هاندانی منداڵ و بەرزنرخاندنی

لەیلا سەلاحەدین بەرزنجی

هاندانی منداڵ و بەرز نرخاندنی یەکێکە لە چارەسەرە گرنگەکانی بواری پەروەردە کە پەروەردەکاران و، خێزانەکان دەتوانن سوودی لێ ببینن و گۆڕانکاری لە ئەدا و هەڵسوکەوتی قوتابیدا بکەن بۆ ئەوەی کەسایەتیی قوتابی بەرەوپێشەوە ببەن و بیکەنە کەسێکی بەسوود و گەورە بۆ دواڕۆژ.
منداڵ کە بە شێوەیەک لە شێوەکان هان دەدرێت و بەرز دەنرخێنرێ، هەرچەندە ئەم بەرزنرخاندنەش لە ڕاستیدا پێچەوانە بێت هەر دەبێتە شێوازێک بۆ ئەوەی منداڵ بگۆڕێ و کارە نەرێنیەکانی بەشێوەیەک بکاتە ئەرێنی کە کەسانی چواردەوری درک بەم گۆڕانە بکەن. نووسەر فایەق سعید دەگێڕێتەوەو دەڵێت: “لە قوتابخانەیەکدا کاتێک سەرپەرشتیارەکە بوونی قوتابیەکەی بەرز نرخاند و وەک قوتابیکی ژیر و گوێڕایەڵ وەسفی دا یەکێک لە هاوڕێکانی سەری بادا و پێی سەیر بوو کە بەو شێوەیە وەسفی هاوپۆلەکەی دەکرێ لە کاتێکدا پێچەوانەی پیاهەڵدانەکە بوو کەسێکی بێکەڵ و سەرکێش و بەکێشە و بێسەروبەر بوو.
لە ڕاستیدا ئەو پیاهەڵدانە بۆ ئەوە بوو کەوا قوتابیەکە بەخۆیدا بچێتەوە کەسایەتیەک بۆ خۆی دروست بکات کە لە ڕاستی بچێت.
ئەم نموونەیە ڕاماندەکێشێت بۆ تیۆریەک کە باس لە هاندان و پاڵپشتیکردنی کۆنسترەکتیفانە دەکات. دەکرێ لەپێناو چارەسەرکردنی گرفت پەنا ببەینە بەر هاندان لە هەر ئەرک و کارێکدا بێت. سەرکەوتنی ئەم میتۆدە بەندە بە هاروهاجی و لاساریی خاوەن گرفتەکەوە.
بە دڵنیاییەوە بۆ بەرەوپێشبردنی قوتابیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تەکنەلۆژیا و کرانەوەی وڵاتان تاڕادەیەک لەناو هەندێک لە خێزانەکان دەرگای واڵا کردووە بۆ ئەوەی مناڵەکان بە ویستی خۆیان بجووڵێنەوە و کارەکانیان بەو شێوەیە بێت کە خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی بەشێوازێکی تر و بە گوێگرتن لە ویستەکان و گۆڕانکاری دەبێت ڕێگای هاندان و بەرزنرخاندن بگرنە بەر، چ خێزان یا مامۆستا یا بەڕێوەبەر یا کارگێڕی قوتابخانەکان هەتا بتوانن ڕێڕەوی بیرکردنەوە ناڕێکەکانی قوتابیەکان بگۆڕن. چونکە زۆر جار قوتابی جۆرەها سزادانی لەگەڵ بەکار دەهێنی هیچ گۆڕانکاریەک لە منداڵەکە ڕوو نادات، بگرە هەندێکات زیاتر لاساری دەکات وەک ئەوەی ڕادێت لە هەموو ئەوانەی پێی دەوترێ، جا لە ماڵەوە بێت یان لە قوتابخانە بۆ ئەو هیچ گرنگ نابێت، کەسانی چواردەوری ئیهانەکردن و لێدان و سووکایەتیەکان هیچ لەو ناگۆڕێت، تەنانەت لە یەک کات کە گوێی لێ دەبێت لە هەمانکاتیشدا لەبیری دەچێت، وەک کوردەواری خۆمان دەڵێت لەو گوێ هات و لەو گوێ ڕۆیی، هیچ لەو منداڵەدا نەگۆڕدرا، بۆیە دەبێ ئێمە ئەم ڕێگایە بەهەند وەربگرین هەتا ئەو ڕادەیەی قوتابیەکە ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی بەسوود و خاوەن کەسایەتی و بڕیاری تەواو دروست بێت.
تێنینی:
بۆ ئەم بابەتەم سودم لە کتێبێکی نووسەر فایەق سەعید وەرگرتووە بەم ناونیشانە: هەراسانکردنی منداڵ لەنێوان ماڵ و قوتابخانە

ھەواڵی زیاتر