سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە پرسی هاوکارییەکان بۆ ئێستا و داهاتوو تاوتوێ دەکەن

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەگەڵ نووسینگەی هاریکاریی ئاسایشی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا، پرسی هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(8ی ئایاری 2024)، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆنۆڵێل مایکڵ گاچیرۆ، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر کۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، پرسی هاوکارییەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە، لەگەڵ بەرنامە و پلانی داهاتوو لەو بوارەدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، هەروا پرسی ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا، لەسەر پرسی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە  و هەنگاوەکان، دووپاتیان لە بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان کردەوە.