موسڵ بەبێ پەریچێهر؛ یەکەم ڕۆمانی حسەین قەسامیبە کوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

جەنگ و کوشتار سیمای دیاری مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هیچ دەیەیەک نییە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا جەنگی خوێناوی بەرپا نەبێت، ئەمەش دەیان چیرۆکی خەمناک و چەندین مرۆڤی سەرگەردانی خستووەتەوە، کە ونبوون و لەنێو بۆشاییەکی ترسناکی ئەم ژیانە سامناکەدا وێڵن. هەشت ساڵ جەنگی ئێران و عێراق و دواتر جەنگی کوێت (کەنداوی یەکەم) و جەنگی کەوتنی دیکتاتۆری عێراق لە 2003دا، ئەمانە مێژووی تازەی ئەم ناوچەیەن، لەپاش ئەوانیش و دوای زیاتر لە دەیەیەک جەنگی داعش و دووبارە ماڵوێرانی و هەڵسانی لافاوی خوێن.

موسڵ بەبێ پەریچێهر؛ یەکەم ڕۆمانی حسەین قەسامی-یە کە بە زمانی بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە و شوانە عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی و چیرۆکی مرۆڤەکان لەنێو سەردەمی جەنگە خوێناوییەکان و مەرگەساتدا دەگێڕێتەوە. هاوکات چیرۆکێک کە عەشق دەبێتە هێڵێکی هاوتەریبی جەنگ.
حسێن قەسامی (١٩٨٩)، ڕۆماننووس و ڕەخنەگرێکی گەنجی هاوچەرخی ئێرانییە، کە بە دیدگا جیاواز و گێڕانەوە ئاڵۆزەکانی ناسراوە. ئەو پێشتر بەرهەمگەلێکی وەک “سەمای بەراز” و “خوێدانێکی پڕ لە خاکی گۆڕ” و “برین”ی بڵاوکردۆتەوە، لە نوێترین بەرهەمیدا لەم ڕۆمانەدا بەسەرهاتێکی نوێ و سەرنجڕاکێش دەهۆنێتەوە، کە دەیەوێت وێڵبوونی مرۆڤ لەم سەردەمی جەنگەدا بخاتەڕوو.
نووسەر بەشی فەلسەفەی خوێندووە و کەڵکەڵەی زەمان و وجوودی لە سەردایە و بەم هۆیەوە، لەم ڕۆمانەکانیدا ئەم بابەتەی خستووەتەڕوو ڕەنگدانەوەی هەیە بەتایبەت بە رۆمانی “موسڵ بەبێ پەریچێهر”. ڕۆمانەکە چیرۆکی گەنجێکە، کە بە ڕووداوەکانی جەنگ تووشی شۆک دەبێت. شۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خوێناوی و خەڵک و بێگومان چەقۆکێشێک کە کاتژمێرەکەی دەدزێت، ئیدی لێرەوە ژیانی ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت.. ئەو عاشقی کەسێکە بەناوی “پریچەر”ە، بەڵام ئەو ماوەیەکە بێسەروشوێنە و ئیدی چیرۆکی گەڕانی ئەم گەنجە بەدوای مەعشوقەکەیدا دەست پێ دەکات، بەڵام گەڕانی ئەم گەنجە بۆ دۆزینەوەی مەعشوقەکەی هەروا ئاسان نییە و تووشی گەلێک سەختی دەبێت.
لە دیدگایەکی دیکەوە “موسڵ بەبێ پەریچێهر” شەرحی دوو سەفەرە لە یەک کاتدا: سەفەرێک لە جوگرافیایەکدا بۆ دۆزینەوەی مەعشووقە ونبووەکە و سەفەرێک لە دەرووندا بۆ دۆزینەوەی پارچەکانی ئازار و ئەو لاوازییانەی، کە ئەم گەنجەیان بە چۆکدا هێناوە. نووسەر بە فلاشباگی کورت و بە گێڕانەوەیەکی ڕیالیستی، خەروارێک لە گومان و دوودڵی نیشانی خوێنەر دەدات، کە دەکرێت هەم فریشتەئاسا بیت تێیاندا و هەم ئەهریمەن و هەم لە نێوان ئەم دووانەیشدا بیت. ڕەوتی ڕووداوەکان هێندە سەرسامکەر و سەیروسەمەرەن، کە ناتوانرێت پێشبینیی کۆتایی ڕۆمانەکە بکرێت و لێرەشدا من نامەوێت بۆ خوێنەری ئاشکرا بکەم.
نووسەر لە ڕووی تەکنیکییەوە کارێکی وردی لەنێو دونیای گێڕانەوەکەیدا کردووە. بە کورتە پێش و پاش و گێڕانەوەیەکی واقیعی، کۆمەڵێک گومان پیشانی خوێنەرەکانی دەدات، کە تێیدا دەتوانێت هەم دیوێکی فریشتەئاسا پیشان بدات، هەم دیوێکی ئەهریمەن ئاسا و لە نێوان ئەو دووانەدا خوێنەر ڕابگرێت. ڕەوتی ڕووداوەکان ئەوەندە ناوازە و نامۆیە، کە خوێنەر بە تامەزرۆییەوە بەرەو کۆتایی ڕۆمانەکە لەگەڵ ڕەوتی گێڕانەوەکەدا هەنگاو دەنێت، چونکە ئەمەی قەسامی دەیگێڕێتەوە چیرۆکێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چیرۆکی گەڕانێکە لە زەمەنی جەنگ و کوشتاردا بەدوای مەعشوقێکدا کە جەنگ لە هاوتاکەی ون کردووە.
دەستخۆشی لە شوانە ئەحمەد و ناوەندی ڕەهەند بۆ ناساندنی ئەم نووسەرە نوێیە و وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە.

ھەواڵی زیاتر