پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا، چەندین تەگەرە و کۆسپ و قەیرانی دروستکراوی ڕووبەڕوو کرایەوە، بەڵام لە ژێر هیچ فشارێکدا کارنامە و پلانە ئامادەکراوەکەی بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان ڕانەگرت و بەردەوامی پێدا.
مەترسییەکە لەسەر عێراق
سامانی ئاو، بووە بە بابەتی گرنگ لە ناوچەکە. هەموو وڵاتانی ناوچەکە خەریکی ئەوەن مشووری دەیان ساڵەی ئایندەی خۆیان بخۆن بۆ ئەوەی توشی بە بیابانبوون نەبن بەهۆی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە، لەم نێوەندەدا عێراق پشکی شێری مەترسییەکەی بەرکەوتووە و بەپێی زانیارییەکان عێراق ساڵانە ٤٠٤ کیلۆمەتر دووجا زەوی کشتوکاڵی لەدەست دەدات. بەگوێرەی ئەنجومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار نزیکەی ٦٠٪ی جووتیاران بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ناچاربوونە لە ڕووبەرێکی بچووکتر و بە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی کەمتری ئاو، کشتوکاڵ بکەن، لە هەر پێنج جووتیارێک، چوار جووتیار ناچاربوونە خەرجییەکانی خۆراک بۆ ساڵێک کەمبکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاستی ئاوی هەریەکە لە ڕووباری دیجلە و فوڕات نزیکەی لە ٣٠٪ بۆ لە ٤٠٪ دابەزیوە و ڕێژەی خوێ زیادی کردووە.
هەر بەو هۆیەوە تا ساڵی پار نزیکەی ١٣٠ هەزار و ٧٨٨ کەس بەهۆی وشکەساڵی لە 12 پارێزگای عێراق، ئاوارەبوونە. بەڵام خەمساردانە حکوومەتەکەی بێ هیچ پلان و ئامادەکارییەک بەرەو مەترسییەکە دەڕوات.
حکوومەتی هەرێم چۆن کار دەکات ؟
لە هەرێمی کوردستان سامانی ئاو بە پلان و ستراتیژێکی دوورخایەن لەماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا بودجەی پێویستی بۆ دابین کرا و حکوومەتی هەرێم لەژێر فشاری دارایی حکوومەتی عێراق ئامادە نەبوو دەست لە هیچ پلانێکی کارنامەکەی هەڵبگرێت.
حكوومەتی هەرێم لە ماوەی كاركردنی خۆیدا، سەرنجێكی گرنگی خستە سەر پلاندانان بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئاو و پاراستنی سامانی ئاو لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستە چەندین بەنداو و پۆندی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە.
بەنداوە تەواو کراوەکان
لە هەرێمی کوردستان ٣٤ بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، ٢٣ لەو بەنداوانە تەواو کراون و ١١ بەنداوی دیکەش لەژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان، تەنیا لە ٥ ساڵی رابردوودا، شەش بەنداو: چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان و شەوگێڕ تەواو کراون و کۆتاییی ئەمساڵیش هەریەك لە بەنداوەکانی گۆمەسپان و بەستۆڕە کارەکانیان کۆتایی دێت.
- بەنداوی خنس
ڕووبەری بەنداوەكە ٨٢٠ هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی ٣٤.٥ مەترە و درێژییەكەی ١٩٥ مەترە. لە ئێستادا بەنداوەكە ٥.٩ ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە و كارەكانی تەواو بووە. بەنداوەكە بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ئاودێری، گەشتیاری و سامانی ماسی كەڵكی لێ وەردەگیرێت. - بەنداوی گۆمەسپان
ئەم بەنداوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەان و کەمبوونەوەی گرفتی کەمئاوی هەولێر دەبێت، کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە، بە تەواوبوونیشی ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی سامانی ئاو، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری دەگێڕێت و هەروەها کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش دەبووژێنێتەوە.
تێچووی دروستکردنی ئەو بەنداوە ٩٥ ملیار دینارە، بەرزییەکەی ٧٠ مەتر و درێژییەکەشی ٥١٢ مەتر و ڕووبەرەكەی ٦ ملیۆن و ١٢٠ هەزار مەتر دووجا دەبێت. وەكو پرۆسەیەكی دەگمەنیش، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەكەدا بەکار هاتووە. - بەنداوی ئاقووبان
ڕووبەری بەنداوەكە ٤٠٠ هەزار مەتر دووجایە، بەرزییەكەی ٣١ مەترە، توانای گلدانەوەی ٢.٦ ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و کارەکانی تەواو بووە.
بەنداوی ئاقووبان، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، گەشتیاری، بواری ماسی و ئاودێری سوودی لێ وەردەگیرێ. لایەنێكی دیكەی گرنگی بەنداوەكە، پاراستنی ژینگەیە و ڕێگر دەبێت لە ڕوودانی لافاو زیانگەیاندن بە ناوچەكە.