حەمەسەعید حەسەن
(به‌ره‌به‌یان که هه‌ڵده‌سان
ئه‌و دڵنیا نه‌بوو
تا ئێواره بژی،
به‌ڵام ڕیشی ده‌تراشی،
ئه‌م دڵنیا نه‌بوو
تا ئێواره بژی،
به‌ڵام شیوی لێ ده‌نا،
پرچه‌کانی داده‌هێنا،
ژووره‌که‌ی پاک ده‌کرده‌وه،
گۆرانیی بۆ حیزبێک ده‌گوت
له شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاوا
(ئه‌م)ی کرده بووک،
(ئه‌و)یش به زاوا.) ل٢٢٥
دڵشاد مه‌ریوانی له یه‌که‌مین کۆشیعریدا (فرمێسک و زه‌رده‌خه‌نه ١٩٦٧) (مانگ)ی به (که‌شتییه‌کی زیوین) شوبهاندووه و له‌بری ئه‌وه‌یشی بڵێت: پێش ئه‌وه‌ی بمرم، گوتوویه‌تی: (پێش ئه‌وه‌ی کاسه‌ی ژینم بڕژێ،) که کێشانی دوو وێنه‌ی جوانه به وشه، زاده‌ی سه‌لیقه‌یه‌که، ته‌نیا شاعیر شکی ده‌بات. شاعیر هه‌یه لێ ده‌گه‌ڕێت، له کانیاوی ناخییه‌وه، بەبێ هیچ به‌ربه‌ستێک، شیعر ئازادانه به‌وپه‌ڕی هێزییه‌وه هه‌ڵبقوڵێت. ئیدی ئه‌و ههڵقوڵینه شیعرییه، نه سنوور ده‌ناسێت، نه مل بۆ هیچ ڕێسایه‌ک نه‌وی ده‌کات، نه ده‌که‌وێته به‌ر مه‌قه‌ستی سانسۆری خودی شاعیره‌وه، نه خۆی له هیچ فۆرم، قه‌واره و ڕێکخستنێکدا ده‌بینێته‌وه. ئه‌و جۆره شیعره هه‌ر له منداڵێک ده‌چێت که له‌گه‌ڵ له دایکبوونیدا، ناسنامه‌ی خۆی پێ بێت.
دڵشاد مه‌ریوانی، لێ ده‌گه‌ڕا، شیعره‌کانی خۆڕسکانه له ناخییه‌وه ههڵبقولێن، له چرکه‌ساتی یه‌که‌مدا، چۆن سه‌ریان هه‌ڵده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستکارییان بکات، بڵاوی ده‌کردنه‌وه، واتا: جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌نێوان ڕه‌شنووس و پاکنووسیدا نه‌بوو، ئه‌وه بۆیه شیعره‌کانی تایبه‌ت بوون به خۆی، قوتابیی هیچ قوتابخانه‌یه‌کی شیعری نه‌بوون. مه‌حموود ده‌رویش ده‌ڵێت: (من له شیعردا لایه‌نی گۆرانی ده‌گرم، ئه‌و که‌شوهه‌وایه‌ی ئینسانی تێدا ده‌ژی، هێنده خه‌مناکه، پێویستی به ڕوونیی هه‌یه له ده‌ربڕیندا، ئه‌و ڕوونییهیش مه‌گه‌ر ته‌نیا له گۆرانیدا هه‌بێت.)(١) ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌رویش هه‌ر ده‌ڵێیت قسه‌ی دڵی دڵشاد مه‌ریوانیشه.
