دوو ملیار مرۆڤ لەژێر سێبەری پۆپۆلیزمدا دەژین

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێزە پۆپۆلیزمەكان و سەركردە پۆپۆلیزمەكان، لە تەواوی دونیادا لە برەودان، بەئاسانی سواری سەری قەیرانەكان دەبن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریدەهێنن، بۆیە بەشێك لە سیاسییەكان ئەمانە بەمەترسی بۆ سەر ئاییندەی وڵات دەزانن. پێشتر لە ئەمریكای لاتین پۆپۆلیزمەكان لەبرەودابوون، بەڵام ئەم رەوتە وڵاتانی ئەورووپاشی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی ناوەندە لێكۆڵینەوەكانی جیهانی ئەنجامیان داوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا سەركردە و هێزە پۆپۆلیزمەكان لە هەڵكشاندابوونە و توانیویانە بەزمانی پۆپۆلیستانە بگەنە كورسی دەسەڵات.
ئەگەر توركیا بەنموونە وەربگرین لە ٢٠٠٢، جەم ئوزەن، كە سەرمایەدارێكی گەورەی توركیا بوو و خاوەنی چەندین تەلەڤزیۆن و رۆژنامە بوو، پارتێكی پۆپۆلیزمی بەناوی پارتی گەنجان دامەزراند و توانی ٧٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، بۆیە دەنگەكانی هەموو بۆ ئاكەپە چوو. بەگوێرەی گوتەی شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا، ئەوكات پۆپۆلیزمەكان لە توركیا، نەیانتوانیوە لەوە زیاتر دەنگەكانیان بەرز ببێتەوە، بەڵام لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، پۆپۆلیزم لە توركیا لەبرەودایە، بەتایبەت باس لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكرێت، كە زمانی ئەو سەرۆكە بووە بە زمانی پۆپۆلیزمەكان.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان بێت، لە ١٩٩٩ تا ٢٠٠٦، شێڤاز، سەرۆكی پێشووی فەنزوێلا، لەریزبەندی یەكەم سەرۆك بووە لە تەواوی جیهاندا، بەوەی زمانێكی پۆپۆلیزمی هەبووە و وەكوو پۆپۆلیزمترین سەركردەی چەپەكانی جیهان ناوی هاتووە.
بەڵام ئەردۆغان، لەریزبەندی یەكەم سەرۆكی چەپڕەوە لە جیهاندا كە زمانی ئەویش بووە بەزمانێكی پۆپۆلیزمیانە، ئەمەش لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا.
گروپی تیمی لێكۆڵەرانی پۆپۆلیزم، بەهاوكاری رۆژنامەی (گاردیان)ی ئینگلیزی، لێكۆڵینەویان لەبارەی سەركردە و هێزە پۆلیزمەكان لە ١٤٠ وڵاتدا كردووە، لەلێكۆڵینەوەكەدا كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا كراوە، ژمارە سفر تا دوویان داناوە، واتە ئەو سەركردەیەی ژمارە سفر بێت، كەواتە پۆپۆلیزم نییە، لەوە بەسەرەوە بەگوێرەی رێژەكە پۆپۆلیزم دیاری كراوە.
فەنزوێلا ئەو وڵاتەیە كە لەریزبەندی یەكەم وڵاتی جیهانە، بەوەی زۆرترین هێزی پۆپۆلیزم لەوێ بوونی هەیە، بەتایبەت سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە، كە بە پۆپۆلیزمترین زمان رووبەڕووی گەلی وڵاتەكەی بووەتەوە، پاشان ئیكوادۆر و پۆلیڤیا و توركیا دێت.
لە لێكۆڵینەوەكەدا، ئەردۆغان، وەكوو سەركردەیەكی چەپڕەو، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، زۆرترین زمانی پۆپۆلیزمانەی بەكارهێناوە، كە ژمارەی دوویان داوەتێ، ئەمەش لە كاتێكدایە لە ٢٠٠٢ تا ٢٠١٥، ئەردۆغان و پارتەكەی پۆپۆلیزمانە مامەڵەیان نەكردووە و رێژەی پۆپۆلیزمی ئەردۆغان لەوكاتەدا سفر بووە.
توركیا لەدوای فەنزوێلا و بۆلیڤیا و هەنگاریا، چوارەم وڵاتە كە پۆپۆلیزم لە هەڵكشانە و ئەردۆغانیش وەكوو چوارەم سەرۆك لە جیهاندا زۆرترین زمانی پۆپۆلیزمی بەكارهێناوە.
دوو ملیار مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی پۆپۆلیزمدا ژیان دەكەن
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی ناوبراوبێت، لەماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو مرۆڤانەی لەژێر دەسەڵاتی پۆپۆلیزمەكاندا ژیانیان گوزەراندووە لە ١٢٠ ملیۆنەوە بۆ دوو ملیار بەرز بووەتەوە، بەرزبوونەوەكەش جیا لە ئەمریكای لاتین، وڵاتانی ئەورووپاشی گرتووەتەوە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵدا، دەركەوت هێزە پۆپۆلیزمەكان و سەركردە پۆپۆلیزمەكان، دەنگەكانیان لە هەڵكشانە.
