ئارام کۆشکی
ڕەنگە هیچ شتێک لەوە سەختتر نەبێت کە زامی ئاوارەبوون ساڕێژ ببێت، چونکە زامی ئاوارەبوون و هەڵکەندنی مرۆڤ لە جێگەیەک و تێکەڵبوون بە کولتوورێکی دیکە لە وڵاتێکی نوێدا گەلێک سەختە. هەندێک لە مرۆڤەکان ناتوانن بەرگەی ئەو سەختییە بگرن، هەندێکی دیکە بەرگە دەگرن، بەڵام هەمیشە برینێک، یان ئازارێک لەسەر دڵیان نیشتەجێیە، هەندێکی دیکە کە ژمارەیان گەلێک کەمە توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ هەموو ژینگە و کولتوورێکدا هەیە و بۆیان نابێتە کێشە.
چل ساڵی ڕابردوو، چل ساڵی کۆچی بە کۆمەڵ بووە لە هەموو لایەکی جیهانەوە بەرەو ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا، بەشی زۆری ئەم کۆچانە ناچارانە و بەشێکی دیکەی بەدوای کار و خوێندن و شتی دیکەدا بووە. ئەو کۆچانەی ناچارانە بوون زیاتر هۆکاری سیاسییان لەپشتەوە بووە و یەکێک لەو وڵاتانەی کە کۆچی ناچاری زۆری تێدا کراوە وڵاتی ئێران بووە، کە کۆچی ناچاری تا هەنووکەش تێیدا بەردەوامە. ئەمەش بۆ ئەو کەشە نادیموکراتییە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ بیروڕای جیاوازدا هەڵناکات و بڕوای بە یەکڕەنگی هەیە، نەک پێکەوەیی هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان پێکەوە.
هەفتەی پێشوو ڕۆمانی “مارکس و بووکەڵەکە”م خوێندەوە، کە ڕۆمانێکی ئۆتۆبایۆگرافی “مەریەم مەجیدی”یە نووسەر ڕۆمانەکەی بە فەرەنسی نووسیوە دواتر کراوە بە عەرەبی و ئازاد بەرزنجی لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 232 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. نووسەر لە کەڵکوەرگرتن لە ژیانی خۆی چیرۆکی ژیانی سیاسی و ئاوارەیی خۆی و خانەوادەکەی بۆ وڵاتی فەرەنسا دەگێڕێتەوە. نووسەر لە تەمەنی شەش ساڵی خۆی و خێزانەکەی ئاوارەی فەرەنسا دەبن و دواتر لەوێ دەست بە خوێندن دەکات و ئیدی لەوێوە بەر کولتوورێکی نوێ دەکەوێت.
چیرۆکی مەریەم چیرۆکێکی ئاسایی نییە، بەو پێیەی هەر لەگەڵ چاوکردنەوەیدا ژیانی بارگاوییە بەسیاسەت و بەهۆی ئەوەشەوە ئاوارە دەبێت. خێزانەکەی مەریەم کە کاری سیاسی دەکەن و لەگەڵ دەسەڵات و دەوڵەتی ئێرانیدا تەبا نین و مەیلی چەپبوونیان هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ناچارانە وڵات بەجێبهێڵن و ئاوارەی فەرەنسا بن. ئەم ئاوارەبوونە بۆ خێزانێکی ڕۆژهەڵاتی و هەڵهاتوو لە کولتوورێکی داخراو کەمێک سەختە. ئەگەرچی باوکی مەریەم خۆی بە چەپ و ئازادیخواز دەزانێت، بەڵام هەندێک ڕەفتار و کولتووری فەرەنسای بۆ قەبوڵ ناکرێت و مەریەم ناچارە ڕووبەڕووی باوکی ببێتەوە و هەر بەو قسانەی خۆی کە “خەبات بۆ ئازادی دەکات” یان دەیەوێت “منداڵەکانی بە ئازادی بژین” ڕووبەڕووی داخرانی عەقڵی باوکی دەبێتەوە. چیرۆکی مەریەم شەڕێکی سەختە لەگەڵ کولتووری پاشکەوتووی وڵاتەکەی خۆی و هاوکات خۆگونجاندن لە کولتوورێکی نوێدا و خوێنەر لەم ڕۆمانەدا بەر کۆمەڵێک تراژیدیای ژیانی ئافرەتێکی ئاوارە دەکەوێت. دواتریش کە دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئێران دیسان تووشی کۆمەڵێک ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبێتەوە کە ناتوانێت لەگەڵ کولتوورە کۆنەکەی خۆیدا دیسان بگونجێتەوە.
یەکێک لە سەختییەکانی هەر پەناهەندەیەک لە هەر وڵاتێکدا ئاوارە بێت کێشەی زمانە. “تیۆدۆر کالیفاتێدس”ی نووسەری یۆنانی، کە پەناهندەیە لە سوید و بە سویدی دەنووسێت ئەو لە هەموو بەرهەمەکانیدا ئەم کێشەیە زەق دەبێتەوە، چەشنی ئەوەی لە نەستی ئەم نووسەرەدا لەگەڵ نووسینی هەر بەرهەمێکی نوێدا کێشەی زمان دووبارە ببێتەوە بە باسێکی نوێ.
لای ئەم نووسەرە لە نووسینەوەی ژیانیدا (وەکو گوتمان ڕۆمانەکە بایۆگرافیانەیە) ئەم کێشەیە زەق دەبێتەوە و خوێنەر لە چەند جێگەیەکدا بەر کێشەی زمان و ئاستەنگەکانی لای کەسی پەناهەندە دەکەوێت. هاوکات مەریەم ئەوکاتەش دووبارە تووشی کێشە دەبێتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و لەگەڵ شۆفێری تەکسییەک گفتوگۆ دەکات و شۆفێرەکە پێی دەڵێت تۆ ئێرانی نین، ئەویش دەڵێ ئەوە نییە بە فارسی قسە دەکەم. ئەویش دەڵێ فارسییەکە لە فارسی بیانییەکان دەچێت. لێرەشدا دووبارە هەست بە زەقبوونەوەی کێشەی زمان دەکرێت.
ئەم رۆمانە چەند ڕوون و ئاسان دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک پرسی گرنگی سەردەمە، کە ڕەنگە گوزارشتکردن لێی بەم شێوە ڕوونە و زمانە سادەیە هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ ئەوەی باشتر بگاتە خوێنەر، چونکە هونەری ڕووننووسین هونەرێکی باڵایە و هەموو نووسەرێک ئەو توانایەی نییە بە ڕوونی پرسی قووڵ و گرنگ بخاتە بەرباس و خوێنەر بەرەو دونیای بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵ بەرێت.
دەستخۆشی بۆ ئازاد بەرزنجی و هەڵبژاردنە گرنگ و جوانەکانی بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی.