یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پارێزگارى هەولێر، سیستەمى نوێى کامێراى چاودێرى بازاڕى قەیسەر و ڕێوشوێنەکانى پاراستنى بازاڕکەى بەسەرکردەوە

ئەمرۆ یەکشەممە 2024.5.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى عەمید شوان عارەب، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گرتنەبەرى ڕێکارەکانى پاراستنى بازاڕى قەیسەرى و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوى نەخوازراو، دانانى سیستەمى نوێى کامێراى چاودێرى و کۆنتڕۆلى ناوەندى سیستەمەکە و ڕێوشوێنەکانى پاراستنى بازاڕکەى بەسەرکردەوە.

لە بەسەرکردنەوەکەدا، لە نزیکەوە لە چۆنیەتى دانانى سیستەم و بەستانەوەى کامێراکانى چاودێرى و دابەشکاریان بەسەر سەرجەم بازاڕەکە کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و کارمەند و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە کرد، بۆ ئەنجامدانى کارەکەیان بەشێوەیەکى پوخت و ئەندازەیی تۆکمە، کە ئامانج لێى پاراستنى بازاڕەکە و سەلامەتى سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوى نەخوازراوى دیکە.

جێگەى باسە، لە چوارچێوەى ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى قەیسەرى و هەڵگرتنى سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى نەخوازراو، لە سەر ئەرکى پارێزگاى هەولێر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر لەڕێگەى تیمێکى شارەزایی تەکنیکى، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا دەستکراوە بە دانانى سیستەمێکى نوێى کامێراى چاودێرى بازاڕەکە و بەستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنیان لە ناوەندێکى تایبەت بەیەکەوە.