەرهەمدار بوو، کاتێک ژمارەیەک داواکاریی خرایە بەردەم سەرۆکوەزیران و ڕەزامەندی لەسەر سەرجەمیان درا.

بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان، ئاستی خزمەتگوزاریی لە هەڵەبجە دەچێتە قۆناخێکی زۆر باشەوە. بڕیارەکان بریتین لە زیادكردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامییەتەكان و شارەدێکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 56 ملیۆن دینارەوە بۆ 134 ملیۆن دینار. پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامییەتەكان بۆ خەرجكردنی پێشینەی كتوپڕ، کە ئەمەش بە بڕوای چالاکوانانی هەڵەبجە گرنگیی زۆری دەبێت بۆ شارەکەیان.

ھەواڵی زیاتر