سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: جێگەی داخە گەنجی ئێمە بیر لە كۆچكردن بكاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕاشکاوی و ڕووبەڕوو لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان کرد و وەڵامی پرسیار و پێسنیار و داخوازییەکانی هاووڵاتیانی لەو سنوورە دایەوە؛

  • شەریف ئەبوبەكر لە شارۆچكەی سەنگەسەر (دەڤەری قەڵادزێ)
    ئەو بابەتەی من دەمەوێ باسی بكەم، كۆچكردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و وڵاتە ئەوروپاییەكان و هاوشێوەكانیەتی، بە تایبەتی لە سنووری ڕاپەڕین یاخود دەڤەری قەڵادزێ و ڕانیە كە ڕێژەیەكی زۆر زۆر گەنج ڕوو لەو وڵاتانە دەكەن، بە هۆكاری نەبوونی دەرفەتی كاركردنە، سەرەڕای ئاستەنگی ڕێگاكان، ناتوانن لەو وڵاتانە ژیانێكی باش بۆ خۆیان فەراهەم بكەن. پرسیار لە بەڕێزتان دەكەم كە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چیە بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ دەڤەر و ناوچەكەی ئێمە؟
  • سەرۆکی حکوومەت: زۆر سوپاس، بەڕاستی جێگەی داخە كە گەنجی ئێمە بیر لە كۆچكردن بكاتەوە. من دەمەوێ بە ڕاشكاوی لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئێوە قسە بكەم. جارێ ئەو گەنجەی كە كۆچ دەكات ئایا پارەی بۆ كۆچكردن پێویستە یان نا؟ پارە دەدات یان نا؟ بەڵێ پارە دەدات.
    كەواتە با ئێمە بێین خاڵ بە خاڵ تەماشای بكەین كە واقیعی بابەتەكە چییە؟ پێش هەموو شتێك، پێموایە ئەو قاچاخچی و بازرگانە سیاسییانەی كە ژیانی هاووڵاتیانیان كردۆتە كاڵا بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان، ئەوانە تاوانباری یەكەمن. دوایی گەنج دەكەوێتە داوی ئەو كەسانە. ئەم گەنجە كە دەچێتە دەرەوە، گریمان ئەم هەموو مەترسییانەی كە هەیە هەمووی تێپەڕاندن و گەیشتە وڵاتێكی تر، لەوێ حكوومەت ئیشی بۆ دابین دەكات یان خۆی بە دوای ئیشدا دەگەڕێ؟ خۆی بە دوای ئیشدا دەگەڕێ و خۆی دەچێت، هەرچەند ئیش هیچ عەیب نییە، بەڵام هەموو كارێك قەبووڵ دەكات لە دەرەوە بیكات، ئایا لێرە هەمان كار دەكات؟ نەخێر نایكات. هۆكارەكە چییە؟ چونكە لێرە كەوتۆتە ژێر شاڵاوێكی پروپاگەندەی نەرێنیی سیاسی، کە بە گەنج دەڵێت تۆ نابێ وڵاتەكەت خۆش بوێ، نابێ لێرە بمێنیتەوە. ژیانێكیان بۆیان وێنا كردووە كە لە ڕاستیدا نییە و وجوودی نییە. لەم ڕێگەیەدا پارەیەكی زۆری لێدەستێنن و تووشی مەترسیی دەكەن، زۆربەیان ناگەن بە ئامانج، زۆریان لە نیوەی ڕێگە گیان لە دەست دەدەن، دوایی كە دەچنە ئەوێش پەشیمان دەبنەوە، یانیش ژیانێكی وایان تووش دەبێ پەشیمانن لەوەی كە بۆ هاتن یان خۆزگە بگەڕاباناوە.
    ئێستا ئەمە بەشێكە، بەشەكەی تری ئایا ئێمە لە هەرێم دەتوانین چی بكەین؟ هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی گرنگیی بە فرەچەشنكردن و هەمەجۆركردنی ئابووری لە كوردستان بدەین بۆ ئەوەی تەنیا پشتبەستنی ئێمە لەسەر وزە و ناوت و گاز و ئەمانە نەبێت. گرنگیمان بە كشتوكاڵ داوە، گرنگیمان بە بووژانەوەی گەشتوگوزاری داوە، گرنگیمان بە پیشەسازی داوە. بەڵام ئەمە بە شەو و ڕۆژێك ناكرێت.
    خۆزگە بەرنامەیەكی ڕێكوپێك لە ساڵانی رابردوو هەمووی هەبوایە بۆ ئەوەی ئێستا بەرهەمەكانیمان ببینیایە، بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، ئەوەی كە دەكرێ هەنگاوێكە، ئێستاش دەبینین، بۆ نموونە ئێمە دەرگامان كردۆتەوە تاوەكو خەڵكانێك، ئێستا جووتیارەكانی ئێمە زیاتر لە جاران ڕوویان لە كشتوكاڵ كردۆتەوە. بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان ساخ بكەنەوە، ژمارەیەك خەڵك هەن كە بازرگانی دەكەن و كۆمپانیایان دروست كردووە تەنانەت بۆ بابەتی پیشەسازیی خۆراك، ئەمە خۆی دروستكردنی هەلی كارە. هەندێكیان هەناردەی دەرەوەی دەكەن و بازرگانی پێوە دەكەن، ئەمە خۆی دروستكردنی هەلی كارە. هەندێ خەڵكی پسپۆڕی دەوێ بۆ راپەڕاندنی ئیش و كارەكان، ئەندازیاری دەوێ، ئەمە هەمووی دروستكردنی هەلی كارە. خۆ هەلی كار شیعارێك نییە، ئەم جۆرە هەنگاوانەیە كە هەلی كار دروست دەكەن. هیوادارم ئەم گەنجانەی ئێمە چاو زیاتر لەوە بكەن كە خۆیان دەتوانن چی بۆ خۆیان بكەن و چۆن كار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، حكوومەتیش دەتوانێت ئاسانكارییان بۆ بكات. بەڵام دەبێت پێش هەموو شتێك خۆیان ئارەزوویان هەبێت، لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و لە وڵاتی خۆشیان ئیش بكەن.
