بەڕێوەبەری نەوت ئاشکرایکرد کە لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێ بەدابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییانی دانیشتووی دەورووبەری شاری هەولێر.
ئاری کاکەشین سابیر، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕاگەیاند: ” لە سەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانەسرووستیەکان بەردەوامین لە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەکان کە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و دەگاتە شاری هەولێر”.
ئەوەشی خستەڕوو هەفتەی داهاتوو لە چەند ناوچەیەکی هەولێر نەوت دابەش دەکرێ، گوتیشی: “لە هەفتەی داهاتوو دەست دەکەین بەدابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانی دانیشتووی دەورووبەری شاری هەولێر لە قوشتەپە، بەستۆرە، دارەتوو، بەحرکە، کەسنەزان، بنەسڵاوە، خەبات و شوێنەکانی تر”.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاشکراشیکرد، بڕی 55 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک وەردەگیرێت.
بۆ ئەوەی هەر خانەوادەیەکی پارێزگای هەولێر بەرمیلێک نەوت وەربگرێ دەبێ زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر ناوت بەر دەست بێ.