ئازادی ناوەکی و ئازادی دەرەکی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە دەقی شانۆیی “مارا-ساد”ی پیتەر ڤایسدا لە کۆتاییەکانی شانۆییەکەدا دیالۆگێکی گەلێک سەرنجڕاکێش هەیە، لەوێدا ساد بە مارا دەڵێت “مارا بەندینخانەکانی نێو مرۆڤ گەلێک لە زیندانە تاریک و بەردینەکان ناخۆشتر و تەنگترە، هەتاوەکو هەر ئاوا داخراو بن.” لێرەدا پرسی ئازادی سەرهەڵدەدات، بەو دیوەیدا کە مرۆڤ ئەگەرچی لە ناو زیندانیشدا نەبێت بۆی هەیە خۆی زیندان کردبێت. عەقڵی خۆی داخستبێت. لێرەوەیە کە دەتوانین دوو جۆر ئازادی لە یەکتریی جیا بکەینەوە، یەکەمیان “ئازادی ناوەکیی”ـە، کە ئەو جۆرەی ئازادییە کە مرۆڤێک لە ناوەوەی هەست بە ئازادی دەکات و هیچ سانسۆرێک لەسەر بیرکردنەوە و خەیاڵ و خوێندنەوەکانی دانانێت. دووەم جۆریش “ئازادی دەرەکیی”ـە، کە بریتییە لەو ئازادییەی تاکێک تەنها ڕووپۆشێک لە ئازادی پۆشیوە و لە ناخەوە کۆیلەیەکی کۆڵەوارە.

سەبارەت بە ئازادی بەختیار عەلی لە وتارێکدا باس لەوە دەکات هەرکاتێک مرۆڤ نەیویست ئازاد بێت ئەوە ئازاد نییە. لێرەدا ئەم نووسەرە ئازادی دەبەستێتەوە بە ویستی مرۆڤ خۆیەوە. بەڵام دەکرێت لێرەدا بپرسین ئایا تاکی کورد تاچەند هەست بە ئازادی خۆی دەکات؟ یان ئایا مەیلی لە ئازادبوون هەیە؟ زۆرجار ئازادی لە ڕووکەشدا کورت دەکرێتەوە و تاک بەوەی جلوبەرگێکی مۆدێرن و کراوەی لە بەردایە هەست دەکات ئازادە، بەڵام لە ناوەوە لە چەشنی ئەوەی پیتەر ڤایس خستییەڕوو لەنێو زیندانێکی تاریک و تەنگدا دیلە. واتە ئەو کەسەی ئازادی تەنها لە ڕووکەشدا دەبینێت کەسێکی ئازاد نییە، چونکە ئازادی پەیوەندی بە فیکر و دونیابینییەوە هەیە. هاوکات ئەو کەسەشی پێیوایە لە ناوەوە ئازادە، بەڵام خاوەنی ڕووخسار و جلوبەرگێکی کۆنخوازانەیە دیسان کەسێکی ئازاد نییە، چونکە ئازادبوون شتێک نییە شەرمی لێ بکرێت و پێویست بێت بشاردرێتەوە. بۆیە لەم حاڵەتەشدا دیسان ئازادی ڕاستەقینە بوونی نییە.
بەڵام ئەی ئازادی ڕاستەقینە چۆن بەرجەستە دەبێت؟ ئازادی ڕاستەقینە ئەوکاتە بەرجەستە دەبێت، کە مرۆڤ هەم لە ناوەوە ئازاد بێت و هەم لە دەرەوە. هەم لە ناوەوە هەست بە ترس و خۆفی ئایین و ئایدۆلۆژیا و کولتوور نەکات و هەم لە دەرەوەیش لە ڕووخسار و جلوبەرگ و هەڵسووکەوتیدا دیسان هەست بە ترس نەکات. مرۆڤ هەرکاتێک هەستی بە ترس کرد، کەواتە ئازادی لە مەترسیدایە. بەختیار عەلی لە جێگەیەکی هەمان وتاردا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئازادی لەت لەت ناکرێت، لەوێدا بەرگری لەوە دەکات کە ناکرێت لە شتێکدا بڕوامان بە ئازادی هەبێت و لە شتێکی دیکەدا و لە شوێنێکی دیکەدا دژی بوەستینەوە. ئەو تێزەیەی ئەم نووسەرە دەیەوێت بەرگری لێ بکات ئەوەیە، کە مرۆڤ، یان ئازادە، یان کۆیلە، لەم نێوانەدا خاڵی سێیەم نییە، بەڵام بە سەرنجدان لە هەندێک سیستمی سیاسی داخراو، کە ئازادی خەفە دەکات و دەیەوێت “بەشێک لە ئازادییەکان بشارێتەوە” دەکرێت هەنگاوێکی دیکە بۆ باسکردن و تێگەیشتن لە ئازادی بنێین ئەویش بوونی ئیرادەی ئازادە لەژێر چەپۆکی سیستمێکی دیکتاتۆریدا. وەکو ئەوەی لەنێو چەندین وڵاتی داخراودا بەرجەستەیە بە نموونە “ئێران”.
لەنێو سیستمی لەو چەشنەدا مرۆڤەکان لە ناوەوە ئازادن، بەڵام لە دەرەوە و لە ڕووکەشدا ناچار بەوە کراون ئازادییەکەیان بشارنەوە بەهۆی هەیمەنەی ئایین و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە، کە داوای ئەوەی دەکات و دەسەپێنێت. بەڵام لای من ئازادی ناوەکی گەلێک گرنگترە لە ئازادی ڕواڵەت. مرۆڤ کە لە ناوەوە ئازاد بوو ئیدی خەون و خەیاڵەکانی ئازادن، داهێنان و بیرکردنەوەکانی ئازادن. هەمیشە ڕێزێکی زۆرم بۆ ئەوانە هەبووە، کە لە ناوەوە ئازادن ئیتر گرنگ نییە لە ڕووخسار و ڕووکەشدا بە هۆکاری دۆخێکی کولتووریی، یان ئایینی و ئایدۆلۆژی لە دەرەوە داخراون. بێگومان منیش نامەوێت ئازادی لەت لەت بکەم، بەڵام فەزڵی ئازادیی ناوەکی لای من گەلێک زیاترە لە ئازادی ڕووکەش. بەڵام تا دواپلە دەمەوێت بەرگری لە ئازادییەک بکەم کە هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیا و کولتوورێک نەتوانێت ببێتە ڕێگر لێی و تاکە ڕێگرێک بێتە بەردەمی پێشێلکردنی ئازادی ئەوانی دیکە بێت. واتە ئەوکاتە سنوور بۆخۆی دابنێت کە هەست بکات دەبێتە بەزێنەری ئازادی ئەوانی تر.

ھەواڵی زیاتر