هۆكار و چارەسەری نەزۆكی لە پیاوان

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

لەدوای یەك ساڵ لە هەوڵدان بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ پارێزی کردن (مەنع) سکپڕی (حمل) ڕووی نەدا ئەوا بە نەزۆكی هەژماردەكرێت.

د. عەلی ئیسماعیل كاكەشین پسپۆری(دكتۆرا-بۆردی عەرەبی)لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات و لاوازی جنسی و نەزۆكی پیاوان، ڕوونیدەكاتەوە كە: ١٥٪ خێزانەکانی ناو کۆمەڵگا کێشەی نەزۆکیان هەیە کە هۆکارەکان ٥٠٪ پیاو بەرپرسە ٥٠٪ ئافرەت بەرپرسە .
لە پیاوان هۆکارەکان لەوانەیە لە رێڕەوی ئیشکردنی هۆرمۆنەکان بێت کە لە مێشک یان گوونەکان دەردەدرێت یان کێشە لە کاتی دەرچوونی سپێرم بێت لە گوون بەهۆکاری جیاجیا، وەک گیرانی بۆری سپێرم یان گەرانەوەی سپێرم بۆ ناو میزەڵدان ببێتە هۆی نەزۆکی.

جۆرەکانی نەزۆکی لە پیاوان:
‏١-idiopathic واتا بێ هەبوونی هیچ هۆکارێکی دیار کە لە پیاوان رێژەی ١٠ بۆ ١٥ ٪ لە هۆکارەکانی نەزۆکییە.
‏٢-Azoospermia واتا نەبوونی هیچ سپێرمێک لەکاتی پەڕین .
‏٣-oligospermia واتا هەبوونی رێژەیەکی کەم لە سپێرم واتا هەبوونی سپێرم کەمتر لە ١٥ ملیۆن لە یەک ملیلتر .
‏٤-Asthenospermia واتا هەبوونی سپێرم بە ژمارەی پێویست بەڵام جوولەی سپێرمەکان کەمترە لە مرۆڤی ئاسایی.
هەندێک جار جۆری ٣ و ٤ بە تێکەلاوی روودەدات کە ژمارە و جووڵەی سپێرمەکان کەمە.

د. عەلی ئیسماعیل لە بارەی پشكنینی نەزۆکی ڕوونیدەكاتەوە كە پێویستە ئەم پشكنینە ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی هۆكاری نەزۆكییەكە دیار بكرێت :
١-دیاری کردنی ئەو هۆکارانەی نەزۆکی کە دەتواندرێت چارەسەر بکرێت.
٢-دیاریکردنی ئەو هۆکارانەی نەزۆکی کە جارەسەر ناکرێت بەڵام دەتواندرێت بە ئامرازی یارمەتیدەری وەک منداڵی بلووری بتوانن وەچە بخەنەوە.
٣-دیاریکردنی ئەو هۆکارانەی نەزۆکی کە لەوانەیە زیان بە نەخۆشەکە بگەینن جگە لە نەزۆکیەکە و هەندێک نەخۆشی بۆماوەیی وەک رەقبووونی سکماکی سییەکان کە لەوانەیە بۆ نەوەکانی داهاتووش بگوازرێتەوە.

ئەو هۆکارانەی کە لە تەمەنی منداڵی روودەدات لەوانەیە ببنە هۆی نەزۆکی لە داهاتوو لە پیاوان :
١- نەهاتنە خوارەوەی گوونەکان.
٢-سورانی گوون یان زەبر بەرکەوتن.
٣-نەشتەرگەری لە بەشی خوارەوەی سک.
٤-هەوکردنی گوون بە ڤایرۆسی گێڕەپە.
٥-نارێکی سکماکی چووک.

هەندێک لە هۆکارەکانی تری نەزۆکی پیاوان :

*هۆکاری جەستەیی:
١-دەوالی.
٢-هەوکردنی گوونەکان.
٣-کێشە لە پەڕێن(قژف) .
٤-هەبوونی دژەتەن بۆ سپێرمەکان.
٥-شێرپەنجە.
٦-تێکچونی باڵانسی ئەو هۆرمۆنانەی کە یارمەتی دروستکردنی سپێرم دەدەن.
٧-گیرانی بۆری سپێرم.
٨-هۆکاری بۆماوەیی وەک نەبوونی بۆرییەکانی سپێرم و هیتریش.

*هۆکاری دەرەکی:
١-بەرکەوتەی هەندێک مادەی کیمیایی.
٢-بەرکەوتەی تیشک (ئەشیعە).
٣-زیاد گەرمداهاتنی گوونەکان وەک لەهەندەک حاڵەت کە زیاد لە پێویست ساونا بەکاربێت.

*هۆکاری تەندروستی و شێوازی ژیانی رۆژانە:
١-بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان.
٢-جگەرە کێشان.
٣-قەڵەوی.
٤-بەکارهێنانی رێژەی زۆری کحوول.

لە بارەی چارەسەرییەکان د. عەلی ئیسماعیل ئاماژە بەم خاڵانەدەكات:
١-گۆرینی شێوازی ژیانی رۆژانە وەک وازهێنان لە جگەرە و جلی تەسک و کەمکردنەوەی کێش و وەرزشکردن، دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە نەزۆکی دروست دەکەن خواردنی خۆراکی ناتەندروست.
٢-هەندێک جار پێویستی بە دەرمانە بۆ رێكخستنی باڵانسی هۆرمۆنات.
٣-هەندێک جار نەشتەرگەری پێویستە وەک دەوالی و گیرانی بۆری سپێرم، یان دەرهێنانی سپێرم لەگوونەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی منداڵی بلووری.

ھەواڵی زیاتر