وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: هەر شارەوانییەكی سنووری هەولێر كەمتەرخەمی بكات لە گەیاندنی خزمەت سزای کارگێڕی دەدرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی دەداتە شارەوانییەکانی ئەو سنوورە، بەوەی هەر شارەوانییەک نەتوانێت خزمەتی پێویست بکات سزای کارگێڕی دەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەدواداچوونی ئیش و كاری بەڕێوەبەرایەتییەكە و تەواوی شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێری كردووە.

ڕوانگەی سەرۆکوەزیران لە گەیاندنی خزمەتگوزاری
لە کۆبوونەوەکەدا، کە زیاتر لە ٣٠ سەرۆك شارەوانیی دەوروبەری هەولێر و سەرۆك بەشەكانی بەڕێوبەرایەتییەكە ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و دەوروبەری شارەكان بە تایبەتی. سەبارەت بە ڕوانگەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوە كرد مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە حكوومەت و فەرمانگەكانی، حكوومەتی هاووڵاتییانە و ئامانجی سەرەكیی حكوومەتیش دابینكردنی خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییان. بۆیە فەرمانگەكانی شارەوانیش ئەركی سەرشانیانە دەبێت خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن و بەوپەڕی ڕێزەوە كار و مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ و ڕایی بكەن لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان بەو شوێنانەی پێویستیانە.

هاوولاتیان چەقی بایەخی حکوومەتن
هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، لە کۆبوونەوەکەدا، ساسان عەونی، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حكوومەتن؛ داوای لە سەرۆك شارەوانییەكان كرد كە نابێت مامەڵە و كاری هاووڵاتییان دوابخرێت و دەبێت لە وادەیەكی دیاریكراودا مامەڵەكانیان جێبەجێ بكەن، هەر شارەوانییەكیش كەمتەرخەمی بكات و نەتوانێت خزمەتی پێویست پێشكەش بكات، سزای کارگێڕیی دەدرێت.

دەبێت شارەوانییەکان پرۆژەی نوێ پێشکەش بکەن
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ماوەی یەك هەفتەی وەكو مۆڵەت دایە شارەوانییەكان بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ و پرۆسەی خاوێنكردنەوەی شارەوانییەكان بەتایبەتی دەروازەی شارەوانییەكان و بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانكاری لە سنووری شارەوانییەكان، پلانی نوێ پێشكەش بكەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم شارەوانییەكانی ڕاسپارد دەبێت دەست بەو پلانە نوێیە بكەن بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سنووری شارەوانییەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو ڕووێكەوە.

ھەواڵی زیاتر