چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئیـــــــــــــــرادەی ئــــــــــــــــــــــــــــــــافرەت

حیات مجید

هەڵبەتە ئینکاری لە هەبووی ئیرادەی بەهێزی ئافرەت ناکرێت بەرامبەر بە هەموو ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبنەوە، ئیرادەی ئافرەت لە مامەڵەی بچووکەوە دەردەکەوێت تا مامەڵە کردن بۆ دەسبەردار نەبوونی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی، لەسەر بنەمایی یەکسانی لە مافە دەستوری و سیاسیەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا، کاتێک ئافرەت خۆی بە خاوەنی خۆی دەزانێت هەر ئەو دەمە بەهاو مافەکانی خۆی لا گرنگ دەبێت، لە مومارەسە کردنی مافە کۆمەلایەتی و سیاسیەکانی خۆیدا.
ئافرەت مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ قوربانی هەیە بۆ دەستەبەر کردن و مومارەسەکردنی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی، ئەم شۆڕ ش و هەوڵانە لە ناو خۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری گرنگی لەسەر کراوە و رەنگدانەوەی کاریگەری هەبووە، بۆ نمونە لە جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨ لە ماددەی یەکەمدا جەخت دەکاتەوە لەسەر مافی هەر تاکێک لە بەدی هێنانی گشت ماف و ئازادیەکان بەبێ جیاوازی رەگەزی.
ئەو جارنامەیە رۆڵی کاریگەری بینی لە هاتنە کایەیی رێکەوتنامەی تردا لە بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی ئافرەت بە تایبەت مافە سیاسیەکانی لە دیسەمبەری ١٩٥٢ دا کە خۆی لە ساڵی ١٩٥٤ دا چووە بواری جێبەجێ کردن تیایدا ئافرەت یەکێک لە گرنگترین مافەکانی چەسپینرا ئەویش مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتن بوو، لە کاتێکدا تەنها ئەم مافە مافی پیاوان بوو، ژنان بۆیان نەبوو تا ئەو دەمە نە دەنگ بدەن نە خۆیان کاندید بکەن نە بەشدار بن لە هەر پلەو پۆستێکی دەوڵەدا.
نەتەوە یەکگرتوەکان لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٦٧ دا ( جاڕنامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی مێینە) راگەیاند، بە ڕاشکاوی باس لە نەهێشتنی جیاکاری دەکات لە بەینی نێرو مێ دا و یەکسان بن لە مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتن.
ئەم هەموو هەوڵ و ئیرادەیە لە خۆیەوە نەهاتۆتە بوون ئەگەر هێزی بزووتنەوەی ئافرەتان و پیاوانی یەکسانی خواز نەبێت، سەرەڕای ئەم مافە چەسپیوانەی ئافرەتان هێشتا دەیان ئاستەگ لەبەردەم ئافرەتاندا سەرهەڵدەدەن و دروست دەبن یاخود دروست دەکرێن تا پاشەکشە بکات بە توانا و ویست و هێزی ئافرەت، سەرەڕای ئەم هەموو ئاستەنگ و لەمپەرانە دەبێت ئافرەت نەترسیت و خاوەنی ئیرادەی بەهێز بێت بەرامبەر بە دەستەبەر کردن و گەیشتن بە مافە سیاسی و مەدەنیەکانی، تا بتوانێت لەو رێگەیەوە هەنگاوی گەورەتربنێت بەرەو سەرکەوتن، هەموو سەرکەوتنێک ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت ئەو ئیرادەیەش هەر لە ئافرەتدا بەدی دەکریت.