خوێندنەوە بۆ كتێبی كارامەییە كۆمەڵایەتییەكان

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

كتێبی كارامەییە كۆمەڵایەتیەكان لە نووسینی (پڕۆفیسۆر د.فەرهاد عەلی مستەفا) یە، ئەم پەرتووكە لە سەدو شەست و سێ لاپەرە پێكهاتووە، ساڵی 2022 چاپكراوە، ناوەندی ڕێنوێن چاپیكردوە، ئەم پەرتووكە باسی لە چەندین تەوەری كارامەییە كۆمەڵایەتییەكان دەكات .

د. فەرهاد عەلی مستەفا لەسەرەتا باسی لە ڕەگەزەكانی پەیوەندی كردووە كە بە تێروتەسەلی چۆتە نێو قوڵایی ڕەگەزەكانی پەیوەندییەوە، بە چەند خاڵێكی گرنگ باسی وەرگر، ئالوگۆڕی كردنی زانیاری كردووە، هەروەها باسی لە كارامەیی دەكات كە گوێگری باش ئەو كەسەیە كە بەشداری گفتوگۆ دەكات و بۆچوونەكانی خۆی دەخاتە ڕوو پرسیار دەكات تا بەردەوامی بە گفتوگۆكردن بدات، ئینجا چۆتە سەر ئاستەنگەكانی گوێگرتن و كردوویەتی بە چەند ئاستێك لە وانە(فەرامۆشكردن، بیستن، سەیركردن، سەرنجدان، تێگەیشتن).
لە تەوەرێكی تر باس لە ڕاهێنان دەكات لەسەر هونەری گوێگرتن و كردویەتی بە چەندین خاڵ، لە هەمان كاتدا ڕاهێنانی داناوە بۆ ئەم جۆرە كارە، جگە لەم تەوەرانە دكتۆر گوێگرتنی كردووە بە چەندین خاڵ لەوانە( گوێگرتنی ئەرێنی، گوێگرتنی بێلایەن، گوێگرتنی بێباكانە، گوێگرتنی ئۆپۆزسیۆن).
نووسەر لە بەشێكی كتێبەكەی باس لە شێوازی گوێگرتنی ناتەندروست دەكات و كردوویەتی بە چەندین خاڵ لەوانە: هەڵواسینی دوور، پیشاندانی گوێگرتن، گوێگرتنی هەڵبژاردن، گوێگرتنی خولاوی خود،پاشان هەڵسەنگاندنی گوێگرتن ئەنجامداوە.
پرۆفیسۆر د.فەرهاد عەلی مستەفا لە كارامەیی دووەم باس لە گفتوگۆكردن دەكات و باس لە چەند خاڵێكی گرنگی گفتوگۆكردن كردووە، ئینجا دێتە سەر هەنگاوە سەرەتاییەكانی گفتوگۆكردن، واتە چۆنیەتی ناسینی خۆت كاتێك لەگەڵ كەسێك دەناسیت. هەروەها باس لەوە دەكات كە پێش قسەكردن چی بكەین، چووەتە نێو قوڵایی بابەتەكە و باسی كردوە. دكتۆر فەرهاد لە بەشێكی تر باس لە وە دەكات چۆن وەڵامی پرسیاری ڕاگەیاندنكارەكان دەدەیتەوە .
نووسەر لە تەوەرێكی تر باسی لە ڕەوانبێژی كردووە و كردوویەتی بەچەندین تەوەر لەوانە: تایبەتمەندییەكانی ڕەوانبێژی، ڕەوانبێژی و گەیاندن، شێوازەكانی ڕەوانبێژی زمان، كورتبڕی، درێژ دادڕی، دژیەكی، لێكچوواندن، یەكسانكردن،دژیەكی، جیاكردنەوە، پاڵپشتی و شایەتیدان، ئافەرین و سوپاسكردن، گاڵتەكردن، كە بە وردی چووەتە نێو ئەم باسەوە .
پرۆفیسۆر د.فەرهاد لەبەشێكی تر باسی لە هونەری وەڵامدانەوە كردووە و كردوویەتی بەچەندین بەش لەوانە: تایبەتمەندی هونەری وەڵامدانەوە كە لەچەندین خاڵ پێكهاتووە لەوانە: خێرایی لەوەڵامدانەوە، پێكان و جێگەگرتن، كورتبڕی لە دەربڕین، جوان دەربڕین، بێدەنگكردن و دەمكوتكردن، ئاستی تێگەیشتنی كەسی پرسیاركەر لەم پەرتووكەدا نووسەر هونەری وەڵامدانەوە بۆ چەند مەبەستێك بەكارهێناوە و چەند نموونەیەكی لەهونەری وەڵامدانەوە دیاری كردوە.
هەروەها كارامەیی بەشی شەشەم باس لەكاری بەكۆمەڵ دەكات كردوویەتی بەشە هەنگاو لەوانە: دروستكردنی گرووپ، ڕاهێنان و فێركردن، پەیوەندی باش لەگەڵ ئەندامانی گرووپ، تێڕوانین، دیاری كردنی ئامانج، ڕێزوسوپاس، بە تێروتەسەلی چووەتە نێو بابەتەكە .
لە كۆتایدا دەمەوێ ئەوە بڵێم كە ئەم كتێبە بە یەكێك لە كتێبە بە نرخ و باشەكان دادەنرێت لە بواری كارامەییە كۆمەڵایەتییەكان و دەستخۆشی لە نووسەر دەكەم، هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم .

ھەواڵی زیاتر