ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ مووچەی فەرمانبەران و دوو پرسی دیکەی گرنگ تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مووچەى مانگى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوکەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو حکوومەتى هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەبارەى دەروازە سنوورییەکان دەکرێت.
هەر چی بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەشە، تایبەت دەبێت بە پرسى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى بە گوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو.