بڕیاری زۆرەملێی چۆڵکردنی کەمپەکان ناڕەزایی ئاوارەکانی لێکەوتووەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە دوو مانگە حکوومەتی عێراق سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی لەو کەمپانە ڕاگرتووە کە ئاوارەکانی لێ نیشتەجێن، ئاوارەکان دەڵێن، ئەوە زیاتر لە دە ساڵە لە کەمپەکان دەژین، ئەگەر گەڕانەوەمان بە زۆر نەبێت هەر لە کەمپەکان دەمێنینەوە، چونکە لە شوێنەکانمان ئەمن و ئەمان نییە و گرووپە چەکدارەکان بەردەوام هەڕەشەن بۆ سەر ژیانمان. بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان، دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دۆسیەکەی بە سیاسی کردووە و بەشێوەیەکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە. دەشڵێ: لیژنەیەکی باڵا لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی پرسی ئاوارەکان پێکهاتووە.

وەکو ئاوارەکان، ئاماژەی بۆ دەکەن، ژیان لە کەمپەکان خۆشە، چونکە ئەمن و ئەمان هەیە حکوومەتی هەرێم ئەوەی پێویستە بۆ ئێمەی دابین کردووە، بەڵام لە شوێنەکانی ئێمە نە ئەمن و ئەمان هەیە، نە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و بەزۆر نەمان گەڕێنێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان کە هیچ شوێنێکمان نییە بۆ دووبارە ژیان کردن، داواش لە سەرۆک بارزانی دەکەین لەسەرمان بە جواب بێت و لێ نەگەڕێت حکوومەتی عێراق ئەو غەدرەمان لێ بکات، دەمانەوێت گەڕانەوەمان بە ئارەزوومەندانە بێت نەک بە زۆر.
حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ٣١ی ئەم مانگەی وەکو دوا وادە بۆ چۆڵکردنی کەمپەکان دیاری کردووە و تا ئێستا دیار نییە کە وادەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود نا، ملیۆنێک عێراقی لە هەرێمی کوردستان ئاوارەنە و نزیکەی سەد و پەنجا هەزار کەسیان لە کەمپەکان دەژین، لە هەرێمی کوردستان سی و سێ کەمپ هەنە و بیست و سێ کەمپ تایبەتن بە ئاوارەکان و تەنیا ٢٠%ی ئاوارەکان لەناو کەمپەکان نیشتەجێن ٨٠%ی ئاوارەکانی عێراق لە دەرەوەی کەمپەکانن. بەگوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، ئاشکرای کرد، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان ماون، کە حەوت سەد هەزاریان ئاوارەی عێراقن، تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، هەروەها هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی بەوەیە ئاوارەکان بەشێوەی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە و هەموو لایەنەکان پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی ئەوەی ئاوارەکان تا ئێستا نەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، هەر لەسەرەتای دەرچوونی بڕیاری داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکانی عێراقەوە، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تێدا نیگەرانیی حکوومەتی هەرێمی دەربڕی لەوەی کە زیاتر لە ٩٧%ی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی حکوومەتی هەرێم وەرنەگیراوە لەبارەی داخستنی کەمپەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەکان، باسی لەوەشکرد: لە نووسراوەکەی وەزیری ناوخۆدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو پێویستە حکوومەتی فیدراڵ هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشەی ئاوارەکان و چەند خاڵێک دیاری کرابوون، لەوانەش، جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سێ سەد هەزار ئاوارەی شنگال.
سروە ڕەسووڵ، زیاتر دەڵێ: بەر لە دوو هەفتە، نووسراوێکمان پێگەیشت کە محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە، لیژنەیەکی باڵا لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان، هەموو ئەو خاڵانەی لە داواکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوون، لە نووسراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ کردوون، سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر چارەکردنی پرسی ئاوارەکان.

ھەواڵی زیاتر