پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

شەشەمین دیداری نێودەوڵەتی کەرکوک بۆ فیلمی ئەنیمەیشن بەڕێوەدەچێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٩ـی تا ٣١ ئەم مانگە شەشەمین دیداری نێودەوڵەتی کەرکوک سینەمایی بۆ فیلمی ئەنیمەیشن بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و بیانی و چەند بەرهەمێکی عێراقی و بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی ڕووداو بەڕێوەبچێت.

“سەردار زەنگەنە” ڕێکخەری دیدارە نێودەوڵەتیەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لە دیدارەکەدا ٢٥ فیلمی نوێ و بەرهەمی ئەمساڵ تێدا بەشدارە و بەپێی هەڵسەنگاندنی لێژنەی پسپۆر لە بواری سینەما و بەتایبەت لە بەشی ئەنیماتۆڕ، کە هونەرێکی سەردەمیانە و هاوچەرخە خەڵات بە فیلمەکان دەدەین.
گوتیشی: چەند سوپڕایزێک بۆ بەرهەمە بەشداربووە عێراقییەکان هەیە، کە (٥) فیلمن، کە براوەی خەڵاتی یەکەمیان بڕی حەوتسەد و پەنجا هەزار دیناری پێدەدرێت و دووەمین خەڵاتیش پێنجسەد هەزار و سێیەمیش دەبێتە خاوەنی دووسەد و پەنجا هەزار دینار و بڕیاریشماندا سێیەم ڕۆژی دیدارەکە گەشتێکی هونەری بۆ ئەو هونەرمەند و بەشداربووانە بۆ سەیرانگاکانی کوردستان ڕێکبخەین.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئەوەیە لە کۆی گشتی بەرهەمە بەشداربووەکانی نێو دیدارەکە تەنیا دوو فیلمی ئەنیمەیشنی کورد تێدا بەشدارن و دەیانەوێ له چوارچێوەی دیدارەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنان یان دەستکەوتێک نوێ بەدەست بێنن