كتێبی “ئاوا ژیام بۆ نیشتمان” مه‌ڵۆیه‌كی دیكه‌ بۆ سەر مێژووی كورد 1978- 1990

ئه‌م كتێبه‌ بریتییه‌ له‌ یادداشته‌كانی فازڵ به‌شاره‌تی، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاواره‌یی و جومگه‌ گرینگ و سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی خۆی به‌ وردی نووسیوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌ پێشه‌كی ده‌ڵێت:

” ژیانی هەر مرۆڤێک بە خۆشی و ناخۆشی و خەم و خەندە و خەون و خەیاڵی جۆراوجۆر تەندراوە. دەشێ بڵێم پانتایی ژیانی من پتر بە کۆژان و دەردەسەری و ئاوارەیی و بگەرە و بەردە پڕبووەتەوە. لە تافی لاویدا سۆزی دایک و باوکم جێهێشت و چوومە باوەشی پڕ سۆزی نیشتمان. لە هەرچی خۆشیی ژیان هەیە بێبەش بووم. چیا و چۆڵ و دەشت و دۆڵم تەی کردووە، بەفر سڕی کردووم، برسیەتی بڕستی لێ بڕیوم، دووری لە دایک و باوک ئاگری لە ناوچەی دڵم بەرداوە، پێنج جار برینداربووم لە مەرگ گەڕاومەتەوە. ئەوەی منی زۆر ئازار داوە شەهیدبوونی هەڤاڵ و هاوسەنگەرانم بووە، ئەوەی زۆر دڵخۆشی کردم ڕەنج بەخسار نەچووین و بووین بە خاوەن حکوومەت و دامەزاوەی خۆمان. گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییانەی من منەت نییە بەسەر خەڵکەوە، بەڵکو ئاشناکردنی نەوەی نوێیە بە خەباتی چەکداریی ڕۆژانی سەخت.”
چه‌ندان كه‌سایه‌تی و نووسه‌ر و سیاسی و هاوڕێ و هاوده‌مانی شایه‌تیی ڕابردووی پاكی به‌شاره‌تی ده‌ده‌ن و به‌ گه‌وره‌ و گرینك وه‌سفی ده‌كه‌ن، سه‌رۆ قادر له‌ وه‌سفیدا ده‌ڵێت:
” کاک فازڵ بەشارەتی لە قبووڵنەکردنی دەستدرێژی بۆ سەر باوکی(کە پێشمەرگەی ئەیلوول بووە) دەست پێ دەکات. ئەو ھەستە کە بڕیاری ئەدا زوڵم و ستەمی داگیرکەر قبووڵ نەکات و بە دەستی بەتاڵەوە بکەوێتە مقاوەمەت و سەرئەنجام کار بگاتە ئەوەی کە وڵاتەکەمان لە نەتیجەی تێکۆشان دوژمن بەدەربنێ و ئێستا زیاتر لە سێ دەھەیە ئێمە لە رزگاری و ئازادیدا ئەژین.”
هه‌روه‌ها كاك فازڵ میرانی له‌ باسی به‌شاره‌تی ده‌ڵێت: ” کاک فازڵ بەشارەتی، یەکێکە لە رۆڵەکانی ئەم میللەت و وڵاتەمان، شۆرشگێر، سیاسی، پێگەی کۆمەڵایەتیشی ھەمیشە بە باشی پاراستویەتی، و ئەم ڕێزەی ھەموومان لێی دەگرین دەگەڕێتەوە ئەو خەسڵەتەی خۆی کاک فازڵ کە لە سەر بیروباوەڕی کوردایەتی و پیرۆزییەکانی سەرکردایەتی بارزانی و پارتی تا خۆ بەکوشتدانیش ئامادەبووە و ئامادەیە، بەڵام ھەمیشە رێزی لە کەسایەتی مرۆڤەکان گرتووە، کورد گوتەنی: گەر بتەوێ رێزت لێ بگیرێ، رێز لە خەڵک بگرە.”