(ڕووت و ته‌نیای
ڕووت و ته‌نیام
وه‌ره باخه‌ڵمه‌وه، بنوو
که‌ی له من جیای
که‌ی له تۆ جیام
ئه‌ی حه‌قیقه‌ت.) ل٣٤٤
دڵشاد مه‌ریوانی له‌ڕێی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی شته بچووکه ڕۆژانه‌یییه‌کانه‌وه، ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر کێشه هه‌ره گه‌وره و گرنگه‌کانی ژیان. که باسی شتێکی به ڕووکه‌ش تایبه‌ت به خودی خۆی ده‌کات، له‌ودیو په‌یڤه‌کانییه‌وه، هه‌ست به‌و مه‌سه‌لانه ده‌که‌ین که دنیایان سه‌رقاڵ کردووه. که به ناخی خۆیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، ئه‌وه سه‌رقاڵی وه‌ده‌رخستنی ناخی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه. شیعره‌کانی نه بایه‌خ به دیکۆر ده‌ده‌ن، نه به زه‌خره‌فه، نه به وشه‌ی گران، نه به ده‌ربڕینی قه‌به. ڤیکتۆر هیگۆ و ئه‌لفرێد دی موسێ باڵای پهخشانیشیان وه‌ک هی شیعریان بڵندبوو. (دڵشاد مه‌ریوانی)یش یه‌کێکه له‌و شاعیره کوردانه‌ی چیرۆکه‌کانی هاوباڵای شیعره هه‌ره جوانهکانییهتی.
(میشیل تورینێ) ده‌ڵێت: (نیشانه‌یه‌کی مشت‌ومڕ هه‌ڵنه‌گر که له‌وه دڵنیامان ده‌کاته‌وه، که‌سێکمان خۆش ده‌وێت، ئه‌وه‌یه هیچ جێیه‌کی له‌شی ئه‌و که‌سه، هێنده‌ی ڕووخساری هه‌ستمان نابزوێنێت.) دڵشاد مه‌ریوانیی عاشق یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی، له‌به‌ر تریفه‌ی مانگی ڕووخساری ژن‌دا، جوانترین شیعری بۆ ستران نووسیوه:
له‌به‌ر خاتری ئه‌و جووته چاوه،
بووم به نه‌مامێ له جاده‌ی کاوه. ل٣٩١ که (عوسمان عه‌لی)ی نه‌مر گوتوویه‌تی. یان:
ڕوو وه‌رمه‌گێڕه، خۆت لێم لا مه‌یه،
که ناویان هێنام، مه‌ڵێ کامه‌یه! ل٣٦٠ که سامان عومه‌ر گوتوویه‌تی، وه‌لێ باڵاترین شیعری به‌گۆرانی گوتراوی دڵشاد، (خه‌وی سه‌وز)ه که (حه‌مه‌ی نێرگز) چڕیویه‌تی و له کۆتاییه‌که‌یدا ده‌ڵێت:
وه‌ک کۆتریکی لانه‌واز
ته‌ره و ماندووم
هاتووم له‌ناو چاوه‌کانتا
تێر تێر بنووم. ل٨٧
(له ناخی هه‌موو پیاوێکدا، گه‌نجێکی هه‌وه‌سباز هه‌یه،) ئه‌وه بۆیه هه‌ندێک جار شیعری دڵشاد مه‌ریوانی له به‌رهه‌می هه‌ست و بیری گه‌نجێک ده‌چێت که تینوو بێت بۆ ماچ و برسی بێت بۆ ئامێز، وه‌لێ زۆربه‌ی جار شیعری ئه‌و وابه‌سته‌ی میلله‌ته، به ڕوونی له سه‌نگه‌ری گه‌له‌وه، به‌گژ دوژمن‌دا ده‌چێته‌وه و له مه‌ته‌رێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌وه، سێرهی له دوژمن گرتووه. به‌گشتی به شیعری دڵشاد مه‌ریوانییه‌وه ئه‌وه دیاره که بڕوای وایه، له ده‌ره‌وه‌ی خه‌م و هیوای خه‌ڵک، شتێک نییه به ناوی شیعره‌وه و خه‌ون و خه‌یاڵیش له‌کن وی هه‌ر زاده‌ی واقیعه‌که‌ن.
