دوێنێ، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێكی ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق كە پێكهاتبوو لە پڕۆفیسۆر میسێل ڤیڤۆركا و پڕۆفیسۆر فابیریسل بەلانش و ماریۆس ئیكسپۆزیتۆ و تیالی یلمەن و دكتۆر عادل باخەوان.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو لە خەبات و كۆڵنەدانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها ستایشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستانیان كرد.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و كراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهات و هەڕەشە و مەترسیەكان لە عێراق و ناوچەكە و هاوكێشە هەرێمایەتی و دەولییەكان و هەروەها ڕەوایەتی و ئاییندەی دۆزی گەلی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكە كرا. پەیوەست بە مافەكانی گەلی كوردستان سەرۆك بارزانی وێڕای شیكردنەوەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسی و یاساییەكانی ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها خەباتی گەلی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوە و پێشخستنی دۆزی خۆی، جەختی لەوە كردەوە كە یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەڕێگەی شەڕ و نكۆڵیكاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان هیچ ئەنجامێكی نەبووە و نابێت و باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە كێشەی گەلی كوردستانیشەوە لە ناوچەكەدا لەیەكتێگەیشتن و ئاشتی و ڕێكارە دیموكراتییەكان و دیالۆگە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا بە درێژایی مێژوو، گەلی كوردستان ئاشتی و تەبایی و هاوبەشی ویستووە و هیچكات دەستپێشخەری شەڕ و گرژی نەبووە.