پاراستنی بەهاکانی وڵات ئەرکی هەموو لایەکە

شێرکۆ حەبیب
وەک هەر هاووڵاتیەکی ئەم سەرزمینە باوەرم بە قەزا و قەدەر و کاری سروشتی هەیە، بەڵام هەندێ کار بەدەستی ئەنقەست ڕوودەدات و دەڵێن واللە قەزا و قەدەر بوو، وەک ئاگر کەوتنەوەی چەند شوێنێکی هەولێر، واللە قەزاو قەدەر نەبوون هیچیان هەر لە بازاری لەنگە تا دەگاتە دوا ئاگر ئەگەر دوا ئاگر بێت لە بازاری قەیسەری، من دەستی تۆمەت بۆ کەس درێژ ناکەم چونکە بەڵگەم پێ نییە ئەگینا وەک دەڵێن فیلیش بایە پەنجەم دەخستە چاوی، دووجار بازاری لەنگە و نزیک بازاری نیشتیمان و بازاری قەیسەری ناچێتە هیچ ئەقڵ و مەنتیقێک، سەبارەت بەسووتاندنی، هیچ گومانم لەوەدایە نییە کە دەستی ڕەشی ناحەزان ئەو کارانە ئەنجام بدەن بۆ بڕە پارەیەک.

لە راستی بەهیچ شێوەیەک ناتوانی بیر بکەیەوە و باوەر بکەی کەسانی لەو جۆرە بوونیان هەبێت لە ناو کۆمەڵگە کە شار و وڵاتی خۆیان بسووتێنن، ئایا ئەوانە چۆن ناخیان ئاسودە دەبێ کە دەبینن شار دەسووتێت؟ هاووڵاتی گیان لەدەست دەدات سیمای شارەکە دەشێوێنن، تۆ بڵێی کەسانی لەو شێوەیە بوونیان هەبێ، لە پێناو چی هەولێر دەسووتێنن؟ ئەوە پاداشتی شارێکی دێرینی کوردستانە کە لەسەر دەمی مێژووەوە شاری تەبایی و پێکەوە ژیانە، ئایا پاداشتی لە خۆگرتنی هەولێرە بۆ ملیونەها دەربەدەر و لێقەومانی ئەم وڵات ئەو شار، ئەو وڵات ئەگەر مەبەستان بێت هەولێر خۆی بچەمێنێ ئەوە خەون و خەیاڵە. هەولێری هۆلاکۆ بەزێن ناچەمێت، هەردەم بەسەربەزی و شکۆمەندی دەمێنێتەوە.

ئەوەی لێرە گرنگە کە باسی بکەین پاراستنی ئاسایشی هەولێر هەر تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە بەڵکو ئەرکی هەموو لایەک و سەرجەم هاووڵاتیانە کە هاوکاری حکوومەت بن بۆ بەرگری و پاراستنی ئاسایشی شارەکە، کە ئەمەش ئەرکێکی ئاینی و نیشتمانییە لە هەر هەڵسوکەوتێکی نامۆ ئاگاداری لایەنی پەیوەندار بکەینەوە.

گرنگە حکوومەتیش زیاتر بایەخ بە دابینکردنی کەرستەکانی ئاگر کوژێنەوە بدات و سەرجەم خاوەن کۆگا و دوکانداران پابەند بکات بە دابینکردنی ئەو ئامێرانە، هەروەها دەبێ پەلە لە لێکۆڵینەوە بکرێت و هاووڵاتیان لە ئاکامی ئاگادار بکاتەوە.

هەولێر و سەرجەم کوردستان ئاوەدان و پارێزراو بێت.

ھەواڵی زیاتر