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود له‌ باسی كاك فازڵ
ده‌ڵێـت: “کاک (فازڵ بەشارەتی) لەو شۆڕشەی کە من لەنزیکەوە ئاگام لێیەتی، وەک پێشمەرگەیەک، وەک تێکۆشەرێک ھاتە ڕیزی خەبات و پێشمەرگایەتی و شۆڕش. ڕەنگە یەکەم ڕۆژ، کە (کاک فازڵ )بووەتە پێشمەرگە چاوەڕێی ئەوە نەبووبێت بگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا، بەڵکوو ئەوھات لە پێناوی گەل و نیشتیمانەکەیدا خۆی بەخت کرد. (بەشارەتی) پیاوی ڕۆژەسەختەکان و ڕۆژە ناخۆشەکان و ئەو ڕۆژانەی کەسانی وەک و ئەو تێکۆشەرانە دڕیان بەشەوەزەنگی تاریکی دا، توانییان ھەموو حسابە نادەقیقیەکانی حکومەتی عێراق بەدرۆ بخەنەوە، کەدەیان وت نەک شۆڕش بەڵکوو چەکدارێک دروست نابێتەوە. کاک فازڵ بەشارەتی لەڕیزی پێشەوەی ئەو تێکۆشەرانە بوو.”
سه‌لاح ده‌لۆ ده‌نووسێت: ” بەشارەتی بەمانای وشە مرۆڤێکی پاک وخاوێن و ڕاستگۆ و ڕەوشت بەرزە. ھیچ کاتێک خۆی لێ ناگۆڕێ. ئەو ماوە زۆرە کەپێکەوە بووین ھیچ کاتێک گوێم لێ نەبووە کەسێک بڕەنجێنێ و ھیچ کات پۆست و پلەو پایە کەسایەتی ئەم قارەمانەی نەگۆڕی. ئەوەندەی بزانم بەتواناو سەلیقە و ئازایەتی خۆی لەپێشمەرگایەتییەوە ھێناویەتی ھەر پۆستێکی پێ درابێت ئەم داوای نەکردووە، بەڵکوو بڕیاری سەرووخۆی جێبەجێ کردووە، تائێستاشی لەگەڵ بێت بۆھیچ دەسکەوتێکی شەخسی لەدەرگای ھیچ بەرپرسێکی سەرووخۆی نەداوە، ھەر بۆیە لەناو سەرکردایەتیی پارتیدا بەجوانی ماوەتەوە”
ئه‌مه‌ و چه‌ندان كه‌سایه‌تی دیكه‌ شایه‌تی ڕاستی و قاره‌مانییه‌تی به‌شاره‌تییان داوه‌.
به‌شاره‌تی زۆر ڕاست و ڕاستگۆیانه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه‌، گه‌لێك جار ڕه‌خنه‌ له‌ خۆی ده‌گرێت و دان به‌ هه‌ڵه‌كانی خۆی ده‌نێت و به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌راست ده‌زانێت ئه‌مه‌یش فه‌زیڵه‌ت و گه‌وره‌یی ئه‌و ده‌رده‌خات.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێت به‌شاره‌تی به‌ وردی باسی ڕۆژ و مانگ و ساڵی ڕووداوه‌كان ده‌كات و ناوی به‌شداربووان ده‌بات.
شایانی باسە لە بەشی دیراسات و پێگەیاندن مەراسیمێک بۆ ناساندنی کتێبی: ( ئاوا ژیام بۆ نیشتمان )ی پێشمەرگە و تێکۆشەر بەرێز ( فازیل بەشارەتی ) ساز کرد، بە ئامادەبونی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەندام پەرلەمانانی عیراق و کوردستان پیاوانی ئاینی و فەرماندە سەربازییەکان کادران و هەڤاڵانی حزب ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، لەم مەراسیمەدا بە سوپاسەوە بە وتە و وتاری بەڕێزان ڕێزێکی زۆر لە نووسینەوەی یادەوریەکانی بەرێز فازیل بەشارەتی گیرا.

ھەواڵی زیاتر