چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پارێزگاری كەركوك و دۆڕانە ستراتیژییەكەی كورد

مەشخەڵ كەوڵۆسی

خۆی یەكێك لەكێشە هەرە سەرەكییەكانی كورد كە وادەكات دۆڕان لەدوای دۆڕان تۆماری بكات و، كێشەكەیشی هیچ چارەسەرێكی بنەڕەتی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەوەیە دیدگایەكی بچكۆلانە و سادەی بۆ كێشەكەی خۆی هەیە. ناتوانێت بەشێوەیەكی جەوهەری و قووڵ لەكێشەكەی خۆی تێبگات، كەواتە چۆن دەتەوێت ئەوانیتر لەكێشەكە تێبگەن و هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی؟.
تۆ كە خۆت پێناسەیەكت نیە بۆ كێشەكەت، چۆن چاوەڕوانی ئەوانیتر كێشەكەت بۆ چارەسەر بكەن؟ كورد بۆچی ئاوا سادەو ساكارە و نایزانێت كێشەكەی چییە؟.
كورد هیچ پێناسە و دیدگایەكی قووڵ و دیراسەكراوی بۆ جەوهەری كێشەكەی خۆی نیە. ئەوەش وابەستەیە بەئاستی وشیاری نەتەوەیی و یاسایی و سیاسی كۆمەڵگەی كوردییەوە. ئیدی دیارە حیزبەكانیش كە سەرخانی ئەو كۆمەڵگەیەن، ناتوانن لەو باكگراوندە سادەیە دەربچن.
لەئەنجامی نەبوونی دیدگایەكی جەوهەریدا بۆ كێشەكە، دەیان لێكەوتەی سەیر و سەرمەرە دەبینین. بۆنمونە: بەشەخسیكردنی كێشەكانی كورد. هەركورد خۆی كێشەكەی بەشەخسیكردووەو، پێی وایە: ئەگەر فڵان كەس فڵان پۆستی هەبێت، ئیتر كێشەكانی ئەم چارەسەر دەبن!!.
كورد تاكە میللەتی ئەم سەر ڕووی زەویەیە كە نازانێت كێشەكەی خۆی چییە! لەم نەزانینە قووڵەیشەوە دێتە گوتارێكی سیاسی سادە و هەرزەكارانە گەڵاڵە دەكات و دەیدات بەگوێی خەڵكیدا و بەردەوام وەهم بەرهەمدێنێت. سەرباری ئەوەی هەمیشە دۆڕاندویشیەتی، كەچی بەردەوامە لەم وەهمە هەرزەكارانەیە و، كۆتایی نایەت تاكو نەبینە خاوەنی پێناسەیەكی قووڵ و هاوبەش بۆ هەردوو چەمكی “كێشەی كورد” و” ئەمنی قەومی كورد”.
لەدۆسیەی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك، دیسان كەوتینەوە ناو وەهمێكی گەورە و، دابەشكردنەوەی وەهم بەشێوەیەكی سەیر و سەمەرە. هەندێك وایان دانا دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە داگیركراوەی كوردستان، ئیتر سەركەوتین و هەموو شتێك كۆتاییهات.
ئەوە خۆخەڵەتاندنێكی ئاشكرایە و، بەشەخسیكردنێكی زۆر منداڵانەی كێشەی كوردە. سیناریۆیەكە هەموو ساڵێك جارێك شكست دێنێت و هێشتا هەر خۆمانی پێدەخەڵەتێنین.
ئایا كێشەی كورد و كەركووك ئەوەیە كێ پارێزگاری شارەكە بێت؟ یان كێشەكە ئەوەیە نەتەوەی كورد خاك و سەروەری داگیركراوە؟ چۆن ببینە خاوەنی سەروەری خۆمان؟ ئەوە پرسیارە گرنگەكەیە.
ئەگەر كورد خاوەنی سەروەری بێت لەسەر خاكی خۆی، با پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و كەركووك و هەڵەبجە و دیاربەكر و سنەش، عەرەبێك یان توركێك یان فارسێك بێت؟ ئایا پارێزگاریش فەرمانبەرێك نیە كەخزمەت بەبونیادی دەوڵەتەكەی دەكات؟ ئایا پارێزگار ئەتوانێت یەك پۆینتی سادەی سیاسەت و بڕیارەكانی دەوڵەتەكەی بگۆڕێت؟ كاتێ خاكێك داگیركراوە، ئیتر بار پارێزگارەكەی كورد بێت، ئایا دەتوانێت جگەلە خزمەتكردنی بونیادی دەوڵەتە داگیركەرەكە، شتێكی تر بكات؟.
كێشەكە ئەوەیە حیزب هاووڵاتیی كوردی بەجۆرێك تێگەیاندووە، كە ئەگەر ڕێبوار لەجیاتی ڕاكان پارێزگار بێت، ئیتر كێشەی كورد چارەسەر دەبێت. هاووڵاتی كوردیش ئەوەندە وشیاری سیاسی و یاسایی و ئیدراكی ستراتیژی نیە بە حیزبەكەی بڵێت: ئایا ڕێبوار دەتوانێت ئاڵای كوردستان بداتەوە دەستی پەیكەری پێشمەرگە؟ ئایا ڕێبوار دەتوانێت مادەی 140 جێبەجێ بكات؟ …هتد.
لەڕاستیدا پارێزگار كورد بێت یان عەرەب یان توركمان، ڕاكان بێت یان ڕێبوار یان هاكان هیچ لە جەوهەری كێشەی كورد ناگۆڕێت و پارێزگار ناچارە خزمەت بەبونیادی دەوڵەتێك بكات كەناوی عێراقە و لەسیاقی بڕیار و بەرنامەكانی ئەو دەوڵەتەدا دەجوڵێت. ئەمە بۆ هەر وەزیر و پلەدارێكی تری كورد لە حكومەتی بەغدا ڕاستە. ئەوەتا بەچاوی سەر دەبینین، هیچ پلەدارێكی كورد لەبەغدا بۆی نیە و ناتوانێت تەنانەت باسی مووچەی خەڵكی كوردستان بكات، ئیتر تۆ چاوەروانی پلەو پۆستی ئەوان چی بۆ كورد بكات؟.
بەشەخسیكردنی كێشەی كورد، یەكێك لە لێكەوتە خراپەكانی سادەیی نەتەوەی كوردەو، لە پرسی دانانی سەرۆككۆمارێك بۆ عێراق و پارێزگارێك بۆ كەركووك زۆر زەق كرایەوە..هەمیشە لەكاتی ئاڵوگۆڕی سەرۆكوەزیرانەكانی عێراقدا، ئەم تێگەیشتنە منداڵانەیە دێتەوە پێشەوە، پێیان وایە ئەم سەرۆكوەزیرانە كێشەی مووچە و كێشەكانی تر چارەسەر دەكات. ئیدی بەوجۆرە دۆڕانێكی ستراتیژی تۆمار دەكەین و، پۆستە شەخسییەكانیش هیچ سودێكیان بۆ كێشە گەورەكەی نەتەوەی كورد نابێت.