هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

لە هەرێمی کوردستان حەڤدە هەزار چەکی بێ مۆڵەت تۆمار کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەک لەلایەن ھاووڵاتییان بوو، بەڵام ئێستە تۆمار کراوە، ئەوەش بە پرۆسەیەکی ورد و یاسایی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، زیاتر لە حەڤدە ھەزار پارچە چەک تۆمار کراون. بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم، ئەو تۆمارکردنە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی تەقەکردن، بریندار کردن و کوشتن ھەبووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٣٠/٦/٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد، ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک، ھەمان ڕۆژ وەزارەتی ناوخۆ لە ھەموو شار و شارۆچکەکان ھەڵمەتی داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١ـی ئاداری ٢٠٢٢ یاسای ژمارە دووی چەکی لە ھەرێمی کوردستان پەسەندکرد، بەگوێرەی ماددەی ١٥ـی یاساکە، ھەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەستەڵاتی مۆڵەتدان، دەستکاریی چەک بکات، ھەڵبگرێت، بفرۆشێت، چاک بکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردن کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، ئەوەش وای کردووە ڕێژەی تاوان بە ھەموو شێوەیەک کەمتر ببێتەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتەبەر، تاکو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەھێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ڕابردوودا، بە قۆناغ ھەموو ھاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حیزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو ھەڵمەتە ئاگادار کردەوە.
ھۆشیاری ھاووڵاتییان و پابەند بوون بە یاسا ھۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی بەکارھێنانی چەک، ئێستە ھاووڵاتییان لە کاتی بوونی ھەر کێشەیەک زیاتر پەنا بۆ یاسا دەبەن، بەگوتەی پارێزەران، ئەو کەیسانەی ئێستە دێنە دادگەکان کەمتر ڕووداوەکانی بەکارھێنانی چەکیان تێدایە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئێستە لە کاتی ھەبوونی ھەر ڕووداوێک کەمتر پەنا بۆ بەکارھێنانی چەک دەبەن، ئەمە لە کاتێکدایە
پێش ئەوەی چەکی بێ مۆڵەت تۆمار بکرێت، ببووە ھۆی ئەوەی چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوو بدەن، ساڵانە لە ھەرێمی کوڕدستان دەیان کەس دەبوونە قوربانی تەقەکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.
لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لە پێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک و ھەموو ئەو کەسانەی خاوەن کۆمپانیا، یان خاوەن سەرمایەکی زۆرن یان پاسەوانی بەرپرسەکانن بەمەبەستی خۆپاراستن مافی بەدەستھێنانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەکیان ھەیە. بەرپرسانی پۆلیسیش، دەڵێن: ماوەی ساڵێک کە دانرابوو بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە حەڤدە ھەزار پارچە چەک تۆمار کران، کاریگەرییەکانی تۆمارکردنی ئەو چەکە و ئەو پرۆسەی کرا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ، دەرکردنی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ و ھەر دوو ڕێنماییەکەی کاریگەرییەکی یەکجار زۆر باشی ھەبوو لەلایەن ھاووڵاتییانەوە.
مقەدەم کارزان ئەمیر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ھەرێم، دەڵێت: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی چەکیان لایە، بچن چەکەکانی خۆیان تۆمار بکەن، لەھەمانکاتدا، بڕیاردرا ئەو شوێنانەی کە چەکی نایاسای دەفرۆشن، بەتەواوی دابخرێن، نەبوونی چەک لای ھاووڵاتییان بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵک زیاتر پەنا بباتەبەر ئامێری دیکە، یاخود سکاڵا تۆمارکردن.
ئەو بەڕێوەبەرە، گوتیشی: نەبوونی چەک وای کردووە تا ڕادەیەکی باش ھاووڵاتییان پەنا نەبەنە بەر توندتویژی، تەنیا سکاڵا و حکوومەت نەبێت، ئەمەش کێشەکانی کەمتر کردووەتەوە و زیانیشی کەمتر لێ دەکەوێتەوە، دوای تەواو بوونی وادەی تۆمارکردنی چەک، تەواوی ساڵەکە ڕێژەکانی کوشتن و تەقەکردن و ھەڕەشە کردن بە چەک، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ھەموو ھەرێمی کوردستان کەمی کردووەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوە بڕیارێکی دروست بوو بۆ کەمبوونەوەی کێشەکان، ھاووڵاتییانیش پابەندی فەرمانەکانی حکوومەت بوونە.