لە هەر کۆڵانیکی ئەم شارەژنێکی غەمبار هەیە

دلڤین خەلەف

لە ھەموو کۆڵانێکی ئەم شارە ژنێکی غەمبار ھەیە،
باوەڵەکەی پرە لە نھێنی
پڕە لە زەنگیانەی مەراق
پرە لە برین پێچ
پڕە لە دەرزی کول
ھەموو ئەو دەرزیانەی لە تەقەڵ دور کردنی تەونی خەونەکانیدا
کول کول بوون
لە هەموو کۆلانێکی ئەم شارە ژنێکی رەشپۆش ھەیە، خۆی لە رەنگ حەشار ئەدا
زۆربەی کۆلانەکانی ئەم شارە بۆنی شوێن پێی ئەو پیاوانەی لێ دێ کە بۆ ھەوەس ژنیان فەرامۆش کردوە
ژنەکانی ئەم شارە چەندە غەمبارن
ھەریەک ھەزار دەردی ھەس
سەدان نھێنێ و
دەیان ژان
ژن بوون چەند سەختی
بە بەرچاوی خۆتەوە ھەر رۆژەوە و لایەکی ھەڵدەکۆڵرێ
ھەر ژەمەو ژەھرێکت پێ
نۆش دەکرێ
ژنەکانی ئەم شارە ھیچ شتێیەک
ئۆقرەیان ناداتێ،
خویان گرتووە بە بێدەنگیەوە
دەر دڵ بۆ گوڵ و بەرد دەکەن
لە کۆلانێکی تەنگە بەر
ژنێک بەدەم ئاودانی گوڵەکانەوە
دەردە دڵی بۆ ئینجانە
پرتەقاڵیەکەی دەکرد
لە کۆڵانێکی تر ژنێک دەردەدڵ بۆ لاولاوە ھەڵچووەکە دەکاو
بە نەغمەیەکی غەمگین پیی دەڵێ
بەختی من و تۆ وەک یەکە
ھەردووکمان عاشقی دیوارین دیوار
رەنگە ئاھی ژنانی ئەم شارەبیت
ھەورەکان نابن بە باران،،
ژن گەلێک هەیە لەم ئەم وڵاتە
ئەوەندە
بە کەساسی مردوون،
رەنگە لە حەشریش حەوسەڵەی
هەستانەوەیان نەبێ.

بەشیک لە قەسیدەی( لە هەموو کۆڵانێکی ئەم شارە ژنێکی غەمبار هەیە)

ھەواڵی زیاتر