سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هۆشداریی ئەمریکا لەبارەی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ و مووچەی پێشمەرگە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی “هەژماری من”یان گوتووە، “ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن.”

ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.

تیمی پڕۆژەی “هەژماری من” لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، “هۆکاری ئەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە هاوکاریی پێشمەرگە ناکات، ئەوەیە کە ئەو دوو بانکە سیستمی بانکیی جیهانیدا نین، واتە ناتوانن دۆلار حەواڵە بکەن و دۆلاریشیان بۆ بێت.”

سەبارەت بە بەجێکردنی (تەوتینی) مووچە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی “هەژماری من”یان گوتووە، “چەند بانکێک لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت.”