که له (لۆرکا) ده‌پرسن، ئه‌وه بۆچی هێنده بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌ده‌یت، ده‌ڵێت: ئه‌وه چونکه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌م، داکۆکی له زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوم بکه‌م.(٢) لایه‌نی هاوبه‌ش له‌نێوان لۆرکا و دڵشاد مه‌ریوانیدا که‌م نین، لۆرکا به‌رده‌وام ده‌ینووسی، وه‌ک دڵی خه‌به‌ری دابێت که زوو ژیان بەجێ ده‌هێڵێت، ئه‌وه نییه ده‌ڵێت:
(ئاخ! ئه‌وه مه‌رگه
که له‌سه‌ر ڕێی کۆردۆبا
چاوه‌ڕێم ده‌کات.)
فاشیسته‌کان لۆرکایان کوشت، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕێی (کۆردۆبا) نا، له نزیک (گرانادا.) دڵشادیش وه‌ک لۆرکا، هه‌م زۆری ده‌نووسی و هه‌م له بوارگەلی جیاوازیشدا، ئه‌میش وه‌ک ئه‌و، فاشیسته‌کان کۆتای‌یان به ژیانی هێنا. دڵشادیش وه‌ک لۆرکا، به ڕێگه‌ی ئاسان و خۆڕسک، مانای قووڵی به‌رهه‌م ده‌هێنا. لۆرکا شیوه‌ننامه‌یه‌کی هه‌یه، که بۆ براده‌رێکی نزیکی نووسیوه، هه‌ر ده‌ڵێیت شین بۆ خودی خۆی ده‌گێڕێت، دڵشادیش شیوه‌نێک بۆ (ئه‌کره‌می حه‌پسه) که به‌عس له مووسڵ له سێداره‌ی دا، ده‌کات، هه‌ر ده‌ڵێیت به‌هۆی ژیانی ئه‌وه‌وه باس له داهاتووی خۆی ده‌کات.
ده‌شێت جیاوازییه‌کی زه‌ق له‌نێوان قسه و کرده‌وه‌ی هه‌ندێک شاعیردا هه‌بێت، دڵشاد مه‌ریوانی له‌و شاعیرانه نه‌بوو، که هیچی هاوبه‌ش له نێوان ڕه‌وتار و گوتاریاندا نییه، ئه‌و به‌کرده‌وه‌یش به‌شێک بوو له شیعره‌کانی، له ده‌ره‌وه‌ی شیعر، ژیانێکی دیکه‌ی جیاوازی نه‌بوو، شیعر درێژه‌پێدانی ژیانی بوو، ئه‌وه نییه ته‌واو وه‌ک خۆی پێشبینیی کردبوو، ژیانی وه‌ها کۆتایی هات.
(من ده‌زانم ده‌کوژرێم
من ده‌زانم ته‌رمه‌که‌م
له سارایه‌ک فڕێ ده‌درێ
وا ده‌شێوێ
هاوڕێیانم نامناسنه‌وه…..)
تاقه ئه‌دیبێک که بتوانێت، ڕاستگۆیانه باسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌رگدا بۆ بکات، (ده‌ستۆیفسکی)یه، ئاخر ئه‌و کاتێک له سه‌ره‌ی ئیعدامکردندا ڕاوه‌ستابوو، به‌ر لێبوردنی سیزار که‌وت و له گۆڕه‌پانی مه‌رگه‌وه، ژیانی بۆ نووسرایه‌وه. جێی داخ و حه‌سره‌ته نه لۆرکا، نه دڵشاد مه‌ریوانی، به‌خت یاوه‌ریان نه‌بوو، له گۆڕه‌پانی مه‌رگه‌وه نه‌گه‌ڕانه‌وه ناومان.
