تەعریبی نوێ لە ناوچە کوردستانییەکان گرێدراوی پرۆسەی تەعریبی پەنجا ساڵی ڕابردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ماوەی حەوت ساڵە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە کاتی تۆوکردن و دروێنەی زەوییەکانیان، ڕووبەڕووی گرفت و ھەڕەشەی عەرەبە ھاوردەکان و سوپای عێراق دەبنەوە، لە کاتێکدا، کورد خاوەن تاپۆی ڕەشی زەوییەکانە و عەرەبی ھاوردەش گرێبەستێکی کشتوکاڵی سەردەمی بەعسییان کردووەتە بەڵگەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: تەعریبی نوێ لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان گرێدراوی پرۆسەی تەعریبی ٥٠ ساڵی ڕابردووە و زیاتر لە نەوەد و دوو ھەزار عەرەب براونەتە کەرکووک.

گوندی پەڵکانە، دەکەوێتە باکووری شارەدێی شوانی پارێزگای کەرکووک، یەکێک لەو ٤٠ گوندەی شاردەێی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز کە ھەموو دانیشتووانەکەی کوردنشینن و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، دانیشتووانەکەی ڕاگوێزران و زەوییەکانیان درایە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەم دۆخەش تاوەکو پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١، ژمارەی دانیشتوانەکەشی زیاتر لە بیست و دوو ھەزار کەسن و زیاتر لە ١٨%ـی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک پێکدەھێنن.
ھەرچەندە پێشتر حکوومەتی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٢٩ لە ساڵی ٢٠١٢، ھەموو گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کەرکووک دەرکردووە و ئاماژەی بە گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوییەکانیش بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کردووە، بەڵام نە دەستەڵاتی دادوەری، نە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بەرگری، ناوخۆ، پارێزگا و فەرمانگەکانی سنوورەکە، ناوەڕۆکی ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکەن، ھاوکات لەلایەن خۆشیەوە، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی، نووسراوێکی ئاراستەی دادگەکان کردووە کە کار بە گرێبەستە کشتوکاڵییەکان ناکرێت، بەڵام فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بەردەوامە لەسەر داننان بەو گرێبەستانە و مافی خاوەندارێتی بە عەرەبی ھاوردە دەدات، بیانووی ئەوەشی ھەیە، لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵییەوە، نووسراوێکی ھاوشێوەی وەزارەتی دادی فیدراڵی بەدەست نەگەیشتووە.
ھەر لە درێژەی کاردانەوە نەرێنییەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر لەسەر کورد و پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی، دروستبوونی پشتیوانی بوو بۆ عەرەبی ھاوردە لەلایەن ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکەوە، بەشێوەیەک ڕاکان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ھەر لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ـەوە چەندین نووسراوی ئاراستەی قایمقامی دووبز و فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەددین کردووە کە کارئاسنی بۆ ئەو عەرەبە ھاوردانە بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ نیشتەجێ بوون لە گوندەکانی شارەدێی سەرگەڕان.
پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی پارێزگای کەرکووک ھەر بەوەندەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس و سوپا بووە کە ڕێگری بکەن لە چاندن، دروێنەکردن و کاری کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانی کوردەوە لەسەر زەوییەکانیان تا لە دروستبوونی ئاڵۆزییەکاندا، چەندین جار جووتیارانی کورد دەستگیرکراون، سەرەڕای زیانگەیاندنێکی زۆر بە سەر و ماڵی ھاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، دەڵێت: ئەوەی عەرەبە ھاوردەکان دەیکەن گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە و ئامانجیان درێژەدانە بە تەعریب و داگیرکاریی و زیادکردنی فشارەکان لەسەر جووتیارانی کورد، بەرپرسانی کوردیش دەڵێن: تا ئێستە ھیچ ھەنگاوێک لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەنراوە، ئاڵۆزییەکانی گوندی پەڵکانەش باشترین و زیندووترین نموونەیە لەم بارەوە.
جگە لە کەرکووک، بەعەرەبکردن لە پارێزگای نەینەوا زۆر بە چڕی جێبەجێ دەکرێت، ئەوە جگە لە پارێزگای دیالە کە خانەقین و دەوروبەری کە بەعەرەبکردن تێیاندا دەکرێت و زەوی ٣٦ گوندی کوردنشینی خانەقین بە بیانووی جۆراوجۆر داگیرکراون.
لە زوممار بە ھەمانشێوە تەعریبی نوێ تەشەنەی سەندووە و تەنانەت ئەو عەرەبە ھاوردانەی دوای ڕووخانی دەستەڵاتی بەعس ناوچەکەیان جێھێشتبوو، ئێستە گەڕاونەتەوە و زەوی کوردیان داگیرکردووە. دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی گوندی پەڵکانە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات لە دەرھەق ئەو ستەمەی بەرامبەر جووتیاری کورد دەکرێت، بێ دەنگ نەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک جووتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد.

ھەواڵی زیاتر