ئەمڕۆ (١٠) ساڵ بەسەر داگیرکردنی مووسڵدا تێدەپەرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ دووشەم دە ساڵ بەسەر ڕووداوێکی کارەساتباری عێراق تێدەپەرێت کە بۆ ماوەیەک تەواوی وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەولەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد، ڕووداوێک کە کۆمەڵێک لێکەوتەی زۆر مەترسیداری بەدواوە بوو. تا ئەم ساتە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە خەسارناسی بۆ ئەو کارەساتە بکات و گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی بدات.

داگیر کردنی مووسڵ
شەوی نۆ لەسەردەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق کۆنترۆڵ بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت ڕابگەیەنن و دژەمرۆڤانەترین یاساکان جێبەجێ بکەن. ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی ئەو شەوە هێرشیان کردە سەر مووسڵ چەند سەد کەسێک دەبوون کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ وسەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان و بنکەکانی سەربازیی حکوومەتی عێراقیان کۆنترۆڵ کرد.
دواتر ڕووداوەکە وێڕای لێکەوتنەوەی زۆرترین قوربانی مرۆیی، هەموو وڵاتانیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆی و خاکی عێراق و سووریا بووە مەیدانی نمایشی دڕندانەترین مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی.

عێراق پێش داعش
کەشی سیاسیی ئەوکاتی عێراق پێش سەرهەڵدانی داعش کەشێکی دوژمنکارانە بوو و حکوومەتی عێراق بە هەموو هەوڵێکەوە هەوڵی سڕینەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دەدا و بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەیویست خۆی بەسەر یاسا و ماف و پڕەنسیپەکاندا بسەپێنێت.
کێشە و ناکۆکیی پەنگخواردووی ناوخۆیی و تایەفییەکانی عێراق و پێشێلکردنی مافی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لە لایەن پێکهاتەی زۆرینە کە بۆ ماوەی دە ساڵ بوو باڵی بەسەر عێراقدا کێشابوو هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی بەشێک لە سوننە یاخیبووەکان و تەنانەت خەڵکی ئاسایی پێکهاتەی سوننە پێشوازی لە تیرۆریستانی داعش بکەن. حوکمی مووسڵ لە شەوێکدا گۆڕا و لە جیاتی سوپای عێراق تیرۆریستانی داعش بە شەقامەکانی شارەکەدا بڵاو بوونەوە و ئەبووبەکر بەغدادی لە مووسڵەوە خەلافەتەکەی خۆی ڕاگەیاند.

گەندەڵی
سوپای ئەوکاتی عێراق کە خاوەنی پێشکەوتوترین چەک بوو و بە ملیاران دۆلار بۆ پۆشتەکردنی خەرج کرابوو نەیتوانی دوو سەعات بەرگری لە شارەکە بکات و هەرچی جبەخانە هەیە ڕادەستی تیرۆریستانی داعشی کرد.
ئەو کات سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و ئەوەی بیر بەغدا هێنایەوە کە دەمێکە پێیان دەڵێن دۆخەکە نالەبارە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق لەئارادایە بەڵام گوێیان بەو قسانە نەدا تا دواجار عێراق تووشی کارەساتێکی مرۆیی بوو.
داگیرکردنی مووسڵ سەرەتایەک بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو هەمووە تاوانەی لە زیاتر لە سێ ساڵی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و نزیکەی پێنج ساڵ دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە لە سووریا تووشی مرۆڤایەتی بوو.

تاوانەکانی داعش
هەرسێ مانگ دوای داگیرکرانی مووسڵ بوو کە تیرۆریستانی داعش گەورەترین تاوانیی جینۆسایدیان دژی ئێزدییەکان ئەنجام دا و هەزاران کەسیان لێ کوشتن و بە هەزارانی تریان دەستبەسەرکرد. جگە لە ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەسیان کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە دۆخێکی سەختدا ژیان و کاریگەرییەکانی ئەو تاوانەش بە دەیان ساڵی تر لەسەریان لاناچێت.
رووخانی مووسڵ تەنیا زیانی گیانی نەبوو بەڵکو بووە سەرەتای وێرانبوونی بەشێک لە شارستانییەت و کولتور و شوێنەواری ناوچەکە. مووسڵ بە گشتی و دەشتی نەینەوا بە تایبەتی کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە خەڵكی جیا و ئاین و مەزهەب و نەتەوەی جئیاوازیان تێدا ژیاوە ئیتر ئەو پێکەوەژیانە نەما و هەموو هەنگاوەکان بۆ زاڵبوونی لایەنێکی توندئاژۆ بوو.

جینۆسایدی ئێزدییەکان
ئێزدییەکان کە زۆرلێکراوترین نەتەوە و پێکهاتەی ناوچەکە بوون هێشتا بە هەزارانیان بێ سەروشوێنن و نەیانتوانیوە بۆ شوێنی سەرەکی ژیانیان بگەڕێنەوە و وەک جاران شوێنە پیرۆزەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. جگە لە ئێزدییەکان کریستیانەکانیش لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین و ژمارەیەکی زۆریان لێ ئاوارە بووە کە هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ڕۆڵی پێشمەرگە
پێشمەرگە کە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریی لە ڕزگارکردنی شنگال و مووسڵ و ناوچەکانی تردا هەبوو ئەمڕۆ لە جیاتی پاداشت و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانیان پێدانی مووچەکانیان دواخراوە و نزیکەی هەفتا ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەغدا بە بیانووی جیاواز لەو مافە سەرەکییەیان بێبەشی کردوون.
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکرێتەوە کە هێشتا خەسارناسی بۆ کارەساتەکە نەکراوە و کەم نین ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەی بە هەمان ئاوازی ڕابردوو دژایەتی مافی پێکهاتەیەکی سەرەکیی وەکوو کورد دەکەن و دەخوازن قەوارەکەی لەناو ببەن، لە کاتێکدا پێویست بوو کار بۆ بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە بکرێت کە دامەزراندنی داعش و نەهامەتییەکانی دواتری بەدواوە بوو، دەبوایە کار بۆ نەمانی گەندەڵی بکرێ و پشتی ئەو هێزانە قایم بکرێ کە پشتی داعشیان لە زەوی دا.

ھەواڵی زیاتر