قیرتاوکردنی شەقامی شەست مەتریی قەڵادزێ لەقۆناغی تەواوبووندایە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لەساڵی ٢٠١٣ بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی شەست مەتریی قەڵادزێ دانراوە، پڕۆژەکە بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لەئێستادا کارکردن تیایدا لە قۆناغی چوارەم دایە و دەست بە قیرتاوکردنی کراوە و ئەو بەشەی قیردەکرێت زەروور بوو، بەتەواو کردنی بارهەڵگرەکانی مەرزی کێلی بەوشەقامەدا هاتوچۆدەکەن و رێگاکانی ناوشار بەکارناهێن.

ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ ڕایگەیاند: پڕۆژەی شەست مەتریی قەڵادزێ لە ٢٠١٣ەوە، بەردی بناغەی بۆدانرا، پڕۆژەیەکی گەورەیە، بە چوار قۆناغ تەواو دەکرێت، لە ڕابردوودا بەردی بناغەی قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم کە دانراوە، قۆناغەکانی تەواو کراون، لە ٢٠٢٢ بەردی بناغەی قۆناغی چوارم دانرا، ئێستا کارکردن تێیدا گەیشتۆتە قیرتاوکردن، ئەگەر گرفتی ئابوریمان نەیەتە پێش بەرەو تەواو بوون دەچێت و قۆناغی کۆتاییە.
سەرۆکی شارەوانی گوتی: پڕۆژەی شەست مەتریی قەڵادزێ، بازنەیەکە بەدەوری شاردا، بەشێکیان ئەو چوار قۆناغەبوو، بەهۆی نەبوونی نەختینەی پێویست چەند ساڵێک دواکەوتووە، کە وانەبا دەبوو پێشووتر تەواو کرابایە، ئەگەر پارە هەبێت دەست بە بەشێکی تری پڕۆژەکە دەکرێتەوە و بەردی بناغەی قۆناغی تازە دادەنرێتەوە، بەشەکانی تریشی تەواو دەکرێن، بەڵام لەئێستادا هیچ بڕیارێکی لەوجۆرە لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو نەدراوە.
ئەو شەقامەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت درێژیەکەی چوار کیلۆمەترە، پانیەکەی شەست مەترە، کولفەکەی، یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە، چەند ڕۆژێکە قیرتاوکردنی قۆناغەکە دەستی پێکردووە و گەر هیچ گرفتی دارایی دروست نەبێت ئەوا لەچەند هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت.

ھەواڵی زیاتر