    لێت ناشارمەوە ئێمە بە دەیان هەزار کرێکاری بیانی ئێستا لە كوردستان كار دەكەن، ئەگەر كار نەبێت ئەوانە كاریان لە كوێ دۆزیوەتەوە؟ تكام وایە پێش هەموو كەسێك هاووڵاتی بیر لەوە بكاتەوە كە ئەم وڵاتە هی خۆیەتی، با بازرگان و هیچ بازرگانێكی سیاسیش یاریی بە چارەنووسی گەنجەكانمان نەكات، گەنج خۆی بڕیاری خۆی بدات، ئەگەر ویستی بۆ خوێندن بڕواتە دەرەوە، ویستی بۆ باشتركردنی بژێویی ژیانی خۆی بڕوا بۆ دەرەوە، ئەمە شتێكی ئاساییە و لە هەموو شوێنێكی دونیا شتی وا ڕوودەدات، بەڵام لە ناچاری باوەڕ بكە ئەوەی كە بە ناچاری بۆی دەڕوات، لەوێ بە دەستی ناكەوێت، كوردستان هەر باشترە، هەر شیرینترە، هەر زیاتریش دەتوانێ ئامێز بۆ گەنجی خۆی بكاتەوە.
    بەرنامەمان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ بزنسی نوێ بۆ خۆیان بكەن، یانی یارمەتیی ئەو كەسە دەدەین كە بیەوێ یارمەتیی خۆی بدات، دەبێ داهێنەر بێ و بیرۆكەی هەبێ و دەبێ ئارەزووی هەبێ، بیەوێ ئیش بكات، حكوومەت بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات. ئەمە پرۆسەیەكی دوو لایەنەیە، باوەڕ بكە ئەگەر هاووڵاتی بیەوێ لەگەڵ حكوومەت پەیوەندییەكی تەندروست دروست بكات، زۆر لەو كێشانە چارەسەر دەبن.
    هەروەها، مەسرور بارزانی، لەبارەی هەژماری منەوە، وتی: (هەژماری من) نە پرۆژەیەكی شەخسییە و نە پرۆژەیەكی حزبییە، تەنیا شتێكە كە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە. ئەو هاووڵاتییە فەرمانبەرەی كە مووچە وەردەگرێ، ئەمجارە لە حكوومەت مووچەكەی وەردەگرێ، نە لە بەرپرسێكی سیاسی، نە لە بەرپرسێكی عەسكەری، نە مەجبووری كەسێك دەبێ كە خۆی بە گەورەتر بزانێ، توانای ماددی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە و هاووڵاتی دەبێ بە خاوەنی ئیرادەی خۆی و خاوەنی حیسابی بانكیی خۆی.
    سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: چەندین خزمەتگوزاری هەیە كە لە هەژماری من بۆ هاووڵاتی پێشكەش دەكرێت. وابزانم 19 خزمەتگوزاریی جیاواز هەیە كە یەكێك لەوانە وەرگرتنی قەرزە. هاووڵاتی دەتوانێ قەرز وەربگرێ لە بانك، دەتوانێ ئیشوكار بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەوانەشە بتوانێ بزنسێك بۆ خۆی ڕێك بخات و بە مروری زەمان لەوانەیە دواتر بتوانێ پەرەی پێ بدات و گەورەتری بكات.
    ئەوەشی خستەڕوو: سوودمەندبوو لە پرۆژەی هەژماری من، دەتوانێ وەكوو هەموو كەسێك لە دونیای پێشكەوتوو، سوود لە خزمەتگوزاریی بانكی وەربگرێت. دەتوانێ لە جیاتی ئەوەی بە پارەی كاش مامەڵە بكات، بە كرێدیت كار مامەڵە بكات، نەك تەنیا لە كوردستان، لە دەرەوەی كوردستانیش. یانی پرۆژەیەكە تەنیا لە خزمەتی هاووڵاتیدایە، من نازانم بۆ دژایەتیی دەكەن؟ ئەوەی دژایەتیی دەكات و ئەوەی دژی پرۆژەی (هەژماری من) قسە دەكات، باوەڕ بكە یان لێی نازانێ، یانیش ئەوەیە كە نایەوێ هاووڵاتی خاوەن بڕیاری خۆی بێ و دەیەوێ هەمیشە وەكوو حزبی سیاسی هاووڵاتی بەكار بهێنێت، تۆ دەبێ ئەوەم بۆ بكەی ئەگینا مووچەت نادەمێ، تۆ دەبێ لەگەڵ من بی ئەگینا داتنامەزرێنم.
ھەواڵی زیاتر