‏‎بەرپرسیارێتی واتا مرۆڤبوونی ڕاستەقینە

لیا سیفەدین

‏‎هەستکردن بە”بەرپرسیارەتی” یەکێکە لە خەسڵەت و سیفەتە جوانەکانی مرۆڤ کە پێویستە لەژیان و هەڵس و کەوتیدا رەنگ بداتەوە.
‏‎بەرپرسیارێتی پرسێكی ئەخلاقی و مرۆییە زیاتر لەوەی کە پرسێکی ئیداری و سیاسی بێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەم پرسە بۆ بواری سیاسی و ئیداری و حوکمڕانی گرنگ نەبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ ئەو بوارانەش بەرپرسیارەتی بنەماو پایەی زۆر گرنگە چونکە بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارەتی ئەو کەسانەی کە لەو بوارانەدا کار دەکەن هەم بوارەکە زیان بە مرۆڤ و کۆمەڵگا دەگەیەنێت هەم کەسەکان کە لەو بوارانەدا کاردەکەن ئیستغلالی بوارەکان دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام ئەم پرسە (بەرپرسیارەتی ) پرسێکی زیاتر ئەخلاقیە، بۆچی ئەخلاقیە ؟ چونکە مرۆڤەکان زۆر کات دەتوانن بۆشایی بدۆزنەوە یان لەپشتی پەردەوە دەربچن لەیاساو نۆرمە کۆمەڵایەتی و یاسایی و سیاسی و ئیداریەکان و بتوانرێت ئاشکراش بکرێن و لە لێپرسینەوە و سزا قورتار ببن بەڵام ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەم جۆرە کارانەدا هەستکردنی مرۆڤەکانە بە بەرپرسیارەتی بەرانبەر کارەکەیان و بەرانبەر ئەوانی دیکەش.
‏‎ بەرپرسیارێتی کاتێک لەلایەن كۆمەڵگەوە یان دەزگایەكی فەرمی و ئیداری یان نافەرمی و كۆمەڵایەتیەوە دەخرێتە سەرشانی تاكێك بەوەی پێگەیەكی پێ دەدرێ و چوارچێوە و یاساو ڕێسای کاری بۆ دیاری دەکرێت ئەوە پێێوستە ئەو تاکە بۆخۆیشی لەپاڵ ئەو بەرپرسیارەتیە فەرمیەدا بەرپرسیارەتی و پابەندی ئەخلاقی بخاتە سەرشانی خۆی و ئەرکەکەی چی وەک کارمەند یان فەرمانبەرێک و چی وەک مرۆڤێکی بە ئەخلاق ئەنجام بدات.
‏‎کاتێک ڕێت دەکەوێتە فەرمانگەیەک لەوێ بەرپرسی فەرمانگەکە یان کارمەندێکی ئەو فەرمانگەیە بە زمانێکی شیرین و ڕێزەوە هەڵس و کەوتت لەگەڵ دەکات و کارەکەت بۆ بەرێ دەکات ئەوە بزانە کە ئەو کەسە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی پاڵنەریەتی کە بەو جۆرە هەلس و کەوتت لەگەل بکات دەنا بەداخەوە یاساو ڕێنماییەکان وەک پێویست زمان شیرینی و ڕێزگرتن ناکەنە ئیجباری لەسەر بەرپرسان و فەرمانبەران و کارمەندانی دام و دەزگاو شوێنە گشتی و تایبەتیەکان، کاتێک بەرێگا دەرۆیت و منداڵێک دەبینی کە خەریکە ئوتومبێل لێی بدات و تۆ فریادەکەویت و ناهێڵیت، بەتەمنێک دەیەوێت لەجادە بپەڕێتەوە تۆ هاوکاری دەکەیت، دراوسێکەت دەمرێت یان نەخۆشە و تۆ بەهانایەوە دەچیت، دووکەس شەڕیانە و تۆ دەکەویتە ناوبژیکردنیان و لێکیاندوور دەخەیتەوە، مامۆستایت و زۆر بە خەمخۆرانە وانە بە قوتابیەکان دەڵێیتەوەو زیاتر لەوەش هاوکاریان دەبیت بۆ پێدانی زانیاری زیاتر، پزیشک یان کارمەندی تەندروستیت و زۆر خەمخۆرانەو دلسۆزانە پشکنین بۆ نەخۆش دەکەیت یان چاودێری باری تەندروستی دەکەیت، زۆر کاری دیکەش کە رۆژانە مرۆڤەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە هەموو ئەمانە بەرپرسیارەتی ئەخلاقین کە مرۆڤ جێبەجێیان دەکات، هەر کۆمەڵگەیەک زۆرترین مرۆڤی لەم جۆرەی تێدابێت ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەختەوەر دەبێت، بەڵام کاتێک کۆمەلگەیەک کەمترین مرۆڤی تێدابێت کە هەست بەبەرپرسیارەتی بکات بەرانبەر ئەرک و کارەکەی و بەرانبەر مرۆڤەکانی دیکەو سروشت و ژیان ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو داروخانی ئەخلاقی و مرۆیی و ژیانیی دەچێت.
‏‎ لایەنێکی دیکەیش کە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت مافی کەسانی تر پێشێل نەکات یان سوکایەتی بە بیروڕا و بۆچوونیان نەکات و لەو ڕێگەیەوە زیان بە رۆح و دەروونیان نەگەینێت و هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، چونکە هەستکردن بەبەرپرسیارەتی هەر هاوکاریکردن و بەهاناوە چوون و ئەو شتانە نیە، بەڵکو تەجاوز نەکردنە سەرمافی ئەوانی دیکەو سوکایەتی پێ نەکردن و بریندار نەکردنی هەست و ویژدان وبێ بەها سەیر نەکردنی ژیان و بوون و کەسایەتی و بیروباوەڕو ئەو شتانەی ئەوانی تر بڕوایان پێ ی هەیە بەرپرسیارەتیە ودەبێت لەئەستۆی بگرین.
‏‎بەرگری کردن لە خاک و وڵات و ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و هەڵویست وەرگرتن لەبەرانبەر کارە خراپەکان و تەجاوزاتی ئەوانی تر لەسەر مافەگشتی و تایبەتیەکان ئەوەش دیسان بەرپرسیارەتیەو دەبێت لەئەستۆی بگرین.
‏‎لەکۆتاییدا دەڵێین مرۆڤ بەهەستکردن و پابەند بوون بەبەرپرسیارەتیەوە جوانە و مرۆڤ بوونی خۆی دەسەلمێنێت، بەرپرسیارەتی لێ بکرێتەوە وەک ئەوە وایە مرۆڤ بوونی لێ سەندرابێتەوە، هەربۆیە دەڵێین بۆئەوەی بیسەلمێنیت کە مرۆڤیت دەبێت هەست بەبەرپرسیارەتی بکەیت بەرانبەر هەموو ئەوشتانەی ئاماژەمان پێدا

ھەواڵی زیاتر