حەمەسەعید حەسەن
ئاوەدانکردنەوەی وڵات
ئیسابێل ئالەندێ، هەرچەندە بۆ بەسەرکردنەوەی مێژوو پشتی بە دۆکومێنت بەستووە، بەڵام دیرۆک ئاوێتەی چیرۆک دەکات و کە واقیع دەگێڕێتەوە، هەر دەڵێیت شیعر دەخوێنێتەوە. هه‌رچه‌نده نووسەر بۆ نووسینی ڕۆمانی (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم) سوودی له چه‌ندان کتێبی دیرۆکی بینیوه، بەڵام بە هیچ پەرەگرافێکی ڕۆمانەکەیەوە، ئەوە دیار نییە کە ئێمە خەریکی خوێندنەوەی مێژووین. نووسەر کە له‌م به‌رهه‌مه‌یدا، باس لەو هەڵمەتە دەکات که ئیسپانیا لە سەدەی شازدەیەمدا کردییە سەر شیلی، پێش ئەوەی ڕستەیەک لە ڕۆمانەکەی بنووسێت، چوار ساڵی ڕەبەق، سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبی دیرۆکی و ئه‌ده‌بی و دۆکومێنت بووە لەو بارەیەوە.
کە (ئینێس خۆشەویستەکەی گیانم) دەخوێنینەوە، هەست بەو داوە ناکەین کە دەبێت وەک سنوورێک واقیع لە خەون و خەیاڵ جیا بکاتەوە، ئەوە بۆیە ئیسابێل ئالەندێ ئەم ڕۆمانەیشی، وەک (ماڵی خێوەکان)ی، دەکەوێتە خانەی ئەدەبی ڕیالیزمی سیحرییەوە. ئایا ئەوە لوتکەی نواندنی هونەر نییە، ئەم خاتوونە نووسەرە، بەهۆی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی خێزانێکەوە، مێژووی وڵاتێک دەگێڕێتەوە؟ نووسەر هاوزەمان ناخی یان دروستتر گیانی ژنێک دەداتە بەر ڕووناکی و بەسەرهاتی داگیرکردنی نیشتمانێکش دەنووسێتەوە. نووسەر لەو کورتەپێشەکییەدا کە بۆ ڕۆمانەکەی نووسیوە، دەڵێت: (کە شتی هاوبەش لە نێوان کەسان و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و کەسان و ڕووداوەکانی دیرۆکدا هەیە، ئەوە ڕێکەوت نییە، بە مەبەستەوە و بە کۆمەكی فانتاسی، ئەو کارەم کردووە.)
داگیرکارانی ئیسپانیایی که ده‌گه‌نه شیلی و ده‌ست به ڕۆنانی شاری سانتیاگۆ دەکەن، سه‌ره‌تا جێیه‌ک بۆ دره‌ختی دادپه‌روه‌ری که له واقیعدا سه‌کۆی سێداره‌یه و جێیه‌کی دیکه بۆ که‌نیسه ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. وه‌ک چۆن که عه‌ره‌ب ئیسپانیا (٧١١- ١٤٩٢) داگیر ده‌کات، ئیسپانیایییه‌کان عه‌ره‌بی داگیرکا‌ر قه‌بووڵ ناکه‌ن و وه‌ده‌ریان ده‌نێن، که ئیسپانیایش لاتین ئه‌مریکا (سه‌ده‌ی شازده تا سه‌ده‌ی نۆزده) داگیر ده‌کات، خه‌ڵکه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی ئه‌وێ، ئیسپانیایییه‌کان قه‌بووڵ ناکه‌ن وه‌ده‌ریان ده‌نێن. چونکە نزیکەی هەشت سەدە، ئیسپانیا لەژێر هەژموونی ئیسلامدا بووە، ئەوە ئاسایییە کولتووری ئیسپانیایی، کەوتبێتە ژێر کاریگەرییەتیی کولتووری عەرەب و ئیسلامەوە. یەکێک لە لایەنە گەشەکانی ڕۆمان ئەوەیە، بە کولتووری گەلانی دیکە ئاشنامان دەکات و زەمینە بۆ دیالۆگی نێوان کولتوورە جیاوازەکان دەڕەخسێنێت.
