ڕێژەی تووشبوون بە هەوكردنی جگەر لە هەولێر ڕوو لەزیادبوونە

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

لە رۆژی جیهانی نەخۆشیی هەوكردنی جگەر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تووشبوون بە ڤایرۆسی جگەر لە زیاد بووندایە و تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە هەولێر 400 کەس تووشی ڤایرۆسی جگەر بوون.

د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕیگەیاند: بەر لە نەشتەرگەری و یانیش ئەنجامدانی قەستەرە و هەروەها كرێكارانی چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار پشکنین ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی دڵنیابین کە تووشبووی ئەو ڤایرۆسە نین، بەڵام بەداخەوە ئامارەکان دڵخۆشکەر نین و لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، زیاتر 400 کەس دەستنیشان کراون تووشبووی ڤایرۆسەکەن.
28ی تەموزی هەموو ساڵێك بەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دانراوە و چەندین چالاكی لەسەرتاسەری جیهان بەرێوەدەچێت بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە.
ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر نەخۆشییەكی باوی كوشندەی مەترسیداری ناو كۆمەڵگایە، كەبەشێك لەدانیشتووانی جیهان گیرۆدەی دەستی ئەم نەخۆشیەن و گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لەڕێگەی خوێن‌ و شلەدەردراوەكانی لەشەوەیە وەك لیك‌ و میز و ئارەق، هەروەها لەرێگەی دایكانی دووگیان بۆ كۆرپەكەیان دەگوازرێتەوە و خۆپاراستن لەم نەخۆشیە بریتیە لە بەكارهێنانی دەرزی كوتان دژی ئەم ڤایرۆسە.
ڕۆژی 28ی تەموز بەڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دانراوە كەڕۆژی لەدایكبوونی زانای ئەمریكی دكتۆر (باری بلومبیرگ) ە كە لە 28ی تەموزی 1925 لەدایك بووە و ناوبراو ڤایروسی جگەری جۆری (B) دۆزییەوە و و دواتر ڤاكسینێكی دۆزییەوە دژی توشبوون بەم جۆرەی هەوكردنی جگەر، بەم هۆیەوە لەساڵی 1976 خەڵاتی نۆبڵی لەزانستی پزیشكیدا پێبەخشرا.
ئامانج لەدیاری كردنی ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكیە سەبارەت بەخۆپاراستن لە توشبوون بە ڤایرۆسی جگەر بە هەموو جۆرە جیاوازەكانی، لەم ڕۆژەدا چەندین ڕێنمایی زانستی بڵاودەكرێنەوە لەڕێگەی كۆنفرانس و سیمینارە زانستی و پزیشكییەكان و لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكان بەمەبەستی هوشیاركردنەوەی زیاتری هاووڵاتیيان دەربارەی ئەم نەخۆشیە و ڕێگەكانی گواستنەوەی و چارەسەر وەرگرتن و ڕێگەكانی خۆپاراستن.

هەوكردنی جگەر چییە؟
هەوكردنی جگەر كە هەندێكجار بە ڤایرۆسی جگەر ناودەبرێت یەكێكە لەكێشە تەندروستییە گەورەكان لەجیهان و بە (HBV) ناسراوە و بەنەخۆشییەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ مرۆڤ.
جۆرەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر:
هەوكردنی جگەر پێنج جۆری‌ سەرەكی‌ هەیە ئەوانیش (A/B/C/D/E) و چەند جۆرێكی‌ تر كەتائێستا پۆڵێن نەكراوە، باوترینیان جۆرەكانی (B/C) یە كەمەترسیدارترینە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بەهۆیانەوە لەسەرتاسەری جیهاندا گیان لەدەست دەدەن.
لەگەڵ تووشبوون و هەوكردنی‌ جگەر دوای‌ چەند ڕۆژێك نەخۆشەكە تای‌ لێ‌ دێت و ئازارێك لەلای‌ سەرەوەی‌ ڕاستی‌سكی‌ دروست دەبێت و ووردە ووردە تووشی‌ زەردویی‌ دەبێت، هەروەها میزەكەی‌ زەرد دەبێت و و سپێنەی‌ چاوی‌ زەرد دەبێت، نیشانەكان چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و زۆربەی‌ زۆریان ووردەووردە بەرەو باشی‌ دەچێت و چاكدەبێتەوە، بەڵام ڤایرۆسەكە بۆ ماوەیەكی‌ زۆر لەخوێنیدا دەمێنێتەوە و لەوانەیە بگوێزرێتەوە بۆ خەڵكی‌ تر.
ئەم نەخۆشیە بۆیە بەمەترسیدار دادەنرێت، چوونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ تووشی مەترسی گیان لەدەستدان بكات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان تووشبوونی بەشێرپەنجەی جگەر.
بەهۆی داهێنانەكانی زانایانی بواری پزیشكی لەئێستادا كوتان دژی ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تاڕێژەی %95 ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لەناوەندە تەندروستیەكان كاردەكەن.

نیشانەكانی هەوكردنی جگەر:

  • نیشانەكانی هەوكردنی جگەر هەندێك كات دیاریكراو نیە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە كەبریتین لە:
  • بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەق كردنەوە.
  • بێ‌ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.
  • دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
  • ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.
  • ئازاری ئێسك و ماسوولكە.
  • ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ. ڕێگاكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی جگەر:
  • گواستنەوەی لەدایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لەدایكبوون یان لەماوەی دووگیانیدا.
  • پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چوونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
  • بەكارهێنانی دووبارەی‌ ئامێرە پزیشكیە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
  • سێكس كردن لەگەڵ كەسێكی تووشبوو.
  • خواردنی خۆراكی پیس بوو بەو ڤایرۆسانەی‌ هۆكاری تووشبوونن بەهەوكردنی جگەر.
  • توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.
  • بەكارهێنانی دەرزیەك كە بەڤایرۆسی ئەم نەخۆشیە پیس بووبێت.
    هەموو ساڵێك نزیكەی 30 ملیۆن كەیسی نوێ تۆماردەكرێت كەتووشبووی ڤایروسی جگەری جۆری بی و لەهەر خوولەكێكدا دوو كەسی تووشبوو بەڤایروسی جگەری جۆری بی گیان لەدەست دەدەن لەجیهان و نیوەی توشبووان بەڤایروسی جگەری جۆری سی هەست ناكەن تووشبوون بەڤایروسەكە و هەردوو جۆری ڤایروسی جگەری بی و سی دەكرێت ببنە هۆكار بۆ تووشبوون بەشێرپەنجەی جگەر ، ئەگەر چارەسەری پێویست وەرنەگیرێت.
ھەواڵی زیاتر