فۆبیای دەروونی چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

فۆبیای دەروونی جۆرێکە لە تێکچوونی دەروونی. لە ڕاستیدا نەخۆشەكە ترسێکی بەهێز و بەردەوامی هەیە لەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە حوکم بدرێت و چاودێری بکرێت. ئەم ترسە کاریگەری لەسەر کار، قوتابخانە و چالاکییەکانی تری ڕۆژانەی کەسەکە دەبێت.

د. ئارام حاجی دکتۆری دەروونی، باس لەنەخۆشی فۆبیای دەروونی دەکات و دەڵێ: هەستکردن بە ترس و شڵەژان لە هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا شتێکی ئاساییە. بۆ نموونە چوون بۆ یەكتربینینێك یان قسەکردن لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەنگە ببێتە هۆی هەستكردن بە تێكچوونی گەدە. بەڵام لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا کە پێی دەوترێت فۆبیای کۆمەڵایەتی دەروونی، هەڵسوكەوتەكانی ڕۆژانە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، ترس و شەرمەزارییەکی بەرچاو لە كەسەكەدا. ترس لە حوکمدان و بۆچوونی کەسانی دیکە یەکێکە لە خەمی باوی ئەو کەسانە. دڵەڕاوکێی دەروونی نەخۆشییەکی درێژخایەنی دەروونییە، بەڵام بە فێربوونی تواناکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ڕێگەی چارەسەری دەروونی و دەرمانەوە دەتوانێت یارمەتی تووشبووەکە بدات متمانە بەخۆبوونی بە دەست بهێنێتەوە و توانای هەڵسوكەوتی لەگەڵ کەسانی دیکە باشتر بکات.
ئەو دکتۆرە باس لە نیشانەکانی فۆبیای دەروونی دەکات و دەڵێ: هەستکردن بە شەرمنی یان ناڕەحەتی لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا مەرج نییە نیشانەی نەخۆشی فۆبیای دەروونی بێت، بەتایبەتی لە منداڵاندا. ئاستی ئاسوودەیی مرۆڤ لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی سیفەتی کەسایەتی و ئەزموونەکانی ژیانی دەگۆڕێت. هەندێک کەس بە سرووشتی خۆیان زیاتر دوورەپەرێزن و هەندێک كەس زیاتر کۆمەڵایەتین. بە شێوەیەکی گشتی ئەم نەخۆشییە لە سەرەتا تا ناوەڕاستی تەمەنی هەرزەکاری دەست پێدەکات، هەرچەندە هەندێک جار دەكرێت لە منداڵانی بچووک یان گەورەساڵان دەست پێبکات.
دەشڵێت: نیشانە سۆزداری و ڕەفتارییەكان، نیشانەکانی فۆبیای دەروونی دەكرێت ئەمانە لەخۆ بگرن وەکوو، ترس لەو شوێنانەی کە ئەگەری هەیە حوکمت لەسەر بدرێت. شەرمەزاربوون یان شكاندنەوەی خۆت. ترسی زۆر لە هەڵسوكەوتكردن یان قسەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ. ترس لە سەرنجدانی خەڵك بە دڵەڕاوکێی كەسەكە. ترس لە نیشانە جەستەییەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی شەرمەزاربوونی كەسەكە، وەک سووربوونەوە، ئارەقکردنەوە، لەرزین، یان لەرزینی دەنگ. دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی کارەکان یان قسەکردن لەگەڵ خەڵک لە ترسی شەرمەزاری. دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرنج. هەبوونی دڵەڕاوکێ لەکاتی چاوەڕوانی بۆ دەستپێکردنی چالاکیەک یان ڕووداوێک. هەروەها نیشانە جەستەییەکان کە هەندێک جار فۆبیای دەروونی نیشانە جەستەییەکانی لەگەڵدایە و لەوانەیە بریتی بن لە، سووربوونەوە، خێرا لێدانی دڵ، لەرزین، ئارەقکردنەوە، ڕشانەوە، کێشەی هەناسەدان، سەرگێژە، گرژبوونی ماسوولکەکان، هۆکارەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتی.
دەشڵێت: وەک زۆرێک لە تێکچوونەکانی تری تەندروستی دەروونی، تێکچوونی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی کارلێکی ئاڵۆزی هۆکارە بایۆلۆجی و ژینگەییەکانەوە دێتە ئاراوە. هۆکارە ئەگەرییەکان وەکوو، سیفەتە بۆماوەییەکان.
