لهسهر ڕاسپاردەی مهسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پڕۆسەی تاپۆكردنی زەوییە كارتەكانی شاری هەولێر دەستیپێكرد و چەندین هەزار كارتیش كران بە سەنەد.
وهزارهتی شارهوانی و گهشتوگوزاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، بە مەبەستی خێراتركردنی پرۆسەی بهسهنهدكردنی زهوییه كارتهكانی شاری ههولێر، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، فەرمانگەیەكی تایبەت بە گۆڕینی كارت بۆ سەنەد دامەزرا و شوێنی تایبەت بۆ فەرمانگەكە و هەموو پێداویستییەكیش بۆ فەرمانبەرانی یەكەكە دابین دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگهیاند، دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، هەستیان كرد کە پرۆسەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد دوادەكەوێت، هەرچەندە كارێكی زۆر باش كراوە و چەندین هەزار كارت كراونەتە سەنەد، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو چەند هەزار كارتەی تا ئێستا ماون بكرێنە سەنەد، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دامەزراندنی یەكەیەكی كارگێڕی سەر بە وەزارەتی شارەوانی درا و ئێستاش فەرمانگەکە دامەزراوە.
گوتیشی، فەرمانگەکە نوێنەری وەزارەتی داد، وەزارەتی كشتوكاڵ و فەرمانبەرانی شارەوانی تێدایە و تەنیا كار لەسەر گۆڕینی زەویی كارت بۆ تاپۆ دەكات، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەم و دیاریکراودا سەرجەم کارتەکان بکرێن بە سەنەد.
روونیكردهوه، بۆ ئهوهی پرۆسەکە بهباشی بەڕێوەبچێت، جێگەی تایبەت بۆ فەرمانگەكە و هەموو پێداویستییەكیش بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەو یەكەیەدا کار دەکەن، دابین دەكرێت و لە ماوەیەکی دیاریکراویشدا سەرجەم زەوییە کارتەکان تاپۆ دەکرێن.
پێشتر نزیكەی 128 هەزار زەویی كارت لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابەشكرابوون و لە كابینەی نۆیەمدا پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو كارتانە دەستیپێكرد و تا ئێستا چەندین هەزار كارت كراون بە سەنەد، ئێستاش لە رێگەی دروستكردنی ئەو فەرمانگە تایبەتەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرجەم كارتەكان دەكاتە سەنەد.