داواكاری گشتی داوا دەكات ٢٧ شارەوانیی دەم پارتی قەیووم بكرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

سیاسەتی قەیووم كردنی شارەوانیی لە باكووری كوردستان بەردەوامی هەیە، ئەگەرچی ئەو سەرۆك شارەوانییانە بەدەنگی میللەت بوونەتە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی كار بۆ پەكەكە دەكەن، داوا دەكرێت بەشێكی زۆریان لە پۆستەكەیان دوور بخرێنەوە و بدرێنە دادگا. بەگوێرەی زانیارییەكان ٢٧ شارەوانیی دەم پارتی مەترسی قەیوومیان لەسەرە.

بەئیمزای بەكر شاهین، سەرۆكی داواكاری گشتی توركیا، داوا كراوە ٢٧ شارەوانیی دەم پارتی بدرێنە دادگا، چوونكە بەڵگەیان لەسەر كۆبووەتەوە كە ژێربەژێر كاریان بۆ پەكەكە كردووە.
ئەمە هەنگاوی یەكەمی قەیوومكردنی شارەوانییەكانی دەم پارتییە، دوای هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، كە ئەو پارتە توانی ٧٨ شارەوانیی لە باكووری كوردستان بباتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی نەدیم شەنەر، كە رۆژنامەنووسێكی سەر بە ئاكەپەیە، داواكاری گشتی داوای كردووە ٢٧ شارەوانیی دەم پارتی بدرێنە دادگا، چوونكە تۆمەتی پەكەكەبوونیان دراوەتە پاڵ، تا ئەوكاتەی لە دادگاش دۆسیەكەیان یەكلایی دەبێتەوە، شارەوانییەكەیان قەیوم دەكرێت.
ئەگەرچی بەگوێرەی یاسا بێت، تا ئەوكاتەی دادگا دۆسیەكەیان یەكلایی دەكاتەوە پێویست دەكات ئەوان لە سەرۆكی شارەوانیی بەردەوام بن، بەڵام پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، شارەوانییەكان قەیوم بكرێت و پاشان دادگا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەیان دەستپێبكات.
لە ٢٠١٩دا، هەدەپە توانی ١٠٠ شارەوانیی لە باكووری كوردستان بباتەوە، بەڵام ٦٠٪ی شارەوانییەكانیان قەیوم كرا و لە شوێنی ئەوان، حكوومەت فەرمانبەری خۆی كردە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤، دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان، دژی سیاسەتی قەیووم دەنگیاندا و دەم پارتی، توانی ١٠ گەورە شارەوانیی بباتەوە و هەروەها ٦٧ شارەوانی تری شارۆچكە و شارەدێی بردەوە.
بەگوێرەی ئەو گوتانە بێت كە رۆژنامەنووسانی توركیا دوای هەڵبژاردن قسەیان لەسەر دەكرد، حكوومەت دەستبەرداری سیاسەتی قەیوم دەبێت، چوونكە دەركەوت گەل پێشوازی لە قەیووم ناكات، گەر پێشوازیان لێی بكردایە، لەسەر سندووقی دەنگدان دەنگیان بە بەربژێرانی دەم پارتی نەدەدا.
ئەگەر بێت و سیاسەتی قەیووم بچێتە واری جێبەجێ كردنەوە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، ئەمجارەیان وەكوو ٢٠١٩ نابێت و دەنگدەر 8ی باكووری كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و رێگە نادەن شارەوانییەكەیان قەیوم بكرێت، وەكوو چۆن دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، عەبدوڵا زێدان، سەرۆكی هەڵبژێردراوی وان شارەوانییەكەی قەیوم كرا و پاشان بە خۆپیشاندانی دەیان هەزار كەس و فشاری ناوەخۆیی، توانرا مافەكەی بۆ بگەڕێردرێتەوە، بۆیە رەنگە دەم پارتی، هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە، ئەویش لە ئەگەر قەیوومكردنی شارەوانییەكانیان.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بەردەوام گوتوویەتی، ئەوان رێگە نادەن شارەوانییەكان بۆ بەرژەوەندی پەكەكە بەكاربهێنرێت و هەرچی لەدەستیان بێت دەیگەن بۆ رێگریكردن لەو هەنگاوە.

ھەواڵی زیاتر