دڵەڕاوکێی كۆمەڵایەتی لە نێو ئەندامانی خێزاندا دەبینرێت، بەڵام بە تەواوی ڕوون نییە کە چەندێك لەمە بەهۆی جیناتەوەیە و چەنێكیش بەهۆی فێربوونەوەیە. پێکهاتەی مێشک، پێکهاتەیەک لە مێشکدا هەیە کە پێی دەوترێت ئەمیگدالا، لەوانەیە بەشدار بێت لە کۆنترۆڵکردنی وەڵامدانەوی ترس. ئەو کەسانەی کە ئەمیگدالایەکی زۆر چالاکیان هەیە لەوانەیە وەڵامدانەوەیان بۆ ترس زیاتر بێت و ئەمەش دڵەڕاوکێیان لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا زیاد دەکات. ژینگە کە دڵەڕاوکێی دەروونی لەوانەیە ڕەفتارێکی فێربوو بێت، ڕەنگە هەندێک کەس دوای دۆخێکی کۆمەڵایەتی ناخۆش یان شەرمەزارکەر تووشی ببن. هەروەها، لەوانەیە پەیوەندییەک لە نێوان تووشبوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی و ئەو دایک و باوکانەدا هەبێت کە دڵەڕاوکێی كۆمەڵایەتیان هەیە یان زیاد لە پێویست منداڵەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکەن و دەیانپارێزن. تایبەتمەندی هەندێک لە منداڵان بە سرووشتی خۆیان شەرمن، ترسنۆک، گۆشەگیر یان خۆپارێزن کاتێک ڕووبەڕووی بارودۆخی نوێ دەبنەوە. شوێن یان كاری نوێ.
نیشانەکانی دڵەڕاوکێی دەروونی بە شێوەیەکی گشتی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستپێدەکات، بەڵام لە كاتی ناسینی کەسانی نوێ، پێشکەشکردنی وتارێک لە ناو خەڵكدا، یان پێشکەشکردنی ئەرکێکی گرنگ لەوانەیە بۆ یەکەمجار نیشانەکان دەستپێبكەن. هەبوونی ڕواڵەتێک یان حاڵەتێک کە سەرنج ڕابکێشێت بۆ نموونە، شێواوییەك لە دەموچاو، گیرانی زمان یان لەرز کە بەهۆی نەخۆشی پارکینسۆنەوە دروست دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی فۆبیاپ کۆمەڵایەتی لە هەندێک کەسدا:
ئەو دکتۆرە باس لە كاریگەرییەكانی فۆبیای دەروونی و چارەسەرییەکانی دەکات و دەڵێ: چارەسەرنەکردنی ئەم كێشەیە دەبێتە هۆی خراپترکردنی و وا دەكات كەسەكە نەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی بكات. دڵەڕاوکێ دەتوانێت کاریگەری لەسەر کار، قوتابخانە، پەیوەندی و چێژوەرگرتن لە ژیان هەبێت. كاریگەرییەكانی وەکوو، خۆبەكەم زانین. کێشە لە دەربڕین. قسەكردنی نەرێنی لەگەڵ خۆت. هەستیاری لەڕادەبەدەر بەرامبەر بە ڕەخنە. لاوازی توانای کۆمەڵایەتی. گۆشەگیری. پێشکەوتنی كەم لە بواری ئەکادیمی و پیشەیی. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زۆر خواردنەوەی کحول. هەوڵدان بۆ خۆکووشتن. فۆبیای دەروونی لە منداڵاندا کەشێوازەکانی چارەسەرکردنی فۆبیای دەروونی لە منداڵاندا هەمان شێوازەکانی چارەسەرکردنی هەرزەکاران و گەورەکانە، هەرچەندە دەرمانەکان بە شێوەیەکی گشتی بەکارناهێنرێن. چارەسەرکردنەكە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتدا گونجاو دەبێت و زۆرجار چارەسەری یاریکردن، تەکنیکەکانی ئیسراحەتکردن، قسەکردن لەگەڵ منداڵەکە و دایک و باوکی لەخۆدەگرێت. شێوازەکانی چارەسەری فۆبیای دەروونی ئەوەیە کە بۆ چارەسەرکردنی فۆبیای دەروونی، بەگوێرەی بارودۆخی نەخۆشەکە، ڕێگەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت. بژاردە سەرەکییەکان وەکوو، چارەسەری هزری ڕەفتاری (CBT)، چارەسەرکەر دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دەستنیشانکردن و گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارە نەرێنییەکان. ئەمەش ڕەنگە بە تاک، بە گرووپ، یان لەگەڵ خێزان ئەنجام بدرێت. لە کاتی چارەسەری گرووپیدا، ئەندامانی گرووپ سەرنجیان لەسەر فۆبیای دەروونییە و ئەو کارامەییانەی لە ژیاندا فێریبوون بەکاردەهێنن.

ھەواڵی زیاتر