پاریزگاری هەولێر: قەبارەی زیانەکان 21 بۆ 22 ملیار دیناره و حكوومه‌تی عێراق بە گۆترە دوو ملیاری ناردووە
پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه به‌وه دەکات، كه سه‌رجه‌م زیانه‌كانی لافاوی هه‌ولێر، به‌شێوه‌ی نووسراو ئاراسته‌ی به‌غدا كراوه و ئه‌وان به‌گۆتره بڕە پاره‌یەکی کەمیان داناوه و ئێمه‌ش ره‌تمان كردووه‌ته‌وه.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا گوتی: “هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ سه‌رجه‌م زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر كردووه، کە نزیكه‌ی 21 بۆ 22 ملیار دیناره و به‌فه‌رمی ناردراوه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵام ئه‌وان به‌شێوه‌ی گۆتره، ته‌نیا دوو ملیار دیناریان ناردووه، ئێمه‌ش ره‌تمان كردووه‌ته‌وه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كه له خاڵه‌كانی میزانییەی عێراق به روونی ئاماژه به‌وه كراوه، كه حكوومه‌تی عێراق توانای خه‌رجكردنی 15 ملیار دیناری بۆ حاڵه‌تی روودانی سروشتی و له‌ناكاو هه‌یه.
سەبارەت بە پلانی حکوومەت بۆ پاراستنی هەولێر و رێگریکردن لە روودانی لافاوی دیکە، پارێزگاری هەولێر ئه‌وه‌ی خسته روو: “پلانی ستراتیژی و درێژخایه‌نمان هه‌یه بۆ پاراستنی هه‌ولێر و ئێستاش پلانی كورتخایه‌ن هه‌یه و هه‌موو لایه‌كیشمان له‌سه‌ر خه‌تین، به‌داخه‌وه رووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر، کە به‌هۆیه‌وه قوربانیی گیانیی هه‌بوو، تائێستا دوو كه‌س نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، بەڵام سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان راسپێدراون بۆ ئه‌وه‌ی بیاندۆزینه‌وه، تیمه‌كان به چڕی دەگەڕێن و هه‌رچیی پێداویستیی هه‌یه دابین کراوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئەو دوو کەسە بدۆزینەوە”.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “هۆكارێکی ئه‌م رووداوه‌ی لافاو له هه‌ولێر ئه‌وه بوو، كه بارانێكی زۆر له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا باری، هۆكاری دووه‌م رێڕه‌و و مه‌نهۆڵه‌كانی ئاون، هه‌رچه‌نده له‌وێ مه‌نهۆڵ نه‌بووه، به‌ڵام ئاو له هه‌موو لایه‌كه‌وه هاتووه و له كۆنترۆڵ ده‌رچووه، ئه‌وه‌ی وه‌ك ئاماده‌كاری كردووشمانه، یه‌كه‌م شت پارێزگاریی له خه‌ڵك، ئینجا جه‌ردكردنی زیانه‌كان، پاکكردنه‌وه‌ی شوێنه‌كان، كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وه‌كان، دروستكردنی لێژنه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوه‌كان”.
ئومێد خۆشناو، سەبارەت بە هۆکارەکان و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمییەکان، جەختی لەوە کردەوە: “ئێمە به‌ڵێنمان به سه‌رۆك وه‌زیرانی کوردستان داوه، كه چاوپۆشیی له هیچ كه‌سێك ناكرێت و رێكاری توند بەرامبەریان وه‌رده‌گیرێت، لێژنە داندراوە و كارەکانی به‌رده‌وامن و دیاره له هه‌ندێك شوێندا سەرپێچی هه‌بووه، جا ئەوە خه‌ڵكێكی ساده كردوویه‌تی، تا دەگاتە دروستكردنی پیشانگا، به‌ڵام وه‌ك تێبینی، ئه‌و شوێنانه‌ی به مۆڵه‌تی فه‌رمی و لە رێی شاره‌وانی كراون، هیچ زیانێكیان نه‌بووه، ئه‌وانی دیكه هه‌م خۆیان و هه‌م خه‌ڵكیان زهرەرمهند كردووه”.