لە سەدەی شازدەیەمدا ئیسپانیایییەکان، هەرچەندە لەژێر دەستی ئیسلامدا نەمابوون، وەلێ ئەوانیش وەک عەرەب پێیان وابوو، ته‌نیا خوێن په‌ڵه‌ی شه‌ره‌ف ده‌شواته‌وه. پێیان وابوو ژن مافی ئه‌وه‌ی نییە، به ته‌نیا سه‌فه‌ر بکات، ئیللا مەگەر که‌سێکی سه‌ر به خانه‌واده‌که‌ی له‌گه‌ڵدا بێت. پێیان وابوو، ئەوە گیانێکی به‌ده له کونیکی جه‌سته‌وه ده‌چێته هه‌ناوی ئینسانه‌وه و تووشی نه‌خۆشیی ده‌کات. تەواو وەک لای عەرەب، سزادان به لێدانی سه‌د جه‌ڵده، لە ئیسپانیایش هەبوو، لەوێش وەک لە عەرەبستان، ده‌ستی دزیان دەبڕییەوە، وه‌لێ دز ئه‌گه‌ر سه‌رباز بووایه، بۆ ئه‌وه‌ی توانای شه‌ڕکردنی بمێنێت، لووتیان ده‌شکاند، یان گوێیان ده‌بڕی. ئه‌وانه‌ی به مۆڵه‌تی پاشای ئیسپانیا بۆ لاتین ئه‌مریکا ده‌چوون و (پێنجیه‌ک)ی ده‌ستکه‌وتیان بۆ ده‌نارد، به ڕزگارکه‌ر له قه‌ڵه‌م ده‌دران، ئه‌گه‌رنا به چه‌ته‌ی چه‌کدار هه‌ژمار ده‌کران. پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام، سه‌رۆک چواریه‌کی تاڵانیی ده‌که‌وت، بۆیە ڕه‌نگه ئیسپانییه‌کان، ئه‌م پێنجیەکەیش له ئیسلامه‌وه فێر بووبن.
له ڕوانگه‌ی پیاوسالارانه‌وه، (ژن توانای ئه‌وه‌ی نییه بیر له ئیشی گه‌وره بکاته‌وه، نه هیچ له مێژوو ده‌زانێت، نه توانای پێشبینیکردنی داهاتووی هه‌یه و ئه‌وه‌ی به لایه‌وه گرنگه، کاروباری ناوماڵه.) قه‌شه که ژنان بۆ ئه‌وه ده‌چوونه کنی، ددان به گوناهه‌کانیاندا بنێن، به‌ڵکوو خودا لێیان خۆش ببێت، ئه‌گه‌ر خۆیان بۆ شل نه‌کردبا، نزای بۆ نه‌دەکردن! زه‌ریاوان بڕوای وابوو، هه‌بوونی ژن له‌گه‌ڵیدا، تووشی زریانی ده‌کات و دادوه‌ریش هه‌میشه گومانی له ژن هەبوو. ئەفسەرێکی ئیسپانیایی کە پەلاماری گوندێکی (شیلی)ی دەدا، نێرینه‌کانی له منداڵه‌وه تا پیر، له ژووری له دار و ته‌خته دروستکراوادا، کۆ ده‌کردنه‌وه و به زیندوویی ئاگری تێ به‌ر ده‌دان. که خۆی ئه‌م کاره‌ساته‌ی ده‌گێڕایه‌وه، به پێکه‌نینه‌وه ده‌یگوت: به‌ڵام دوایی هه‌ر چی بێوه‌ژنه، دووگیانم ده‌کردن، تا سه‌رله‌نوێ وڵات ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه. که پێوه‌ندیی نهێنیی نێوان ژن و پیاوێک ئاشکرا ده‌بوو، با ژنه مێردیشی نه‌بووایە و پیاوه دوو سێ ژنیشی هه‌بووایە، کۆمه‌ڵ هه‌ر ژنه‌ی ڕیسوا ده‌کرد. ئەوانە هەموویان نیشانەگەلێکن بۆ بابسالاری. بابسالاری ئەوەیشە، پیاو چه‌ندان ژنی هه‌یە و وه‌ک ئاژه‌ڵ سه‌رنجیان ده‌دات، ژنیش بۆ ئه‌وه‌ی دووگیان نه‌بێت، هانا بۆ پارچه ئیسفه‌نجی له سرکه هه‌ڵکێشراو دەبات! سووک سەرنجدانی ژن، بەشێکە لە کولتووری بابسالاران، بە چاوپۆشین لەوەی بابسالار سەر بە کام نەتەوەیە، یان بڕوای بە کام ئایینە.