کارمەندێکی هەواڵگری ئەمەریکا زانیاری گرنگی سەربازی بە چین فرۆشتووە

شرۆڤەکارێکی هەواڵگریی سوپای ئەمەریکا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە زانیارییە هەستیارەکانی بەرگریی بۆ چین دزەپێ کردووە، لەوانە بەڵگەنامەکانی سیستەمی چەکی ئەمەریکا و ستراتیجییە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

کۆربین شوڵتز، شرۆڤەکاری هەواڵگریی سوپای ئەمەریکا لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لە فۆرت کامپبێل کە بنکەیەکی سەربازییە لەسەر سنووری کێنتاکیی و تێنسی دەستگیرکرا.

شوڵتز دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە پلانگێڕی بۆ بەدەستهێنان و ئاشکراکردنی زانیارییەکانی بەرگری نیشتمانی کردووە، هەروەها زانیاری تەکنیکی پەیوەست بە کەرەستەی بەرگری بەبێ مۆڵەت و بەرتیلدان داوە بە بەرپرسێکی گشتی.

بەپێی بەڵگەنامەکانی کەیسەکە، شوڵتز دەیان بەڵگەنامەی سەربازیی هەستیاری ئەمەریکای دزەپێ کردووە بۆ کەسێک کە لە هۆنگ کۆنگ دەژی و پێدەچێت پەیوەندی بە حکوومەتی چینەوە هەبێت.

وەزارەتی دادی ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە، کە 42 هەزار دۆلاری بۆ ئەم زانیاریانە وەرگرتووە.

لە نێو ئەو شتانەی کە شوڵتز دزەی پێ کردووە، بەڵگەنامەکان بوون کە باس لەو وانانە دەکەن کە سوپای ئەمەریکا لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا فێری بووە و چۆنیەتی جێبەجێکردنیان لە بەرگریکردن لە تایوان.

بەڵگەنامەکانی دیکە باس لە تاکتیک و ئامادەکارییە سەربازییەکانی چین کرا، جگە لە مانۆڕە سەربازییەکان کە هێزە ئەمەریکییەکان لە کۆریای باشوور و فلیپین ئەنجام دەدەن.

بەڵگەنامەکانی دیکە بریتی بوون، لە زانیاری سەبارەت بە هێلیکۆپتەرەکانی HH-60، فڕۆکەی جەنگی F-22، فڕۆکەی سیخوڕی U-2 و سیستەمی مووشەکی.

ڕۆبێرت وێڵز، یاریدەدەری جێبەجێکاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی ئاسایشی نیشتمانی FBI دەڵێت: “حکوومەتەکانی وەک چین بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە کارمەندانی سەربازی و زانیارییەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان دەکەنە ئامانج، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی زانیارییەکان لە حکوومەتە بیانییەکان پارێزراون”.

شوڵتز ڕەنگە سزایەکی قورس بدرێت و دەیان ساڵ زیندانی بکرێت، بڕیاریشە لە 24ـی کانوونی دووەمی  2025 دادگایی بکرێت.

دەستگیرکردنی شوڵتز نزیکەی ساڵێک دوای دەستگیرکردنی دوو کارمەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا بوو لە کالیفۆرنیا، کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ چین دەستگیر کران، کە یەکێکیان سزای 27 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا دوای ئەوەی دانی بە تاوانەکەیدا نا.

ھەواڵی زیاتر