پۆپۆلیزم چییە؟
پۆپۆلیزم، ئەو هێزەیە كە بەڵێنەكانی خەیاڵین، خەڵك هەڵدەخەڵەتین و باس لە دونیایەكی خەیاڵیان بۆ دەكەن و دەڵێن ئەگەر بێینە سەر دەسەڵات، بۆتانی دروست دەكەین، كاتێك دەسەڵات دەگرنە دەست، یان زوو لەناو دەچن، یانیش دەبن بە دكتاتۆر و كورسی بۆ هیچ كەسێك چۆڵ ناكەن، نموونە شێڤاز لە فەنزوێلا و هەروەها دۆناڵد تڕامپیش كاتێك هەڵبژاردنی دۆڕاند، قبوڵی ئەنجامی نەكرد و لایەنگرانی هەڵیانكوتایە سەر كۆشكی سپی و كەمی مابوو، شەڕی ناوەخۆ لەو وڵاتە دروست ببێت.
بەنجامین مۆفیت، نووسەری كتێبی (پۆپۆلیزم)، پێیوایە پۆپۆلیزم ئەو توێژەیە، خۆی وا نیشان دەدات، خاوەنی ئایدۆلۆژی، بەدامەزراوەیی و ئەدایەكی باشە، بەڵام هەموو ئەو گفتوگۆیانەی ئەوان بۆ ئەوەیە، جیاكاری لەنێوان گەلدا بكەن.
هەروەها جان وێرنەر موللەر، نووسەری دیاری ئەمریكا و مامۆستای زانكۆ، لە كتێبی (پۆپۆلیزم چییە؟)دا، دەڵێت ئەوان بەرگری لەوە دەكەن كە نوێنەرایەتی تەواوی گەل دەكەن.
لەكتێبەكەیدا دەنووسێت: ”ئەوەی وای كردووە پۆپۆلیزم لەبرەودا بێت ئەوەیە، ئیدعای ئەوە دەكەن، نوێنەری خەڵكە راستەقینەكە، یان زۆرینەیەكی بێدەنگن، لە ئەنجامدا هەموو بەربژێرەكانی پارتەكانی تر بە فاسید و نا شەرعی ناو دەبەن“
بەنجامین، لە لێكۆڵینەوەكەیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، سەركردە پۆپۆلیزمەكان، هەڵسوكەوتیان زۆر نامۆیە، بەو هەڵسوكەوتانە سەرنجی خەڵك رادەكێشن، هەروەها هەوڵدەدەن ئەو قەیرانەی كە هەیە بەردەوامی هەبێت، چونكە بۆ خۆی سوودی هەیە و جاروباریش وا خۆی نیشان دەدات، كە پەلامار دراوە.
بەلای ئەوەوە، پۆپۆلیزمەكان، بەردەوام دەڵێن وڵات بەرەو كارەسات دەچێت، چارەسەری ئەو كارەساتەش تەنیا لای خۆیان دەبیننەوە.
ئەگەر پێناسەیەكی سادە بۆ پۆپۆلیزم بكەین، كە بەشێكی زۆری سیاسی و لێكۆڵەران كۆكن لەسەری بەم شێوەیەیە: ”كێشەكە ئەوەیە خراپ مامەڵە لەگەڵ خۆیدا دەكات، زۆر بەباشی گرنگی بەپرچی دەدات، بەڵام گەدە و بۆری نەفەسی كە دیموكراسییە ئیهمال دەكات، ئەو تا ئەو ئاستە كوێرە، كە هەرگیز گلەیی لە ئازاری گەدەی ناكات“
هەرێمی كوردستانیش بێبەش نییە لە هێز و سەركردەی پۆپۆلیزم، بەشێكی سەركردەكان پۆپۆلیزمانە هەڵسوكەوت دەكەن و بەڵێنی خەیاڵی بە گەل دەدەن. هەروەها كار لەسەر درێژەدان بەقەیرانەكان دەكەن، تا بتوانن بۆ هەڵبژاردنەكان سوود لە دەنگی گەل ببینن، ئەمەش لەدیاریكردنی بەربژێرەكانیان رەنگی داوەتەوە، كە ئەو كەسانە بەربژێر دەكەن، پۆپۆلیزمن و دەتوانن بەبەڵێنی خەیاڵی سەرنجی خەڵك بۆ لای خۆیان رابكێشن.
دوای خوێندنەوەی ئەم شڕۆڤەیە، بۆ خۆتان بڕیار بدەن، هێزە پۆپۆلیست و سەركردە پۆپۆلیستەكانی هەرێمی كوردستان كێن؟

ھەواڵی زیاتر