پارکی سامی عەبدولڕەحمان؛ گەورەترین پاڕکی هەرێمی کوردستانە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەهەولێر، دەکەوێتە شاری هەولێر و بە یەکێک لە گەورەترین پارکەکان لە عێراق دادەنرێت، لەڕووی ڕووبەرەوە پارکەکە چەندین خزمەتگوزاری هەیە لەوانە، کافتریا و مارکێت و ڕێستورانت، وە لەپارکەکە چەندین دیمەنی گوڵ و گوڵزار و دەریاچە و سەوزایی دەبینرێت و لەگەڵ بوونی تابلۆ یا مۆنۆمێتی ڕەش کە ناوی شەهیدەکانی ١ی شوباتی تیادا نووسراوە.

بەڕێوەبەر و کارگێڕانی پارکی سامی، دەربارەی مێژووی ئەو پارکە دەڵێن: دیزاینی ئەندازەیی بۆ کراوە و بە دوو قۆناغ لەسەر رووبەری ٨٠ دۆنم دروست کراوە. ئەم پارکە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر و دەروازەیەکی سەرەکیی هەیە، رووی لە باڵەخانەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە. چەندین ئاسانکاری و چالاکیی گەشتیاریی هەیە، وەکوو، چێشتخانە، کۆشک، یاریگا، شەقام، کەناڵە رادیۆییەکان، شاشەی زەبەلاحی فیلم و زۆر شتی تر. رۆژانە هەزاران هاووڵاتی سەردانی ئەو پارکە دەکەن، بۆ ئەوەی چێژبەخشترین کات بەسەر بەرن. پارکی سامی عەبدولڕەحمان گەورەترین پارکی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە بەری ڕۆژئاوای شاری هەولێر. لە ڕابردوودا پێش ساڵی ١٩٩٢ خاڵێکی سەربازی بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەی سەربازی لە خۆگرتبوو. چوونە ژوورەوەی ئەم پارکە و هەموو باخچەکان و پارکەکانی تری هەولێر بە خۆڕاییە، تەنیا ئەوە لەسەر گەشتیارەکان و گەشتیارانی هاوینەیە کە پێویستە پابەندن بە رێنماییەکان و پاک ڕاگرتنی شوێنەکە. پارکی سامی عەبدولرەحمان چەندین شوێنی یاری و چەند دوکانێکی خواردنی تێدایە. جگە لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، ژمارەیەک پەیکەر و مۆنۆمێنت و شانۆی فیلمی هاوینە و دوو دەریاچەی دەستکردی تێدایە. زۆربەی خەڵک ئەم پارکە بە نمونەیی دەزانن بۆ ڕاکردنی بەیانیان یان ئێواران، مێدیتەیشن، ئاهەنگی تایبەت و سەیران.
کامەران ساڵح، هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە و دەربارەی پرکی سامی عەبدولڕەحمان دەڵێ: پارکی سامی کەشێکی خۆش و فێنکی هەیە، لەهاویناندا هەفتانە سەردانی ئەو پارکە دەکەم و زۆر دڵم پێی دەکرێتەوە، چونکە لەهەموو ڕوێکەوە خۆشی و ئارامیت پێ دەبەخشێت، من لەگەڵ خێزان و منداڵەکانم سەردانی ئێرە دەکەم وا هەست دەکەین کە چوینەتە شوێنێک لە دەرەوەی هەولێر و هەست بە گەرما ناکەین، چونکە بەڕاستی کەشەکەی زۆر فێنک و خۆشە، من دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرانی پارکی سامی دەکەم کە توانیویانە بە جوانترین شێوە گرینگی زۆر بەو پارکە بدەن و جوانتر و ڕازاوەتری بکەن، پارکی سامی مێژووێکی جوانی شاری هەولێرە، هەرچەند دەڕۆیت و پیاسە بەناو ئەو پارکە دەکەی تەواو نابێت هێندە گەورەیە، جگە لە ئێمەی کورد، گەشتیاری تریش کە لەدەرەوەی کوردستان دێن بۆ ئێرە بەهەمان شێوە زۆر سەرسامی پارکی سامین و زۆر بە دڵخۆشییەوە کەشێکی خۆش لێرە بەسەر دەبەن.
مێژووی دروستکردنی پارکی سامی، لە سەرەتای نەوەدەکان و دوای ڕاپەڕینی کوردستان شوێنەکە سەربازگەی حیزبی بەعس بووە، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٨٠٠ دۆنمی دابین کرد و کردی بە باخی گشتی، بە دوو قۆناغ پارکەکە دروست کرا، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٨ کۆتایی هات و قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆتایی هات و لە ١٤ی ئازاری هەمان ساڵ بە ناوی باخی گشتی پارکەکە بەڕووی هاوڵاتیان کرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ ناوی پارکەکە گۆڕا بە ناوی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامی عەبدولڕحمانەوە ناونراوە کە لە تەقینەوەکەی یەکی شوباتی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٤ کوژرا، خودی خۆی چاودێری پرۆسەی دروستکردنی پارکەکەی کردووە و پاڵپشتی لێکردووە بۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک بە ناوی ئەوەوە ناونراوە.
پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە گەورەترین پارکی هەولێر دادەنرێت، نزیکەی ٤٠٠ هەزار داری تێدا نێژراو و بۆیە زۆر لە دارستان دەچێت. ١٨ باخچەی سەرەکی و ٤ دارستانی هەیە، چەند نافوورەیەکی ئاو، خواردنگە، کافێ، شوێنی پشوودان و دەریاچەی دەستکردی تێدایە. هاوکات شوێنی یاریکردنی منداڵان و ڕێڕەوی تایبەت بە وەرزشکردنیش لەخۆدەگرێت. بەشێکی پارکەکە هۆڵێکی گەورەی تێدایە ساڵانە بۆ ئەنجامدانی چالاکی هەمەجۆر و پێشانگای نێودەوڵەتی بەکاردەهێنرێت نموونەی پێشانگای کتێب و پیشانگای هونەری لەگەڵ پێشانگای بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەمەجۆر. لە بەشێکی پارکەکە پەیکەر بۆ چەند کەسایەتییەکی ناوداری کورد دروستکراوە نموونەی مەستوورەی ئەردەڵان، هەروەها تابلۆ و مۆنۆمێنتێکی ڕەش لە پارکەکە بوونی هەیە کە ناوی شەهیدەکانی تەقینەوەکەی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ی تێدا نووسراوەتەوە. ساڵانە لە پارکەکە چالاکی ورزشی ئەنجام دەدرێت نموونەی وەرزشی پاسکیلسواری و پیادەڕەوی. هەروەها بەهۆی شوێنی دڵگیر و لەباری پارکەکەوە شوێنەکە وەکوو شوێنی وێنەگرتن و گێڕانی ئاهەنگ و بۆنەکانیش بەکاردەهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر