سامان سیوەیلی
پەشێوی کەسێتی ناهاوسەنگ (ناجێگیر)ی هەڵچوونی
بەشی شەشەم
کەسێتی ناهاوسەنگی (ناجێگیری) هەڵچوونی (BPD):
ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی کاریگەری لەسەر مەزاژ و ڕەفتار و تێڕوانینی کەسەکە بەرامبەر خودی خۆی دەکات، دووچاری هەردوو ڕەگەز دەبێت، بەڵام لە ڕەگەزی مێینەدا زیاترە، نیشانەکانی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی دەتوانین لە چوار تەوەردا کۆ بکەینەوە: هەڵبەز و دابەز لە مەزاژدا، ناجێگیری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵچوونی توند کە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەنجامدانی هەندێ جۆرێ ڕەفتار بەشێوەی هەڵەشانە کە مەترسی لەسەر کەسەکە دروستدەکەن.
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەناخیاندا هەست بۆشایی بەردەوام دەکەن، هاوکات هەست بە بێبەهایی ژیان دەکەن، ئەم حاڵەتانەش دەبنە هاندەر بۆ ئەنجامدانی هەندێ ڕەفتاری سۆزڕاکێش بەشێوەیەکی زێدەڕۆ، وەک ڕەفتاری هیستری، بەمەبەستی ڕاکێشانی ئاگایی دەوروبەر، هاوکات ئەم کەسانە بە گومانن، بوونی ئەم خەسڵەتەش وادەکات گومان لە کەسەکانی دەوروبەریان بکەن.
ئەم کەسانە زووزوو ئامانجەکانیان دەگۆڕن، بەمهۆیەوە زووزوو ئیش یان پیشە یان شوێنی کارەکانیان دەگۆڕن، هەروەکو گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و تێڕوانینیان بەرامبەر خودی خۆیاندا دێت، بەهەمان شێوە لەنێوان بژاردەکانیاندا چ بۆ کەسەکان چ بۆ پرسەکانی تایبەت بەخۆیان، بەخێرایی بڕیار دەگۆڕن، گۆڕینی بڕیارەکانیان یان لەژێر کاریگەری فشارە سۆزدارەییەکانیاندایە یان بەهۆی ناجێگیری مەزاژیانەوەیە، یاخود بەهۆی ناجێگیری تێڕوانینیانە بۆ خودی خۆیان، ئەم کەسانە وەک ئامڕازێک پەنا بۆ بڕیاردانی خێرا دەبەن بەمەبەستی هەڵهاتن لەو ڕەوشە فشارئامێزەی تێیکەوتوون.
ئەم کەسانە کاتێک دەکەونە ژێر فشارێکی سۆزدارییەوە، ئارەزوو دەکەن بەخێرایی کێشەکانیان چارەسەر ببێت و ڕەوشەکەیان ئاسایی ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت.
لەنێوان پەشێوی کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی و پەشێوی خەمۆکی تونددا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە، چونکە زۆرینەی ئەو کەسانەی خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتین، دووچاری پەشێوی خەمۆکی گەورە یاخود توند (Major Depressive Disorder) دەبن، کە کورتکراوەکەی بە (MDD)(١) ناودەبرێت، کاتێک ئەم دوو پەشێوییە پێکەوە لە کەسێکدا دەردەکەوێت، بەئاسانی دەستنیشانی هەردوو حاڵەتەکە ناکرێت، هەربۆیە کاتێک کەسێک دووچاری ئەم دوو پەشێوییە پێکەوە دەبێت، پێویستە هاوتەریب چارەسەری هەردوو پەشێوییەکە بکرێت.
لەمبوارەدا هەردوو پسپۆر (Josephine A Beatson and Sathya Rao) دەڵێن: وەک باوە پەشێوی خەمۆکی گەورە لە زۆرباردا لەگەڵ پەشێوی کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی پێکەوە دووچاری کەسەکە دەبن، لەگەڵ ئەمەشدا بوونی پەشێوییە کەسێتییەکە پێشبینیکارێکە بۆ ڕوودانی خەمۆکی گەورەکە، نەک بەپێچەوانەوە، هەروەها دەڵێن، کاتێک خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی دووچاری خەمۆکی گەورە دەبێت، ئەوا وەک هەندێ توێژینەوە سەلماندوویانە (٨٣٪) ی ئەو کەسانە بەدرێژایی ژیانیان خەمۆکییەکەیان لەگەڵدا دەمێنێتەوە.
گرنگترین خەسڵەتەکانی کەسێتی ناهاوسەنگی هەڵچوونی:
١- ترس لە لەدەستدانی پەیوەندی (جێهێشتن):
مەبەست لەم چەمکە، ترسە لە لەدەستدانی پەیوەندی ئەم کەسە لەگەڵ ئەو کەسەی کە ئەم خۆشی دەوێت یان پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵیدا هەیە، یان بە دەربڕینێکی دیکە ترس لەوەی ئەو کەسەی ئەم مەبەستیەتی و خۆشی دەوێت جێیبهێڵێت، ئەم خەسڵەتە لای خاوەن کەسێتی ناهاوسەنگی هەڵچوونی یەکێکە لە دیارترین خەسڵەتەکان، جا کەسەکە ئافرەت بێت یان پیاو، هاوڕێی نزیکی کەسەکە بێت، یان خۆشەویست، یان هاوسەری بێت.
خاوەنی ئەم کەسێتییە بەرامبەر بە بیرۆکەی وازهێنان لێی یان جێهێشتنی بەتەنها، دووچاری ترسێکی بەتین یان تۆقین دەبێت تەنانەت ئەگەر هۆکارێکی لۆژیکیش بۆ ئەم ترسەی لەئارادا نەبێت، تا ئەو ئاستەی لەڕوانگەی ئەوەوە بەدرەنگ گەڕانەوەی ئەندامێکی خێزانەکەی هەڕەشەیەکە بۆ جێهێشتنی ئەو، تەنانەت دووچاری ترسێکی زۆر و توڕەبوون دەبێت لە دواکەوتنی هاتنی هاوڕێیەکی بۆ چەند خولەکێک بۆ ژوانێکی نێوانیان، چونکە ئەو هەستەی لادروست دەبێت کە هاوڕێیەکەی وازیلێدەهێنێت یان جێیدەهێڵێت.
خۆ ئەگەر خاوەنی کەسێتی ناهاوسەنگی هەڵچوونی هاوسەردار بێت، ئەوا هەڕەشەی جێهێشتن و وازهێنانی هاوسەرەکەی دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆی، چجای ئەوەی بگاتە جێبەجێکردنی ئەو هەڕەشەیە، کاتێک خاوەنی ئەم پەشێوییە دووچاری ئەم ترسە دەبێت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ مانەوەی کەسەکە لەچوارچێوەی پەیوەندییەکەیاندا، لێی دەپاڕێتەوە، شەڕی لەگەڵ دەکات، بەدوای هەنگاوەکانیدا دەڕوات، تا دەگاتە فەرمان بەسەرداکردن کە نابێت جێیبهێڵێت.
٢- ناجێگیری لە پەیوەندییەکاندا:
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەسەرەتای پەیوەندییەکانیدا ئارەزووی پێکهێنانی پەیوەندی سۆزداری گەرموگوڕ و نموونەیی دەکات، بەجۆرێک تیایدا هەست بە خۆشەویستی و گەرموگوڕی پەیوەندییەکەی بکات، هەر لەم سەرەتایانەی پەیوەندییەکەیدا ئارەزووی ئەوە دەکات کە زۆرترین کاتەکانی لەتەک هاوسۆزەکەی (هاوبەشەکەی) بێت، هێندە نابات دووچاری نائومێدی دەبێت، ڕەنگە تا ئەو ئاستەش بڕوات کە ڕقی لە هاوسۆزەکەی بێتەوە و هەست بکات کە کەسێکی بێ بەهایە، یاخود گۆڕینی ڕوانینی بۆ کەسەکە بەشێوەیەکی خێرا، بۆ نموونە کاتێک ستاییشی کەسێک دەکات، بەخێرایی ستاییشەکەی دەگۆڕێت بۆ ڕەخنە و سەرزەنشتکردن، ئەو کاتانەی زۆر سەرسامی هاوسۆز یان خۆشەویستەکەیەتی زۆر بە بەژن و باڵایدا هەڵدەدات و چاو لە هەموو خاڵە لاوازەکانی دەپۆشێت، تەنها چاو دەخاتە سەر ئەو خاڵانەی لای خۆی ئەرێنین.
لەچوارچێوەی پەیوەندییەکانیدا، کەسی خاوەن پەشێوی کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی شکست لەسەر دوو ئاستدا دەهێنێت، بەجۆرێک کەسەکە ناتوانێت لە هەستی ئەوانی دیکە بەرامبەر خۆی تێبگات، هەروەها ناتوانێت لە کاریگەری خۆی لەسەر ئەوانی دیکە تێبگات، بەمهۆیەوە خۆشویستنی کەسێک کە ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی هەبێت، نەک هەر ئاسان نییە، بەڵکو ئەوانەی پەیوەندی لەگەڵ ئەم کەسانەدا دروست دەکەن، پەیوەندییەکانیان ترسناک و بە ئازار دەبێت.
٣- ناجێگیری لە تێڕوانینی کەسەکە بۆ خودی خۆی:
خاوەنی کەسێتی ناهاوسەنگی هەڵچوونی لەهەندێ کاتدا ڕێز لە خودی خۆیان دەگرن، لە خودی خۆیان ڕەزامەندن، بەڵام لە هەندێ کاتی تردا ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە و خۆیان بە کەسانی شکستخواردوو یان شەڕانی دەبینن، هەروەها ئەم کەسانە لەدەست بێ ئامانجی لە ژیاندا دەناڵێنن و خۆیشیان نازانن چییان دەوێت، بەمهۆیە ئەم کەسانە زۆر کار و پیشە و شوێنی کارکردنەکانیان دەگۆڕن، زۆر هاوڕێ دەگۆڕن، پەیوەندی زۆر دروست دەکەن، ئەگەریش هەیە واز لە بەهاکانیان بهێنن تەنانەت ئایینەکەیشیان بگۆڕن.
٤- ناجێگیری لە مەزاژدا:
ئەم خەسڵەتە بەیەکێک لە خەسڵەتە دیار و باڵاکانی پەشێوی کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی دادەنرێت، بەجۆرێک خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بەدەست هەڵبەز و دابەزی توند لە مەزاژیدا دەناڵێنێت، کە ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات، هەروەها پەرچەکردارەکانی زێدەڕۆیی زۆریان تێدایە، بۆ نموونە کەسەکە دڵخۆشە بەڵام لەماوەی چەند خولەکێکدا یان چەند کاژێرێکدا حاڵەتەکەی دەگۆڕێت بۆ پەژارە و نائومێدی، هەروەها لە خەسڵەتەکانی دیکەی کەسەکە لەمبوارەدا زیاتر بە ئاڕاستەی ناڕەزامەندی لە ژیان و بێزاری و خەمۆکی نزیکە.
٥- بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی توڕەییەکانیان:
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بەتوندی توڕە دەبن، بەجۆرێک زێدەڕۆیی زۆری تێدایە، هاوکات توانای کۆنترۆڵکردنی توڕەییەکانیان نییە، هاوار دەکەن، شت فڕێ دەدەن، شەڕ دەنێنەوە، لەزۆر باریشدا ئەو حاڵەتانە هەستکردن بەپەشیمانی و شەرمەزاری بەدوایدا دێت لای کەسەکان، لەهەندێ باریشدا توڕەییەکانیان دەرنابڕن و لەناخی خۆیاندا پەنگ دەخواتەوە، هۆکارەکانی ئەم توڕەییە توندانە بە بەرپەرچدانەوە هەژمار دەکرێت بەرامبەر بە: (هەستکردن بە ترس، پەراوێزخستن، پشتیوانی نەکردن، جێهێشتن و تەنها مانەوەی کەسەکە).
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی کە جامی توڕەییەکانی دەڕێژێت، هاوڕێکانی، هاوپیشەکانی، ئەندامانی خێزانەکەیشی لێبەدەرنابن.
٧- هەڵسوکەوتی خراپ بەرامبەر خواردن:
کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراک و ڕەفتاری خوارندا ناجێگیرن، یان زۆر دەخۆن یان زۆر بە کەمی دەخۆن، ئەمەش بە ڕەفتارێکی زیانبەخش دادەنرێت کە هاوەڵی ئەم پەشێوییەی کەسێتی دەکات، ئەم بارە نائاساییە کە لەبواری خواردندا ڕوودەدات لای ئەم کەسانە، دەرئەنجامی فشاری سۆزداری و دەروونی زۆرە.
٨- خۆئازاردان و هەوڵی خۆکوشتن:
یەکێک لە هۆکارەکانی پەنابردنی کەسانی خاوەن کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی بۆ ڕەفتارەکانی خۆئازاردان، بریتییە لە هەستکردنی ئەو کەسانە بە مەترسی جیابوونەوە یان دوورکەوتنەوەی هاوسۆز و خۆشەویستەکانیان، یاخود بەهۆی ڕەتکردنەوە و بێزراندنی ئەم کەسانەوەیە لەلایەن ئەوانی دیکەوە، هەروەها ئەو وێنا شێواوەی دەربارەی خودی خۆیان هەیانە هۆکارێکە بۆ پەیدابوونی ئارەزوویەکی ڕاستەقینە بۆ خۆکوشتن بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، لەمبوارەدا پزیشکی پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان (د. ترکي الترکي) دەڵێت: (٦٠٪)ی کەسانی خاوەن کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی هەوڵی خۆکوژییان هەیە، (٥٪ تا ٨٪)ی ئەم کەسانی خاوەنی ئەم پەشێوییەی کەسێتی خۆیان دەکوژن، (١٪) لەو هاونیشتیمانییانەی سەردانی نۆڕینگە دەروونییەکان دەکەن ئەمجۆرە لەپەشێوی کەسێتییان هەیە، (١٥٪ تا ٢٠٪)ی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە دەروونییەکان دەخەوێنرێن خاوەنی ئەمجۆرە لەپەشێوی کەسێتین.
بۆ دەستنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی، پشت بەبوونی ئەم خەسڵەتانە دەبەسترێت:
١- ناجێگیری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەجۆرێک لەڕابردووی کەسەکەدا ئەم ناجێگیرییە بەڕوونی دیاربووبێت.
٢- ناجێگیری لە تێڕوانینی کەسەکە بۆ خودی خۆی (ئەو ناسنامەیەی دەربارەی خۆی هەیەتی).
٣- ناجێگیری لە مەزاژدا.
٤- بوونی ڕەفتاری هەڵەشانە.
ئەم خەسڵەتانە لەڕێی چەند نیشانەیەکەوە بەرجەستە دەبن، کە لانیکەم دەبێت پێنج نیشانە لەم نیشانانە لە کەسەکەدا دەربکەون:
١- کۆششی بێهودە دەکەن لەپێناوی بەجێنەهێشتنیان (چ بەکردەیی، چ بە خەیاڵ).
٢- گرژی و ناجێگیری لە پەیوەندیەکانیاندا، لە هاوسۆزی و ستاییشکردن و پیاهەڵدانەوە، بەخێرایی دەگۆڕێن بۆ ڕقلێبوونەوە و ڕەخنەگرتن.
٣- هەستان بە ڕەفتاری مەترسیدار و هەڵەشانە بێ گوێدانە پاشینە مەترسیدار و خراپەکانی ڕەفتارەکانی، وەک (سێکس کردن لە شوێنی مەترسیداردا، زۆر خواردن، شۆفێریکردن بەشێوەی هەڵەشانە).
٤- چەندین جار پەنا بۆ ئەو ڕەفتارانە دەبەن کە وابەستەی خۆکوشتنن، وەک (هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، هەڕەشەکردن بە خۆکوشتن، خۆئازاردان).
٥- گۆڕانکاری خێرا لە مەزاژدا، لە زۆر باردا چەند کاژێرێک دەخایەنێت، دەگمەن چەند ڕۆژێک بخایەنێت، وەک (لە دەروونێکی شاد و ئاسوودەوە بۆ نائومێدی و پەژارە).
٦- لە زۆر باردا هەست بە گوناهباری دەکەن.
٧- کۆنترۆڵی توڕەبوونییەکانیان بۆ ناکرێت و کاتێک توڕە دەبن بەشێوەیەکی توند و نەگونجاو دەریدەبڕن.
٨- بوونی بیرۆکەی گومانگەرایی، یان بەتوندی دەرکەوتنی هەندێ نیشانەی وەک (لێگۆڕینی واقع، واتە کەسەکە هەست دەکات ئەوەی لەچواردەوری ڕوودەدات ڕاست نین، یاخود دابڕان (جیابوونەوە) لە خود، واتە کەسەکە هەست دەکات دابڕاوە لە جەستەی و لەدەرەوەی خۆیەتی).
تێبینی:
١- تێکڕا ڕێژەی بڵاوی پەشێوی کەسێتی ناجێگیری هەڵچوونی لە کۆمەڵگەدا لەنێوان (٢٪ – ٣٪).
٢- پەشێوی کەسێتی ناجێگیر زیاتر لەنێو ئافرەتاندا بڵاوترە بەڕێژەی دوو تا سێ هێندە بەراورد بە پیاوان.
٣- لەناو ئەوانەی خۆیان دەکوژن ڕێژەیەکیان ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتییان هەیە.
٤- تووشبووانی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی ئەگەر هەیە پەنا بۆ خۆکوشتن ببات، بێ ئەوەی پێشتر هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیەی بکات.
٥- لەناو خێزانی ئەو کەسانەی ئەم پەشێوییەی کەسێتییان هەیە ڕێژەی تێکچوونی مەزاژ و ئالوودەبوون بەرزە.
٦- ڕێژەی ئەم پەشێوییەی کەسێتی لەناو دایکانی تووشبووانی ئەمجۆرە لەپەشێوی کەسێتی بەرزە.
پەراوێز:
(١) پەشێوی خەمۆکی گەورە (MDD): ئەم پەشێوییە لە ساڵی (٢٠٠٨) لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەک سێیەم هۆکاری سەرەکی بارگرانی نەخۆشی لەسەرانسەری جیهاندا ڕیزبەندی کرا، ڕێکخراوی ناوبراو پێشبینی کردووە کە تا ساڵی (٢٠٣٠) ڕیزبەندی یەکەم دەگرێت، لە گرنگترین نیشانەکانی ئەم پەشێوییە، کەسەکە بەردەوام مەزاژی خەمۆک دەبێت، چێژ لە هیچ وەرناگرێت یاخود زۆر بە کەمی گرنگی بە چالاکییە چێژبەخشەکان دەدات، هەست بەگوناهباربوون، هەست بەبێ بەهایی خود، کەمبوونەوەی وزە، لاوازبوونی کۆسەرنج (ترکیز)، گۆڕانکاری لە ئارەزووی خواردن، تێکچوونی خەو، بیرۆکەی خۆکوژی.
بەگوێرەی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM – 5)، هەر کاتێک پێنج لەو نیشانانە لە کەسێکدا بوونی هەبوو، دەکرێت نەخۆشییەکەی بە خەمۆکی گەورە هەژمار بکرێت، بەجۆرێک دەبێت مەزاژە خەمۆکەکەی کەسەکە یان چێژوەرنەگرتنەکانی کاریگەری بکاتە سەر دابەزینی ئاستی کۆمەڵایەتی یان پیشەیی کەسەکە.
- دەروونناس