فەرەنسا ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەباتە کۆلێژی جەنگ

ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی فەرەنسا، پاڵپشتیی وڵاتەکەیان بۆ پرۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە دووپات دەکەنەوە.

بەپێێ ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید جەوهەر ساڵح ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ جۆن مارک کۆپۆلا و مێجەر نیکۆلا ڕاوێژکارانی سەربازیی لە فەرماندەیی هێزەکانی فەرەنسا لە نێو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، کە عەمیدی ئەندازیار شاخەوان سەلام، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە وپەرەپێدانی پڕۆژەکانی چاکسازیی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی تیمی پڕۆژەکان ئامادەی بوون، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی دوایین بەرەوپێشووەچوونەکانی پڕۆسەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگەی خستە ڕوو، هاوکات جەختی لە ژمارەیەک پڕۆژە کرد کە لە ئێستادا تیمی پڕۆژەکانی چاکسازیی کاریان لەسەر دەکەن.

لە بەرامبەردا، کۆڵۆنێڵ جۆن مارک، خواستی فەرەنسای بۆ پاڵپشتیی لە دابینکردنی ڕاوێژی پێویست بۆ پڕۆژەی ڕیفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵدانیان بۆ ناردنی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خوێندن لە کۆلێجی جەنگ لە فەرەنسا، هەروەها هەوڵی خۆیان بۆ کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی فەرەنسی لە بەشی تەکنەلۆجیا و زمانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی نیشان دا.

جێگری بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەش سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ پاڵپشتیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، هێزێکی سەربازییە و لە چەندین یەکەی سەربازی وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەریتانیا پێک هاتووە .

نزیکەی 600 سەربازی فەرەنسی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی شامال لە عێراق و هەرێمی کوردستانن وەک بەشێک لە هاوبەشی فەرەنسا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2014 دا بۆ شەڕی داعش دامەزرا.

ھەواڵی زیاتر