(که هاته‌وه زۆر ماندوو بوو
هه‌تا ئه‌م پیاڵه‌کانی شت
ئه‌و نوستبوو
وتی قه‌ینا بۆ سبه‌ی شه‌و
به‌ڵام سبه‌ی شه‌و که هاتن
هێشتا ماچی نه‌کردبوو….) ل١٩٣
جوانترین شیعره‌کانی دڵشاد مه‌ریوانی، ئه‌وانه‌ن که له چیرۆکی کورت ده‌چن، قاره‌مانانی ئه‌و شیعرانه، له کاتێکدا به شێوه‌یه‌کی ئاسایی، ژیان ده‌گوزه‌رێنن و سه‌رقاڵی دابینکردنی بژێوین، له‌ناکاو ده‌ستی ئاسنینی به‌عس ده‌یانگاتێ و به ده‌ستڕێژێک سه‌ریان به‌سه‌ر شانیاندا لار ده‌بێته‌وه. یان هیچ نه‌بێت به به‌رگی ناو جێوه، بەبێ ئه‌وه‌ی فریای ماچی ماڵئاوایی بکه‌ون، به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیاریان ده‌به‌ن. زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆکه کورتانه به‌و شێوه‌یه کۆتایی‌یان دێت که ژیانی شاعیری پێ دوایی هات.
(شیرم به تووتک حه‌ڵاڵ بێ
نه‌ک به‌و کوڕه‌ی که پاکانه‌ی له خه‌یاڵ بێ
ڕۆڵه ئه‌وه‌ی پاکانه پڕ ده‌کاته‌وه
دووباره کۆست ده‌خاته‌وه
شه‌هیده‌کان له‌نوێ شه‌هید ده‌کاته‌وه
سه‌ری دایکێک نانهوێنم
به شیری گۆشی کردبم
بینای حیزبێک ناڕووخێنم
به خوێنم گۆشم کردبێ.) ل٣١٢ و ٣١٤
ڕه‌نگه (پاکانه) ناودارترین شیعری (موزه‌ففه‌ر نه‌وواب) بێت، دڵشاد مه‌ریوانی ئه‌وه‌نده هونه‌رمه‌ندانه پاچڤه‌ی کردووه، هه‌ر ده‌ڵێیت ئۆرجیناڵه، ئه‌مه‌یش به‌شێکی ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، شیعره‌که‌ی هێنده له‌کن جوان بووه، حه‌زی کردووه، یه‌کێک بووایه له شیعره‌کانی خۆی.
گۆگۆڵ (١٨٠٩ – ١٨٥٢) وێڕای ئه‌وه‌ی نووسه‌رێکی گه‌وره بوو، ئه‌کته‌رێکی (کۆمیدیان)یش بوو که له ئه‌نجامی تووشبوونی نه‌خۆشیی (خه‌مۆکی)یه‌وه، کۆچی دوایی کرد. دڵشاد مه‌ریوانی بۆ یه‌ک جار به‌شداری له نواندندا ده‌کات، له (لانه‌وازان)دا، ڕۆڵێک نمایش ده‌کات که هاوزه‌مان تراژیدیا و کۆمیدیایش ده‌بێت. ئه‌وی یه‌ک جار ئه‌و کاره هونه‌رییه‌ی دیتبێت، ئه‌سته‌مه کاره‌کته‌ری (قوتبه‌دین)ی له بیر بچێته‌وه که ئه‌وه دڵشاد مه‌ریوانی بوو، گیانی کردبوو به به‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌دا، ئاخر ئه‌وه کارێکی ئاسایی نییه، ڕۆڵێک وازی بکه‌یت بینه‌ر هاوزه‌مان به‌زه‌یی پێتدا بێته‌وه و پێکه‌نینیشی پێت بێت.
