دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران بۆ چارەکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا گرنگە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شەقامی عێراقی و ھەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران دەڕوانن کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ژمارەیەک دۆسیەی سیاسی، ئەمنی و بازرگانی تاوتوێکران. چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، دەڵێن، ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە پێشبینی دەکەین لە دوای ئەم سەردانە لێکتێگەیشتنی باش لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم دروست ببێت بۆ چارەکردنی کێشەکان. فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ئێران چاوی لەوەیە بازرگان و کۆمپانیاکانی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.

ڕۆژی یەک شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ ھەر یەک لە ئایەتوڵڵا ئەلعوزما سەید عەلی خامەنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە تاران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و دوێنێش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی ھەبوو. لەو دیدارانەی کە کراون، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی باڵای ھەرێم لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی و بەرژەوەندیی ھاوبەش و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندیی ئابووری، جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھەروەھا داکۆکییان لە پێویستی و گرنگیی بەردەوامیی ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھاوبەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، نزیکەی شەش سەد و پەنجا کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشیان ھەیە، حەوت دەروازەی سنووریی لە نێوانیاندا ھەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.
فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تاران بۆ ڕاستەڕێکردنەوەی ئەو ساردییە بوو کە ماوەی سێ ساڵە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و تاران ھاتۆتە ئاراوە، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەی کردووە.
فەوزی ھەریری، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دراوسێیەکی بەھێزە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەولێر دەبێت.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئێران چاوی لەوەیە بازرگان و کۆمپانیاکانی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، بە ھەمان شێوە بازرگان و کۆمپانیاکانی کوردستانیش زیاتر ڕوو لە ئێران بکەنەوە، ھەرێمی کوردستان و ئێران خوازیارن ئاڵوگۆڕە ئابووریی و بازرگانییەکان زیاتر بکەن.
پەروێز ڕەحیم، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ئێران لە ھێرشەکانیدا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان نەیتوانی بیسەلمێنێت کە ھەرێمی کوردستان بنکەی ئیسرائیلی لێیە، تەنانەت دۆستەکانیش لە بەغدا نەیانتوانی پشتیوانی لێ بکەن، ئەمە یەکێکە لە ھۆکارەکانی بانگھێشتکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تاران.
پەروێز ڕەحیم، ئاماژەی بەوە کرد، دوای پێشهاتەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک سیستەم بھێتە کایەوە، بۆ ئێران ڕوون بووەوە کە تا چەند فشار لە ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان لە ئەکتەرەکانی دیکە نزیک دەکاتەوە، بۆ نموونە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا.
ئەو شارەزایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، گوتیشی: ئێران و ھەرێمی کوردستان ھەردوولا پێویستیان بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکان ھەیە، ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێران ناتوانێت ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان وەک ھەرێمی کوردستان فەرامۆش بکات.