دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

كەمال كلیچدارئۆغڵو پارتێكی تازە دروست دەكات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

كەمال كلیچدارئۆغڵو، وا بیر دەكاتەوە لەناو پارتەكەیدا لە پشتەوە خەنجەری لێدراوە، بۆیە لەدوای هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی لە توركیا، جەهەپە چووە ناو كۆنگرە و لەوێدا كلیچدارئۆغڵو، نەیتوانی سەركەوێت و ببێتەوە بەسەرۆكی پارت، بەڵام ئەو كۆڵی نەداوە و لە جموجۆڵی سیاسی بەردەوامە، دەنگۆش هەیە پارتێكی تازە دادەەزرێنێت.

كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، نەیتوانی لە ركابەرەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغان بباتەوە، بۆیە لەناو جەهەپە، دەنگی ناڕازی دروست بوو و داوای لادانیان دەكرد، بەتایبەت ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ.
دەنگە ناڕازییەكان، توانیان فشار بخەنە سەر كلیچدارئۆغڵو و پارت ببەنە ناو كۆنگرەی نائاسایی، لەوێدا ئیمامئۆغڵو، توانی كلیچدارئۆغڵو دوور بخاتەوە و لە شوێنی ئەو ئۆزگوور ئۆزەل، ببێتە سەرۆكی جەهەپە.
ئیمامئۆغڵو، ئەگەر ببایەتە سەرۆكی جەهەپە، رەنگە لەناو پارت دەنگی ناڕازی دژی ئەویش دروست دەبوو و كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەبوو، بەڵام زیرەكانە ئۆزەلی كردە سەرۆكی پارت و گرێبەستەكەشی لەگەڵ ئۆزەلدا وایە، ئەگەر شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، دوای چەند مانگێك، كۆنگرە ببەسترێت و ئیمامئۆغڵو ببێتە سەرۆكی جەهەپە.
لە تازەترین دیمانەیدا، كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەئاشكرا پەیامی بۆ ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل نارد، بەوەی لە كۆنگرەی داهاتووی پارت، كە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ببەسترێت، دێتەوە ناو مەیدان و خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی جەهەپە بەربژێر دەكات.
دەنگۆ هەیە و میدیاكانی توركیاش باسی لێوە دەكەن، ئەگەر كلیچدارئۆغڵو، نەیتوانی لە كۆنگرەدا سەركەوێت، بیر لەوە دەكاتەوە پارتێكی تازە دامەزرێنێت.
كلیچدارئۆغڵو، بەئاشكرا گوتی، كاتێك دەچنە ناو كۆنگرە، ئەوانەی داوای گۆڕانیان دەكرد، دەبێت هەنگاوێك بچنە دواوە. هەروەها باسی لەوەش كرد، هەر رۆژێك دوای هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، لەناو جەهەپە، ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە، كە داوای گۆڕانیان دەكرد، ئەمەش دەریدەخات، كە لابردنی پلان بۆدڕێژراو بووە.
كلیچدارئۆغڵو، دەستی هەبوو لە دروستكردنی ئیمامئۆغڵو، تەنانەت جانان كەفتانجیئۆغڵو، سەرۆكی لقی جەهەپە لە ئیستانبۆڵ، دەڵێت ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ىنەبایە، ئێستا ئیمامئۆغڵو، ئەو كەسایەتییە نەدەبوو، بۆیە نابێت بەرامبەری بێوەفا بێت. كلیچدارئۆغڵو، رقی بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو دروست كردوە و دەڵێت، قوتابییەكی خۆم، لە پشتەوە خەنجەری لێداوم.
بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكارانی سیاسی، ئەستەمە كلیچدارئۆغڵو، لە كۆنگرەی داهاتووی جەهەپە، بتوانێت ببێتەوە بە سەرۆكی پارت، چونكە ئیمامئۆغڵو، بنكەیەكی جەماوەری زۆر گەورەی هەیە، ئەمەشی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا سەلماند، كە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانیی لەگەڵ هیچ پارتێكی ئۆپۆزسیۆندا بكات، توانی بەسەر ركابەرەكەی، كە موراد كوروومە سەركەوێت.
واتە لە كۆنگرەدا، ئەگەر ئیمامئۆغڵو مەیلی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی پارت، بەئاسانی سەركەوتوو دەبێت، بەڵام رەنگە لەگەڵ ئۆزەلدا رێكبكەون، كە ئۆزەل ببێتەوە بە سەرۆكی پارت، بەو مەرجەی، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨دا، ئیمامئۆغڵو ببێتە بەربژێری جەهەپە و چاوی لەوەیە لەسەر كورسی سەركۆماری توركیا دانیشێت.

كلیچدارئۆغڵو دەتوانێت یارییەكە تێك بدات؟
كەمال كلیچدارئۆغڵو، رەنگە نەتوانێت لە كۆنگرەی داهاتوودا سەركەوتوو بێت، بەڵام كەسێك نییە كاریگەریی لەسەر جەهەپە نەبێت، ئەو نەهەنگەیە لە دەریادا، ئەگەر شتێكی نەدەیتێ تا پێوەی خەریك بێت، دەتوانێت كەشتییەكە نوقم بكات.
ئەگەر كلیچدارئۆغڵو، پارتێكی تازە دامەزرێنێت، بنكەی جەماوەری جەهەپە پەرشوبڵاو دەكات، تەنانەت لەناو پەرلەمانیش فڕاكسیۆنی جەهەپە پەرت دەبێت، چوونكە لەو ١٤٠ كورسییەی هەیانە، بەگوێرەی زانیارییەكان ٥٠یان سەر بە كلیچدارئۆغڵون.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، پێی خۆشە كلیچدارئۆغڵو پارتێكی تازە دروست بكات، چوونكە چەندە جەماوەری جەهەپە پەرت بێت، بۆ ئەو باشە، بۆیە هەوڵدەدات كە لەناو جەهەپەدا پارتێكی تازە دروست ببێت، جا ئەگەر ئەو پارتە كلیچدارئۆغڵو دروستی بكات، كەواتە یارییەكە لە ئیمامئۆغڵو تێك دەچێت و لەبەرژەوەندی ئەردۆغان كۆتایی پێدێت.