پەتای ناوچەگەرێتی

پاڤین ڕەمەزان

لەم شەوانەی ڕابردوودا، گفتوگۆیەکی جاڕسکەرم توشبوو. بۆیە جاڕسکەر، بابەتی گفتوگۆیەکە ئایدۆلۆژیا تێیدا زاڵ بوو، بەو پێیەی من باوەڕوم وایە، ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی چەقبەستوو، بابەتی گفتوگۆ نین. لێرەدا دەبێتە جەدەل. لە جەدەلیشدا هەمووکات پشکێکی دۆڕانت بەر دەکەوێت. بیروباوەڕ بابەتی ئەزموون کردنن تا ئەو کاتەی ئاسوودەی بەو بیروباوەڕە، هیچ کەسێک زاتی ئەوەی نییە بە زانیاری گۆڕینەوە دەستکاری باوەڕی چەقبەستووی مرۆڤێک بکات، ئەگەر بەو شیوەیە نەبووایە ڕۆژانە خەڵکی ئایدۆلۆژیا و باوەڕی خۆیان دەگۆڕی! هەوڵی گفتوگۆ لەبارەی ئایدۆلۆژیا زیاتر بەوە دەچێت هەوڵ بدەی سوکایەتی بە بەرامبەر بکەیت، چونکە لەگەڵ هەر دەربڕینێکدا وەڵامێکی توندتر وەردەگریتەوە.

ناوچەگەرێتی
لە دوای ئەو گفتوگۆیە، پرسیارێک مێشکی تەنیوم، ئایا ناوچەگەرێتی و عەشیرەتگەرایی دەچێتە خانەی ئایدۆلۆژیاوە؟ یا بە ڕوونتر بپرسین، ئایا بەڕاستی وا هەست ناکرێت ئێمە ناوی گوند و ناوچە و خێل و عەشیرەتمان زۆر بەلاوە نزیکتر و گرنگترە لە ناوی کورد ؟ ناوچە گەرێتی و عەشیرەتگەری بابەتێکی زۆر ئاڵۆزترە لە بابەتی شارچێتی. شارچێتی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت ژینگەی شارێک یادگەی شارێک کار لە بیرەوەری و زیهنی مرۆڤ دەکات و وای لێدەکات دەستەمۆی شارێک بێت و زیاتر لە شارێکی دیکە خۆشی بوێت، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە ناسناوی گوندێک، دێهاتێک، عەشیرەتێک، کە ڕەنگە هەر نەتبینیبێت و تەنیا ناوەکەی وەک بیرەوەرییەک مابێتەوە لە باو و باپیرانت کەچی وات لێ بکات هەوڵی کێبڕکێی خەڵکانێک بدەی کە ناوی گوندی تر و عەشیرەتی دیکەیان هەڵگرتووە !
ئەی ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، ئایا ناوچە پەرستی، ئەگەر ئایدۆلۆژیا نییە، بۆچی ناتوانین وازی لێ بهێنین و ڕوانگەمان بۆ ژیان مرۆڤانە و کوردانە بێت ؟ خۆ ڕەنگە هەموومان زیانەکەی بزانین و ڕۆژێک لە ڕۆژان یادگەیەکی ناخۆشمان لەگەڵ ئەو بابەتە هەبێت و بەهۆی ئەوەی لە عەشیرەتی فڵان نەبووی یا بەهۆی ئەوەی کابرای هەمەکار سەر بە عەشیرەتێکی دژە لەگەڵ عەشیرەتی تۆ، بێگومان کاریگەریی لەسەر مامەڵە و بیرکردنەوەشی هەبووە بەرامبەت !

کاریگەریی ناوچەگەرێتی بەسەر دامەزراوەوە
ئەوەی لە هەموو شت گرنگترە بخرێتەڕوو، ئەوەیە ئایا بۆچی کاتێک کەسێک لە ناوچەیەک لە عەشیرەتێک پلەیەکی باڵا وەردەگرێت، هەر دوای مانگێک فەرمانگەکەی یا دامەزراوەی ئەو کاربەدەستە دەبێتە دیوەخانی خەڵکانی ناوچەکەی خۆی و ئیتر هەموو کوردێک بە چاوی بێگانە تەماشا دەکرێت لەو دامەزراوەیە ؟ هەڵبەت کە دەڵێم بێگانە مەبەستم زمان ئاشنایی و ڕێز نەگرتن نییە، بەڵکو لەڕووی سیلسیلەی ئیداری و پلە بەندی فەرمانبەرییەوەیە باس دەکەم. وەکو ڕۆژنامەنووسێک ئامادەییم تێدایە بەدواداچوونێکی ئاماری لەو بارەیەوە بکەم و ئەنجامەکەی بخەمە بەردەست ئەگەر بێت و پێویست بکات و نکۆڵی لەوە بکرێت. تەنانەت کار بەوە گەیشتووە، لەم ماوەیەی ڕبردوودا هەڤاڵێک سەردانی دامەزراوەیەکی کردبوو، بە مەبەستی کار کردن، هەر کە لە پرسگە چووەتە ژوورەوە، تێگەیشتبوو لەوێ چی دەگوزەرێت بە شێوەزاری کارمەند و فەرمانبەرانی ئەوێ تێگەیشتبوو هەوڵەکەی ئاسنی سارد کوتانە و پیویستی دەکرد ئەویش ئەو شیوەزارە بزانێت و خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت بەرپرسی دەزگاکە پێی ئاسودەیە!

پێشنیار
پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی گەورە و پیرۆزە بەو ئەزموونەی لەگەڵیدا هەمانە، دەکرێت ئەو بابەتە لە ڕێگای یاسای ئیدارییەوە و بە پێشنیار و لە پەرلەمانەوە گەنگەشە بکرێت و ئەم پەتایە چارە بکرێت، لە کاتێکدا کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەوپێش دەچێت و چووە، هیچ ئەستەم نییە بە بڕیارێکی ژیرانەی بەرپرسانە، ئەو بابەتە چارە بکرێت و بەرپرس و کەسی یەکەمی دامەزراوە و فەرمانگە و دەستەکان ناچار بکرێن خەڵکی جیاواز، لە بنەماڵە و عەشیرەت و ناوچەی جیاواز ڕێگە پێدراو بێت بۆ کار کردن، کە بە پیادەکردنی ئەمە هەم تێکەڵییەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی زیاتر دروست دەبێت هەم ئازاری ئەو پەتایەش سوکتر دەبێت کە کەسمان تێدا نییە ڕۆژێک، جارێک، دەرفەتێک، بەو پەتایە نەکەوتبین.

ھەواڵی زیاتر