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئیعدامدان وای بۆ ده‌چن: (بۆ تۆقاندنی خه‌ڵک، پێویستیان به دیمه‌نی ترسناک هه‌یه.)(٣) سه‌روه‌ختی به‌ره‌و مه‌رگ چوون، ڕۆشنبیران زێتر له که‌سانی دیکه، ترسیان لێ ده‌نیشێت، له‌به‌ر ئه‌وه نا که ئه‌و توێژه، هێنده‌ی خه‌ڵکی دیکه ئازا نین، له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه له خه‌ڵکی تر خهیاڵفراوانترن. ئینسان که به‌ره‌و ڕووی مردنی مسۆگه‌ر ده‌بێته‌وه، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی چۆن بیر ده‌کاته‌وه، هه‌ر ڕۆحی هه‌ره‌س ده‌هێنیت.)(٤) دڵشاد مەریوانی (١٣ی ئاداری ١٩٨٩) گیانی لێ زه‌وت کرا، واتا هه‌ر دوو ساڵێک پێش ڕاپه‌ڕین ئیعدام کرا، بریا تا ٧ی ئاداری ١٩٩١ ژیابا و ڕاپه‌ڕیوان، ئه‌ویشیان له‌ژێر چنگی به‌عس قوتار کردبا. ئه‌وسا ئه‌و که ته‌مه‌نی بریتی‌بوو له زنجیره‌یه‌ک سه‌رکێشی و ژیانی زۆر جیاواز بوو له ژیانی ئه‌دیبانی دیکه، ئه‌ده‌بێکی سه‌رنجڕاکێشتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتری له‌وه‌ی له پاشی بەجێ ماوه، ده‌نووسی. دڵشاد مه‌ریوانی له نێوان شکۆمه‌ندی و ژیاندا، یه‌که‌میانی هه‌ڵبژارد، ئه‌گه‌رنا له تافی به‌خشیندا، ژیانی له‌کیس نه‌ده‌چوو. ئایا ئه‌وه جێی ڕامان نییه که ماوه‌ی نێوان گرتن و (جیاکردنه‌وه‌ی گیانی له جه‌سته‌ی،) ته‌نیا مانگێک بوو!
ئه‌لبێرکامۆ ده‌ڵێت: (که خۆشه‌ویستێکمان تووشی نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت ده‌بێت، زمانمان نایهێنیت، به‌ڕاشکاوی ناوی نه‌خۆشییه‌که بهێنین، ئه‌وه نییه که که‌سێکمان تووشی سیل ده‌بێت، ده‌ڵێین تووشی نه‌خۆشیی سینگ بووه، یان له‌بری شێرپه‌نجه، لوو(وه‌ره‌م) ده‌ڵێین.)(٥) ئه‌وه چونکه دڵم نایه‌ت، بڵێم کوشتیان، بۆیه گوتوومه کۆتای‌یان به ژیانی هێنا، یان گیانی لێ زه‌وت کرا. ئه‌وانه‌ی دڵی ناسکی (دڵشاد)یان شکاند و ناچاریان کرد له شاخه‌وه ڕوو بکاته‌وه شار و دواتر به‌عس ده‌ستگیری بکات و گوڵی ژیانی هه‌ڵبوه‌رێنێت، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ویژدانێکی زیندوو بوونایە، نەیاندەتوانی به ئارامی درێژه به ژیانیان بده‌ن.
*
(١) صلاح فضل، محمود درویش حالة شعریة، کتاب دبی الثقافیة، عدد٢٨ سبتمبر٢٠٠٩
(٢) عبده وازن، لورکا شاعر الینابیع و الفقراء، دبی الثقافیة، عدد ٥٤ ص١٠٦ نوفمبر ٢٠٠٩
(٣) ألبیر کامو، المقصلة، ترجمة: جورج طرابیشی، ص١٧ الطبعه الأولی، دار المدی ٢٠٠٧ دمشق.
(٤) ألبیر کامو، المقصلة، ترجمة: جورج طرابیشی، ص٣٩ الطبعه الأولی، دار المدی ٢٠٠٧ دمشق.
(٥) ألبیر کامو، المقصلة، ترجمة: جورج طرابیشی، ص١٢ الطبعه الأولی، دار المدی ٢٠٠٧ دمشق.
(٦) دڵشاد مه‌ریوانی، کۆبه‌رهه‌م، ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٩ هه‌ولێر.
- له ڕوانگه‌ی لۆرکاوه، واڵت وایتمان پیره‌مێردێکی جوانی ڕیش ته‌ژی له په‌پووله بوو.
** کۆردۆبا و گرانادا، ئه‌و دوو شاره‌ن که عه‌ره‌ب کردوونی به قورتوبه و غه‌رناته.