شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان: گەیشتن بە لووتكەی ئێڤێرێست خەونی هەموو شاخەوانێكە

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

بۆیەكەم جار لەمێژووی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، شاخەوانێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان دانیشتووی سویسڕا گەیشتە بەرزترین لووتكە چیای جیهان!. سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانیش ئەوە بە سەركەوتن و دەستكەوتێكی مێژوویی بۆ ڕەوتی شاخەوانیی لە كوردستان و لە عێراقیشدا ناودەبات.

“دادڤان یوسف”ئەو گەنجە كوردەیە كە ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤، دوای نزیكەی دوو مانگ هەوڵی بەردەوام و ماندووبوون و سەختییەكی زۆر، توانی بگاتە لووتكە شاخی”ئێڤێرێست” بەرزترین لووتكە ی شاخ لە جیهاندا.
دادڤان، گەنجێكی خاوەنكار و سەرمایەدارە و لەبواری دراوی دیجیتاڵیدا كاردەكات، لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٠ لە شاری “زاخۆ”ی هەرێمی كوردستان لەدایك بووە و لەئێستادا لە وڵاتی سویسڕا و ماوەی بیست ساڵە لەو وڵاتەدا دادەنیشێت.
“دادڤان یوسف” جگە لە بازرگانی و كاری بانكداری، وەكوو هەر كەسێكی تر حەزی بەوە كردووە بچێتە سەر هەموو لووتكە شاخە بەرزەكانی جیهان، لەناویشیاندا خەونی گەیشتن بە لووتكەی ئێڤێرێست، بەرزترین لووتكە شاخی جیهان كە خۆشبەختانە ئەو خەونەشی هاتەدی. سەبارەت بەو دەستكەوتە، “هێمن ئەمین”، سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا پیرۆزبایی لەسەرجەم شاخەوانانی كوردستان دەكات و ئەو هەنگاوەشی بە دەستكەوت و سەركەوتنێكی گەورە بۆ بواری شاخەوانیی و هەنگاوێكی بوێرانەی ئەو كایە گرنگە لە كوردستان لەقەڵرەمدا. هاوكات ڕایگەیاند، گەیشتنی ئەو شاخەوانە كوردە بە بەرزترین لووتكە شاخی جیهان، ئەوەی سەلماند كە شاخەوانانی ئێمەیش هیچیان كەمتر نییە لەو شاخەوانانەی لە ناوچە جیاوازەكانی جیهانەوە دەگەنە لووتكەی ئێڤێرێست. شاخەوانانی ئێمەیش ئەو توانا و لێهاتووییانەیان هەیە كە لووتكە شاخە بەرز و سەختەكانی جیهان ببڕن و شانازیی مێژوویی بۆخیان و بۆ نەتەوەكەیان تۆمار بكەن.
سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان گوتیشی”گەیشتن بە لووتكەی ئێڤێرێست خەونی هەموو شاخەوانێكە، خۆشبەختانە ئەو گەنجە كوردە توانیوویەتی بگاتە ئەو لوووتكەیە و ئاڵای كوردستانیش بگەیەنێتە بەرزترین شوێن لە جیهاندا. بێگوومان ئەوەش هاندەرێك دەبێت بۆ شاخەوانانی دیكەی كوردستان كە خەون و خوولیای گەیشتن بە لووتكە بەرزەكانی جیهان بكەن بە واقیع”.
ئەو گەنجە سەرمایەدارە كوردە، بەمەبەستی گەیشتن بە لوتكەی ئێڤێرێست كە بەرزییەكەی ٨٨٤٨ مەتر بەرزە لەئاستی دەریاوە، گەشتەكەی خۆی لە كۆتاییەكانی مانگی ئازار و سەرەتاكانی مانگی نیسانی ٢٠٢٤ دەست پێكردووە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر و هەروەها بڕینی چەندین سەختیی و مەترسی، خۆشبەختانە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤، توانیوویەتی بگاتە بەرزترین شوێنی چیاكە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، “دادڤان” بۆ گەیشتن بە لوتكە، ڕێڕەوی بەشی باشووری چیاكەی لە دیوی وڵاتی”نیپاڵ”ەوە بەكارهێناوە كە یەكێكە لە ڕێڕەوە ناسراوەكان و شاخەوانان زیاتر ئەو ڕێڕەوە بەكاردێنن.ئەو سەركەوتنەیش بە ڕێبەری و چاوساغی”شەرپا”یەكی خەڵكی نیپاڵ بووە.
یەكەم شاخەوانی كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستاندا كە یەكەم جار توانیوویەتی بگاتە لوتكە چیای ئێڤێرێست، شاخەوانێكی خەڵكی شاری”نەغەدە”ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو بەناوی”محەمەد ئەوراز” لەساڵی ١٩٩٨. ئەو شاخەوانە كوردە بەداخەوە لە ڕێكەوتی ٦ی ئەیلوولی ٢٠٠٣ لە چیای “گاشەربرووم”ی وڵاتی پاكستان كەوتە ژێر رنووی بەفر و گیانی لەدەستدا.
لوتكە چیای ئێڤێرێست بەرزترین چیایە لە جیهان و ٨٨٤٨ مەتر بەرزە لە ئاستی دەریاوە. بۆ گەیشتن بەو لوتكە شاخە، شاخەوانان دەتوانن لە دیوی وڵاتی چین و تەبت، هەروەها لە وڵاتی نیپاڵیشەوە بڕۆنە سەر لوتكە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، شاخەوانان زیاتر دیوی نیپاڵ بەكاردێنن.
هەریەك لە “ئیدمۆند هیلاری” و “تێنزیگ نورگای”، یەكەم كەس بوون كە لەساڵی ١٩٥٣ توانییان بگەنە لوتكەی ئێڤێرێست و ناویشیان لە مێژوودا بۆ هەمیشە بەنەمری بمێنێتەوە. پێش ئەوانەش چەند هەوڵێكی تر هەبوون، بەڵام هیچ یەك لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون.